کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نێوان پارتی سۆسیالیستی کوردستان- باکوور و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

10:02 - 21 خەرمانان 2723

شاندێکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان- باکوور و شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دیدارێکیان پێک هێنا.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ خەرمانان بەرابەر لەگەڵ ١١ی سێپتامبر، شاندێکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان- باکوور بە سەرپەرستیی بەڕێز بایرام بۆزیل، سەرۆکی گشتیی ئەو پارتە، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لەلایەن شاندی حیزب بە سەرپەرستیی بەڕێز مستەفا مەولوودی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبەوە، پێشوازییان لێ کرا.
لەم دیدارەدا دوای لێكدانەوەی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و بەتایبەت دوژمنكاریی كۆماری ئیسلامی لەگەل هەرێمی كوردستان و هەڕەشەكانی لە حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، پێداگری لەسەر هاوهەڵوێستی و یەكڕیزیی حیزب و لایەنە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی كوردستان كرایەوە، بەتایبەت لە بەرەبەری ساڵڤەگەڕی ڕاپەرینی ژینادا. 
شاندی میوان جێگە و پێگەی حیزبی دێموكراتی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد و هەست بە بەرپرسیارەتیکردنی ڕێبەریی حیزب لە قۆناغی ئێستادا بۆ تەبایی و یەكڕیزیی بەرز نرخاند.
لە کۆتایی دیدارەكەدا هەر دوو لایەن لەسەر بەردەوامیی پێوەندی و هاوكاریی نیوانیان پێداگرییان كردەوە.