دایە ئامینە قادری، دایکی شەهید لەتیف جەهانئارا، لە گوندی "گەنمان"ی سەر بە ناوچەی ڕەبەت, بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕۆژی سێشەممە ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، دایە ئامینە قادری، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست و دایکی شەهید لەتیف جەهانئارا، شەهیدی ڕێگەی ڕزگاری و سەربەستیی کوردستان، بەهۆی نەخۆشی و بە ساڵاچووییەوە لە گوندی گەنمان ماڵاوایی لە ژیان کرد و دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
شەهید لەتیف، پێشمەرگەیەکی ئازا، چاونەترس و پارتیزانێکی کارامەی حیزبی دێموکرات بوو کە جێپەنجەی لە زۆربەی چالاکییەکانی ناوچەی سەردەشت و ڕەبەت دیارە کە ڕۆژی ١٤ی ٣ی ١٣٦٥ی هەتاوی، لە کاتی جەولەی پێشمەرگەکانی لکی ٢ی "مینەشەم" لەسەر جادەی بانە بۆ سەردەشت لە نزیک دارساوێن، بەهۆی تۆپبارانی هێزەکانی ڕێژیم، شەهید لەتیف لەگەڵ هاوسەنگەرێکی دیکەی بە ناوی "کەریم مەکڵاوەیی" گیانی پیرۆزیان فیدای ئازادی و ڕزگاریی گەلەکەیان کرد و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی حیزب و گەل بوون.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی دایە ئامینە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە، کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.