کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەژێر ساباتی هاوگوتاریی گەلاندا

20:25 - 20 خەرمانان 2723

ئەمیر باباخانی

ڕەنگە زێدەڕەوی نەبێ ئەگەر بڵێین ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەئارادایە، لەوانەیە لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی جیهان بە گشتی و لەم ناوچەیە بەتایبەتی بێنێتە ئاراوە. جموجۆڵ و گەڕانەوەی سەرلەنوێی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ بەرگرتن بە سیاسەتەکانی چین و ڕووسیە و دوورکردنەوەی وڵاتانی کەنداو لەم دوو وڵاتە، ڕکەبەریی نابەرهەستی چین و ڕووسیە لە ناوچەدا، ئەگەری نیزیکبوونەوەی زیاتری ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی دەنگۆی ئاسایی‌بوونەوەی پەیوەندەییەکان لەگەڵ عەرەبستان، پڕۆژە ئابووری و چەکدارییەکانی وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی عەرەبستان و ئەمارات، تەریک‌خستنەوە و ئیزۆلەکردنی زیاتری کۆماری ئیسلامی ئێران، دەوری ئەفغانستانی تاڵەبان و... ئەمانە هەموو نیشاندەری ئەوەن تەکوزییەکی نوێ لەم ناوچەیە بەڕێوەیە و بەتایبەتی لێکەوتەکانی بۆ دواڕۆژی هەندێ وڵات دەتوانێ زۆر گرینگ بێ.
ئەوەمان لەبیرمان نەچێ سیاسەت ڕێک ئەو شوێنەیە کە ڕووداوە چاوەڕواننەکراوەکان و پێشهاتە سەیروسەمەرەکان لێی ڕوو دەدەن! بۆ وێنە ئەگەر لە وڵاتێکی وەک ئێران هەندێ لە نەتەوەکان بە هومێد و هەستیارییەوە لە جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕەکان دەڕوانن، بەرهەمی خوێندنەوەی دۆخەکە و ئەگەری هاتنەئارای ڕووداوی چاوەڕواننەکراوە. بەڵام هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و هیوای وەدیهاتنی دۆخێکی نوێ، لایەنێکی تریش بە شێوەیەکی هاوتەریب نیگەرانی ئەم ئاڵوگۆڕانەیە کە تەواو ڕوانینێکی شۆڤێنیستیشی پێوە دیارە و قەزائەن ئەم دەنگانە لەلایەن چینی دەسەڵاتدارەوە دەبیسرێ کە تەنانەت ئەوەندە ڕادیکاڵە کە خۆی لە قەرەی توندوتیژی دەدا و ڕێک ئەم توندوتیژییە دەگوازێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگە!
بۆ وێنە لە کۆمەڵگەیەکی ئیستبدادلێدراوی وەک ئێران، دەسەڵاتی فاشیستی لانی‌کەم لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا خۆی بە سەر هەموو بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووری و تەنانەت ئەخلاقییەکانیشدا سەپاندووە بە مەبەستی سازکردنی کۆمەڵگەیەکی داخراو لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵی پۆلیسییەوە! نموونەی هەرەزیندووی ئەم دواییە "طرح حجاب و عفاف"ە بەدژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بۆ کۆنتڕۆڵی ژنانی ڕاپەڕیو لەم وڵاتەدا.
ئیستبداد وەها چۆتە نێو تان‌وپۆی کۆمەڵگەوە کە تاک و گرووپەکانی دەرەوەی نیزامی سیاسی لەڕاستیدا هیچ کارەن و هیچ چەشنە ئازادی و دەسەڵاتێکیان لە بڕیاردان و جێ‌بەجێ‌کردندا نییە. دیارە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەسەڵاتی سیاسیی ئێران لەسەر دوو تەوەری زمانی فارسی و نەتەوەپەرەستی کەونینیەخوازی و هەروەها ئایینزای شیعە دامەزراوە، هەرگیز باوەڕی بە هاوبەشی سیاسی گرووپە نەتەوەیی و ئێتنیکییەکان بە مانا هانا ئارێنتییەکەی نەبووە. ئەمەش ڕێک هەمان ڕوخساری ڕاستەقینەی فاشیزمە کە لەم ساتەوەختەی ئێستادا بۆ سەرجەم گەلانی ئێران دەرکەوتووە، ئەوەی دەمێک ساڵە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لێی لە هەڵڵا داوە، سەیرەکە لەوەدایە ئەو فاشیزمە لەنێو بەناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش‌ شەپۆلان دەدا.
