ئارام کەیخوسرەوی
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ لە درێژاییی مێژوودا فەرهەنگ بووە. هیچ مرۆڤێک یان هیچ کۆمەڵە خەڵکێک لە دنیا و بەدرێژایی مێژوودا شک نابەین کە خاوەنی فەرهەنگ و کولتووری تایبەت بە خۆیان نەبن. مەبەست لە فەرهەنگ لێرەدا زمان، ئاکار، هەڵسوکەوت، نەریت، جلوبەرگ و چۆنیەتیی ڕوانینه بە نیسبەت سروشت و دنیا. فۆلکلۆر، مێژووی زارەکی، ئەدەبیات، چیرۆک و تەنانەت مۆسیقای هەر نەتەوە یان کۆمەڵە خەڵکێک ئاوێنەی فەرهەنگ و کولتووری ئەو نەتەوە و خەڵکانەیە. بە ئاوڕدانەوەیەک لە فۆلکلۆر و ئەدەبی زارەکی و مۆسیقای کوردی دەتوانین زۆر خاڵی تایبەت لەمەڕ چۆنیەتیی تێگەیشتنی مرۆڤی کورد لە خۆی، ژیان و دنیا فام بکەین. ئەوەی لێرە دەتوانم وەک ئیددیعایەک ئاماژەی پێ بدەم ژیاندۆستیی مرۆڤی کورد بووە کە ڕەنگدانەوەی ئەم ژیاندۆستییە لە فۆلکلۆر و وێژەی کوردیدا دەبینین.
مرۆڤویستی هەتاهەتاییبوون لە هەناویدا هەیە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دڵنیایە بە مەرگی خۆی. ئەم دژوازییە هۆکارێکە تا مرۆڤ بە دووی ڕێگایەک بێت تاکوو بتوانێت بەسەر ئەم دژوازییەدا زاڵ ببێت و بژیت. بە ئاوڕدانەوەیەک لە مرۆڤی کورد دەتوانین بڵێین مرۆڤی کورد ئەمەی لە ژیاندۆستییەوە دۆزیوەتەوە. ژیاندۆستی بە مانای ئەرێگوتن بە ژیانه بە هەموو تەنگ و چەڵەمە و ڕەنج و نەهامەتییەکانییەوە. سەرمەستی، شادی، مۆسیقا و تەنانەت هەڵپەڕکێی کوردی جۆرێک وەڵامدانەوەیە بەم دژوازییە و ڕەنج و سەختییەکانی ژیان.
لە بزاڤی سیاسیی کوردستاندا دیسان دەتوانین ڕەگ و ڕیشەی ئەم ژیاندۆستییە دەرهاوێژین. بزاڤی سیاسیی کوردستان لە هەر چوار بەشەکەیدا مێژوویەکی خوێناوی و سووری بووە. دەیان و هەزاران لاوی خوێنگەرمی کورد بە کچ و کوڕەوە بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی وڵاتەکەیان غەرقی خوێن کراون. بەڵام بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان لە هیچ قۆناخێکدا مەرگ و کوشتنی نەلاواندووەتەوە. مژاری سەرەکیی ئەم بزووتنەوەیە ڕزگاری و ئازادیی کوردستان بووە، بۆیە ئەم گوتارە بەرهەمهێنەری تاکێکی مەرگدۆست لە ڕێگای سەربەستیی وڵات نەبووە. هیچ تاکێک بۆ مەرگ ئاوێتەی ئەم بزاڤە نەبووە. هیچ ئامانجێک بێجگە لە سەربەستی و ئازادیی وڵات بایەخ و ئێژایی نەبووە و نییە. ڕەنگە باشترین پێناسە بۆ ئەم ڕوانگەیە ئەم گوتەیەی دوکتور قاسملوو بێت کە دەفەرموێ: «شۆڕش ناراحەتبوونی ناوێت، ئێمە بۆ ئەوەی شەهید ببین تەڤلی شۆڕش نابین و شەهیدبوونیش بۆمان ئارمان نییە. ئێمە لە کاتی شۆڕشدا بۆ ژیان بیر دەکەینەوە و بۆ ژیان تێدەکۆشین، هەرچەند لەم ڕێگەیەشدا شەهیدیش دەدەین و هاوڕێیانیشمان بەجێمان دەهێڵن، بەڵام تەواوی تێکۆشانی ئێمە بۆ ژیانکردنە و بۆ ژیانکردنیش دەمێنێت."
