کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینانی موخابرات لە ١٢ پارێزگای ئێران

09:57 - 21 خەرمانان 2723

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینانی موخابرات لە چەندین پارێزگای کوردستان و ئێران بەرامبەر بە بارودۆخی نالەباری ژیانیان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٢، کۆمەڵێک لە خانەنشینانی شیرکەتی موخابرات لە پارێزگاکانی "سنە، خوراسانی ڕەزەوی، لوڕستان، گیلان، زەنجان، هەمەدان، هۆرمۆزگان، تاران، فارس، چوارمەحاڵ و بەختیاری، ئیسفەهان و خوزستان"، لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە وڵامنەدانەوە بە داواکارییەکانیان، وەکوو دووشەممەکانی حەوتووەکانی ڕابردوو، لەبەردەم شیرکەتی موخابرات لە ناوەندی پارێزگاکانی خۆیان کۆ بوونەوە.

خانەنشینانی ناڕازی لە پارێزگاکانی ئاماژەپێکراو، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە وڵامنەدانەوە بە داواکارییەکانیان، لەوانە "جێبەجێکردنی تەواوی ڕێساکانی کارمەندان، دامەزراندنی ساڵی ١٣٨٩، نەهێشتنی کێشەکانی بیمەی تەندروستی و پێدانی تەواوی مووچەی دواکەوتوویان دوای ١٣ ساڵ"، گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەکانیان بوون.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانان، کۆمەڵێک لە خانەنشینانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم لە ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر "وڵامنەدانەوە بە داواکارییەکانیان، جێبەجێنەکردنی یەکسانکردنی مووچەی خانەنشینان و باشترنەکردنی بارودۆخی تەندروستی"، لەبەردەم مزگەوتی بیلالی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم لە تاران گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

شایانی باسە کە لە درێژەی مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاران لە ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەرمانان، کرێکارانی پاڵاوتگەی "ئادیشی جنوبی" لە ناڕەزایەتی لە بەرامبەر پێنەدانی مووچەی ٤ مانگیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و مانیان گرت.