ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە چەند شار و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژینا، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی بەئەمەگ و چاونەترسی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی مەهاباد، پیرانشار، ورمێ، شنۆ و سەقز بەبۆنەی ٢٥ی خەرمانان ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لە شۆڕش و مانگرتن و سەرهەڵدان دژی ڕێژیم ڕاگەیاند.
هەروەها تێکۆشەرانی دێموکرات پشتیوانیی خۆیان لە بانگەوازی ٦ حیزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتن و چوون بۆ سەر گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا ڕاگەیاند.
ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: ''مەهاباد، گوندەکانی دەرمان، قزلجە و کولیجە؛ پیرانشار گوندی زەنگیاوێ و دەوروبەری؛ ورمێ، شاردەێی دزە، گەلی قاسملوو و گوندەکانی دەلو، دەربەند، شەیتانئاوا و هەروەها شاری شنۆ.''
لەلایەکی ترەوە ئەندامانی حیزبی دێموکرات بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ٢٦ی خەرمانان، دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، لە گوندی مەرخوز لە سەقز چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.