کەوا بوو بزاڤی سیاسیی کوردستان پێش لە هەموو شتێک بزاڤێکی جیهانی و سیکۆلار و ژیاندۆستە. سروشتییە کە لەم ڕێگایەدا مەرگ و کوشتن لە بۆسەی شۆڕشگێڕاندا بێت و شەهید بکرێن و شەهیدان ببن بە بەشێک لە پیرۆزییەکانی ئەم ڕێبازە. بەڵام ئەوە جیاوازیی زۆری هەیە لەتەک بەپیرۆزکردنی خودی مەرگ. زۆربەی ئەوانەی هاتوونەتە کوردستان تا شۆڕشگێڕانی کورد سەرکوت بکەن، هاتوون تا لەو ڕێگایەدا بکوژرێن، واتە بۆ ئامانجێکی ئەوجیهانی و مێتافیزیکی. کوژران ئاوات و بزوێنەری ئەوان بووە. لوتکەی ئەو ڕێبازە لە فەتوای "خومەینی" دژ بە خەڵکی کوردستان دەردەکەوێت، کە لەوێدا بە لێشاو خەڵکی ئێران بۆ کوژران یان بەو جۆرەی کە لە ئەدەبیاتی خۆیان باوە بۆ شەهیدبوون بەرەو کوردستان وەڕێکەوتبوون. ئەگەر واوەتر بچین دەتوانین بڵێین شەڕی ئێمە و داگیرکەرانی کوردستان شەڕی دوو فەرهەنگ و کولتوورە، واتە شەڕی ژیان و مەرگ.
ئەم کولتوورە ژیاندۆستەیە کە «ژن، ژیان، ئازادی» لە هەناویدا بەرهەم دێت، دروشمێک کە پاژێکی سەرەکی بۆ ژیان تەرخان دەکات؛ بەڵام دیسان کولتووری بەرامبەر، کولتوورێک کە سەدان ساڵە دەیەوێت خۆی بەسەر کوردستان بسەپێنێت ناتوانێت ژن، ژیان، ئازادی قەبووڵ بکات و لەباتی ئەمە «مرد، میهن، آبادی» دادەنێت. لێرەش دیسان جیاوازیی ئەم دوو کولتوورە بە ڕوونی دەردەکەوێت. بەڵام پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە: مەبەست چ ژیانێکە و کورد وەدووی کامە ژیانە؟
دوکتور قاسملوو لە گوتەیەکدا لەبارەی خەباتی گەلی کورد دەڵێت: «ئێمە بۆ ژیانێکی باشتر خەبات دەکەین.» تێگەیشتن لە ئەم «باشترە» لەوانەیە وەڵامی پرسیارەکەی ئەم وتارەشی لێ بکەوێتەوە.
یۆنانییەکان وشەیەکی یەکەیان بۆ «ژیان» نەبوو. ئەوان لە دوو وشە بۆ ژیان کەڵکیان وەردەگرت. وشەی «zoe» و «bios» کە یەکەمیان ئاماژە بوو بە ژیانی ئاسایی و گیانداربوونی گیانلەبەران کە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا هاوبەش بوو. ئەم جۆرە لە ژیانە تایبەت بە کەتواری بایلۆجیکی هەر گیانلەبەرێکەوە بوو. بەڵام جۆری دووهەمی ژیان، شێوازێکی باشتر و گونجاوتر بۆ تاک یان کۆمەڵە کەسێک بوو. بیرمەندانی یۆنانی کاتێک باسیان لە ژیان دەکرد ئاوڕیان لە ژیان بە مانای «zoe» نەئەداوە. ئەم شێوە ژیانە واتە ژیانی سروشتیی پەتی لە پانتاییی گشتی وەدەرنرابوو و تەنیا قەتیس کرابووەوە بۆ ماڵ. بایۆس ئەو شێوە ژیانە بوو کە تەنیا تایبەت بە هاووڵاتییانی پۆلیس (دەوڵەت-شار) بوو. کۆیلەکان چون گیرۆدەی پێداویستییەکانی ژیانن مافی بەشداری لە پۆلیسیان نەبوو، واتە کۆیلە تەنیا خاوەنی ژیانێکی بایۆلۆجیکی بوو وەک هەر گیانلەبەر و ئاژەڵێکی تر.
