کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی نوینەرانی ئەمریکا گەڵاڵەی ''یاسای ژینا ئەمینی''ی پەسەند کرد

09:58 - 22 خەرمانان 2723

مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا، بە کۆی دەنگ، گەڵاڵەی دوو حیزبیی "یاسای ژینا ئەمینی"ی پەسەند کرد، ئەم گەڵاڵەیە بە ٤١٠ دەنگی ئەرێنی  و ٣ دەنگی نەرێنی پەسەند کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەرمانان، مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا، گەڵاڵەی ''یاسای ژینا ئەمینی''ی پەسەند کرد و بەو پێیە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لەوانە عەلی خامنەیی بەهۆی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ تەحریم دەکات.

ئەم گەڵاڵەیە سەرۆککۆماری ئەمریکا پابەند دەکات کە دژی هێندێک لە کەسانی بیانیی پێوەندیدار بە ڕێژیمی ئێران فەرمانی قەدەغەکردنی ڤیزا دەربکات و داراییەکانیان ڕابگرێت.

 هەروەها سەرۆککۆماری ئەمریکا پێویستە جارجار بۆ سزای جۆراوجۆر بەسەر عەلی خامنەیی و ئەندامانی نووسینگەکەی، سەرۆککۆماری ئێران و ئەندامانی نووسینگەکەی و ئەو دامەزراوانەی ژێر فەرماندەیی عەلی خامنەیی کە ڕۆڵیان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەنجامدانی چالاکیی تێرۆریستیدا هەبووە بڕیار دەربکات.

لە بەشێکی ئەم گەڵاڵەیەدا هاتووە: "ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی تەواوی بەسەر دەزگاکانی قەزایی و ئەمنییەتی لەوانە وەزارەتی ئیتلاعات، سپای پاسداران، بەسیج و هەموو ئەو دامودەزگایانەی کە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران تێوەگلاون، هەیە."

مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەدا پلانی مامەڵەکردن لەگەڵ هەناردەکردنی مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێرانیشی پەسەند کرد. ئەم پلانە داوا لە سەرۆککۆماری ئەمریکا دەکات سزا بەسەر کەس و دامەزراوە بیانییەکاندا کە لە پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بەشدارن، دابنێت و دەست بەسەر سەروەت و سامانەکانیاندا بگرێت.