دیارە داهاتووی پرسی کورد بە داهاتووی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژی گرێ دراوە و بێ‌گومان دۆزینەوەی ڕێگاچارەکان لەسەر بنەمای ئازادی، دێموکراسی و پلۆرالیزم دەبێتە هۆی تۆختربوونەوەی دەوری سەرجەم نەتەوەکانی نێو جوغرافیای ئێران بۆ گەیشتن بە مافەکانیان و بەشداری لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا. بۆیە ئاشکرایە هەر ڕێگاچارەیەکی تر کە مافی نەتەوەکان لە ئێران بە فەرمی نەنانسێ، شانسی سەرکەوتنی نابێ. بۆ دەرچوون لەو قەیرانە مێژووییە و پێشگیری لە ڕوودانی توندوتیژییەکانی داهاتوو، باشترین ڕێگا ئەوەیە کە لەسەر ئەو سێ بنەمایەی باسم لێوە کرد، واتە ئازادی، دێموکراسی و پلۆرالیزم دان بە هەر دوو "مافی نەتەوەیی" و "مافی شارۆمەندی"ی گەلان دابندرێ.
پێداگریی هاوکات لەسەر مافی نەتەوەیی و مافی شارۆمەندی بۆیە بۆ نەتەوەکان گرینگە، چون تەنیا دابینکردنی مافی شارۆمەندی کە لەسەر بنەمای دێموکراسی پێک‌دێ، گەرەنتییەک بۆ مافی نەتەوەیی نییە. تەنانەت بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە تاراوگە هەر پێداگری لەسەر مافی شارۆمەندی دەکا و بە هیچ کلۆجێ پێمل بە مافە نەتەوایەتییەکانی نابێ. لەڕاستیدا دژایەتیی ئەوان بۆ وێنە لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کوردی دەگەڕێتەوە سەر ئەوە کە ئەوان نایانهەوێ کورد وەک نەتەوە هاوشانی نەتەوەی باڵادەست بێ و بەگشتی خاوەنی جێگەوپێگەیەکی هاوشانی نەتەوەکانی تر!

دیارە نەتەوەی کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەت، بەشێکی بەرچاوی حەولەکەی بۆ وەدەست‌خستنی سەروەریی سیاسی و دیاریکردنی مافی چارەنووس بووە، هەرچەند دۆخی ژێئۆپۆلیتیکی کوردستان، دابەشبوونی لەنێو چوار وڵات و تەکوزی نێونەتەوەیی (نظم بین‌الملل) وەک بەربەستی ناسیۆنالیزمی کوردی دێنە ئەژمار، بەڵام ئەم ناسیۆنالیزمە تا ئەمڕۆ هەربەردەوام بووە و ئێستا وەک ناسیۆنالیزمێکی گەشەسەندوو پێناسە دەکرێ.
لەلایەکی تریشەوە لەنێو ئێران وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە ئەوەی لەباری کردەوەییەوە - بەدەر لە دروشم - لانی‌کەم لەم قۆناغەدا دەتوانێ سەروەریی سیاسی بۆ کورد دابین بکا، قەوارەیەکی فیدڕاڵییە بۆ ئەم وڵاتە! ڕەنگە لەم مەجالە کورتەدا دەرفەتی شەن‌وکەوی ڕەهەندە هەمەجۆرەکانی فیدڕاڵیزم نەبێ، بەڵام بە حوکمی ئەو پتانسییەلە لەناخداهەڵگرەی هەیەتی دەتوانێ لە دواڕۆژدا زۆربەی گرفتەکان بەتایبەتی ئەو شوێنانەی لەباری دێموگرافیییەوە کێشەیان لەسەرە، چارەسەر بکا. ئەگەرچی کورد دەمێک ساڵە باس لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی دەکا و بە وتەی شەهید دوکتور قاسملوو خودموختاری، فیدڕالیزم، کۆنفێدڕالیزم و دواجار سەربەخۆیی دەتوانێ یەکێک لە قالبەکانی چارەنووس بێ، بەڵام کورد لەم قۆناغە زەمەنییەدا بەم ئاکامە گەیوە کە فیدڕاڵیزم دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ چارەسەری پرسەکەی!