دواتر "هانا ئارێنت" ژیانی کرداریی مرۆڤ بەسەر سێ چالاکیدا دابەش دەکات کە بریتین لە: ١- زەحمەت (labor) ٢- کار (work) ٣- کردار .(action) زەحمەت پێوەندی بە بازنەی بایۆلۆجیکی مرۆڤ و هەموو گیانلەبەرانەوە هەیە. ئەم چالاکییە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پێداویستییەکانی ژیان هەیە. مرۆڤ لەم ئاستەدا ئازاد نییە و گیرۆدەی پێداویستییەکانی ژیانە. لە یۆنانی کۆنیشدا تەنیا ئەوانەی هاووڵاتی بوون و لە پانتایی گشتی ئامادە بوون کە گیرۆدەی بازنەی بایۆلۆجیکی واتە پێداویستییەکانی ژیان نەبوون. ئەم بازنە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ هاوبەشە، واتە ئاژەڵیش پێویستیی بایۆلۆجیکی هەیە، بۆیە بە وتەی ئارێنت مرۆڤ لەم ئاستەدا لە پەستترین ئاستی خۆیدایە.
چییەتی مرۆڤ لە کرداردا خۆی دەردەخات، مرۆڤێک کە گیرۆدەی پێداویستییەکانی ژیانی نییە و ئازادە. بۆیە کردار و ئازادی پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان پێکەوە هەیە. ئەوەی دێتە پانتاییی گشتییەوە ئازادە و توانایی کرداری هەیە، واتە داهێنان، زمان، وتووێژ و لە هەموو گرنگتر دەستپێکردنی شتی نوێ (آغازیدن)، چونکە بە گوتەی ئارێنت، دەستپێکردن یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤە. لەم ئاستەدا مرۆڤ دەتوانێت قسەکەر بێت و دەتوانێت هەمیشەییبوونی خۆی مسۆگەر بکات؛ بەپێچەوانەی ئاستی زەحمەت کە مرۆڤ بچووک دەکرێتەوە و لە مرۆڤبوون خاڵی دەکرێت و لەگەڵ ئاژەڵدا هاوسەنگ دەکرێت. وەک چۆن بە ئاژەڵێک دەڵێین بێزمان، مرۆڤ لە ئاستی زەحمەتدا دەبێتە بێزمانێک، کەسێک کە زمانی قسەکردن، وتووێژکردن و داهێنان و هتدی لێ دەستێنرێت و تەنیا دەبێتە گیانلەبەرێک کە گیرۆدەی پێداویستییه بایۆلۆجییەکانییەتی.
مرۆڤبوونی مرۆڤ، تەنیا لە ئاستی کرداردا خۆی دەردەخات. کار ڕەهەندی سازێنەری مرۆڤ دەردەخات. هەموو بەرهەمەکانی مرۆڤ، لە پیشەسازییەوە تا بەرهەمی هونەری، بەرهەمی «کار»ی مرۆڤن. بەرهەمێک کە لە ئاکامی کاردا چێ دەبێت بەپێچەوانەی ئەو بەرهەمەی کە لە ئاکامی زەحمەت بەرهەم دێت، تەمەنێکی زۆرتری هەیە. ئارێنت جیاوازی دادەنێت لە نێوان دوو وشەی «مەسرەف» و «کەڵک». بەرهەمی زەحمەت مەسرەف دەبێت، بەڵام بەرهەمی کار کەڵکی لێ وەردەگیرێت و زۆر جار تەمەنی بەرهەمەکە لە تەمەنی سازێنەرەکەی زۆرترە.
بەڵام بە گوتەی ئارێنت بەرزترین ئاستی چالاکیی مرۆڤ، کردارە. کردار پێوەندی بە فرەیییەوە هەیە؛ واته بەم ئەسڵەی کە بە گوتەی ئارێنت، جیهان جیهانی مرۆڤەکانە نە مرۆڤ. بۆیە کردار لە پانتاییی گشتیدا ڕوو دەدات. دوو تایبەتمەندیی ئەم ئاستە لە چالاکیی مرۆڤ بریتین لە کردەوە و پەیڤ. ئەمەش تەنیا بە بوون لەگەڵ مرۆڤانی تردا مسۆگەر دەبێت. بە گوتەی ئارێنت، "مرۆڤەکان دەتوانن بەبێ زەحمەت بژین یان کەسانی تر ڕاسپێرین لەباتی ئەوان زەحمەت بکێشن و دەتوانن سازێنەریش نەبن، بەڵام ژیانی بە بێکردەوە و پەیڤ ئیتر ژیانی مرۆیی نییە، چونکە ئیتر لە نێو مرۆڤگەلێکی تردا تێپەڕ نابێت."