لەم نێوەدا هەرچەند وێدەچێ کە زۆربەی خەڵکانی سەر بە نەتەوەکانی تر هاوڕاییەکی زیاتریان لەگەڵ فیدڕاڵیزم هەیە بەڵام ئەو ڕەوتانەی خاوەن دەسەڵات بوون هەر لە سەردەمی پاشایەتی‌ڕا تا سەردەمی کۆماری ئیسلامی دژی هەر چەشنە چەندبنەکی‌کردنی دەسەڵات و دژی پلۆرالیزم بوون. تەنانەت لەنێو بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی فارسیشدا تێزی یەک نەتەوە و یەک زمان بە دژی فرەنەتەوەیی بوون لە لایەن ئەوانەوە هێڵی سوورە، بۆیە ئەوان زۆرترین دژایەتییان لەگەڵ گەلی کوردە!
بێ‌گومان ئۆپوزیسیۆنی کوردی بە حوکمی مێژوویەکی دوورودرێژ لە خەبات و بوونی ژێرخانی فکری و هەروەها ڕێکخراوەیی، نوێنەرایەتی نەتەوەی کوردی لە تەواوی ئەم ساڵانەدا لەسەر شان بووە و بێ‌گومان جیددی‌ترین ئۆپۆزیسیۆنە لە ئێران و هیچ هاوکێشەیەکی سیاسی بەبێ کورد چارەسەری یەکجارەکی بۆ ناکرێ.
ڕاستە لە ماوەی شۆڕشی ژینادا دەکرێ بڵێین جۆرێ لە وشیاری سیاسی و بوێریی کۆمەڵایەتی لە سەرانسەری ئێراندا خۆدەنوێنێ بەتایبەتی گەلانی بندەست نقورچکێکی نەتەوەخوازی ڕایپەڕاندوون، بەڵام لە هێڵی یەکەمی شەڕ لەگەڵ فاشیزمی پاشایی‌خواز و فاشیزمی مەزەبی، تەنانەت بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی بەناو چەپ و دێموکراسی‌خوازی ئێرانی دژی مافی نەتەوەکان، ئەوە کوردە کە سەنگەری چۆڵ نەکردووە!
لەمپەری سەرەکی لەبەردەم وڵاتانی فرەنەتەوە، بوونی جۆرێ لە باوەڕی هەڵەیە کە ساڵەهای ساڵە لەلایەن دەسەڵاتەوە بە گوێی خەڵک‌ دادراوە. ئەم خۆبەزلزانی بێ‌بنەمایە مێژووی بۆ سازکراوە، کولتووری بۆ دابین کراوە، تا ئاستی پیرۆزی بەرز کراوەتەوە جا چ شا بووبێ چ ئاخوند. دەکرێ بڵێین جۆرێ لە قودسییەتی بۆ زمان و کلتوور و مێژوو و ئەدەب و هونەری نەتەوەی باڵادەست ساز کردووە و دەسەڵاتی سیاسی بە سەر نەتەوەکانی تردا زاڵی کردووە. ئەم جۆرە تایبەتە لە فاشیزم خاڵی هاوبەشی تەنانەت بیرۆکە بەڕواڵەت دژبەیەکەکانیشە. وەک ئاماژەم پێ کرد پاشایخوازەکان و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆمارییە نەتەوەخوازەکان لەم پنتەڕا یەک دەگرن و ئاماڵ‌گوتارێکی هاوبەش لە نێوانیاندا ساز دەبێ کە یەکێ لە کلیل‌وشە سەرەکییەکانی "تمامییت ارضی"یە کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا بۆتە کۆدی سەرکوتی نەتەوەکانی تر، بەتایبەتی نەتەوەی کورد.
ئەگەر بگەڕێمەوە سەرەتای وتارەکە، دەکرێ ئاواتی ئەوە بخوازم کە کورد بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی وردی دۆخەکە و بە حوکمی ئەو پتانسییەلەی هەیەتی چ لە ڕووی هێزی مرۆییەوە (هێزی خەڵک لە نێوخۆ و لە دەرەوەی وڵات)، چ لە ڕووی پاشخانی فکرییەوە (گوتاری بزووتنەوەی نەتەوەیی) و چ لە ڕووی توانایی بە ئۆرگانیزەبوونی (حیزبە سیاسییەکانی کوردستان) ببێ بە خوڵقێنەری گوتارێک کە سەرجەم نەتەوەکانی تریش لەخۆ بگرێ. ئەگینا جگە لە سازدانی گوتاری هاوبەش لەگەڵ سەرجەم نەتەوەکانی تری ئێران هیچ ئاڵترناتیوێکی تر لەگۆڕێ‌دا نییە بەدژی فاشیزمی کۆماری ئیسلامی یان فاشیزمی پەهلەوی. بۆیە کورد وەک بەهێزترین ئۆپۆزیسیۆن پشکی شیری بەردەکەوێ بۆ سازدانی ئەم کەپر و ساباتی هاوگوتاریی گەلان!