لە زمانی ڕوومیدا بەڕوونی ئاماژە بەم فرەییە و بەم شێوە ژیانە کراوە. واتە «ژیان» و «لە نێو مرۆڤگەڵی تر بوون» یان «مردن» و «لە نێو مرۆڤگەلی تردا نەبوون» بە یەک واتا بە کاردەهێنرا. تەنیا لە ئاستی کرداردایە کە مرۆڤ دەتوانێت کێیەتیی خۆی دەربخات و دەتوانێت دەستپێکەری شتی نوێ لە جیهان بێت.
ئەوەی ڕوونە لە مێژووی هاوچەرخی کورددا مرۆڤی کورد بەردەوام وەدووی ئەوەدا بووە تا قەتیس نەکرێتەوە سەر بازنەی بایۆلۆجیکی و خۆی وەک مرۆڤێکی خاوەن کەرامەت و بە هەموو تایبەتمەندییە مرۆیییەکانەوە دەربخات. دامەزراندنی حیزب و ڕێکخراوە، کاری هاوبەش و هەرەوەز و گرنگیدان بە پرسی ژینگە و تەنانەت مانگرتن و کۆچی سیاسی و هتد بەشێک بووە لە هەوڵی کورد بۆ ئەم مەبەستە. هەر بۆیەش بەردەوام ئێمە لە کوردستاندا مرۆڤێک دەبینین کە مرۆڤێکی خاوەن کردەوە یان مرۆڤێکی سیاسییە کە نایەوێت قەتیس بکرێتەوە سەر ژیانی بایۆلۆجیکی. بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەوڵی داگیرکەرانی کوردستان قەتیسکردنی مرۆڤی کوردە لە نێو ژیانی بایۆلۆجیکی، ژیانێک کە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا هاوبەشە.
پەرەگرتنی دیاردەی کۆڵبەری لە کوردستان بە پیلانی داگیرکەران قەتیسکردنەوەی تاکی کوردە لەم بازنە بایۆلۆجیکییە. واتە جێگۆرگێکردنی مرۆڤێکی سیاسی بە مرۆڤێکی زەحمەتکێش بە واتا ئارێنتییەکەی بۆیە پرۆسەی بە کۆڵبەرکردنی کورد پرۆسەی لە مرۆڤ خستنە. واتە بەرهەمهێنانی تاکێک کە تەنیا یەک ژیانی هەیە و ئەویش ژیانی بایۆلۆجیکییە، نە دەستپێکەرە و نە زمانی قسە و پەیڤی هەیە، نە داهێنەرە، تەنیا هەناسەدانی هەیه و لە بازنەی بایۆلۆجیکیدا دەسووڕێتەوە، بۆیە مەرگیشی ئیتر مەرگی مرۆڤێکی تەواو نییە و بە ڕەحەتی دەکوژرێت.
لێرە دەزانین کە ئەو پاشگری «باشترە» کە دوکتور قاسملوو لە دەستەواژەی «ژیانێکی باشتر»دا کەڵکی لێ وەردەگرێت دەتوانێت ئاماژەیەک بێت بۆ ژیانێکی سەردەمیانە کە تایبەتی مرۆڤێکە کە بە گوتەی ئارێنت لە بەرزترین ئاستی چالاکیدایە و نێوی کرداری لێ دەنێت، واتە ئەو ئاستە کە مرۆڤبوونی مرۆڤ بە تەواوی خۆی دەردەخات. هەر بۆیەش لە بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە ڕەهەندێکەوە دەتوانین بڵێین گەڕانەوەی مرۆڤی کورد بوو بۆ ڕستەکەی قاسملوو کە خەباتی گەڵی کوردی خەبات بۆ ژیانێکی باشتر پێناسە کردبوو. واتە بە لەونێکدا ئەم بزووتنەوە بەرسڤێک بوو بۆ پرۆسەی لە مرۆڤ خستنی کورد و هاتنە ڕۆژەڤی دووبارەی مرۆڤی سیاسی لە کوردستان کە بە دووی ژیانێکی باشتر و سەردەمیانەوەیە.