کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵک، هێزی سەربازیی ڕەوانەی شارەکانی کوردستان کردووە

11:27 - 22 خەرمانان 2723

لە بەرەبەری ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژینا، هەروەها دوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازی ٦ حیزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی و پشتیوانیی خەڵک لەو بانگەوازە، ڕێژیمی ئێران هێزی سەربازیی ڕەوانەی شارەکانی کوردستان کردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ترسی ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان لە ٢٥ی خەرمانان، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەسپێکی شۆڕشی ژینا، هێزی زۆری سەربازیی بە چەکوچۆڵی سووک و نیوەقورس ڕەوانەی شارەکانی کوردستان کردووە و دۆخێکی میلیتاریستیی پێک هێناوە.
ناردنی کاروانی سەربازی بۆ شارەکانی کوردستان لە حاڵێکدایە کە خەڵکی کوردستان لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا بە پێشوازیکردن لە بانگەوازی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتی لە ٢٥ی خەرمانان، بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی و بڵاوکردنەوەی پەیامی جۆراجۆر، بە ورەیەکی بەرزەوە ڕایانگەیاندووە کە درێژە بە شۆڕش دەدەن و هیچ هێزێک ناتوانێت دەنگی ئازادیخوازییان کپ بکات.
جێگەی ئاماژەیە ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان، ٦ حیزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بانگەوازێکیان بۆ مانگرتن و چوون بۆ سەر گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا ڕوو بە خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان بڵاو کردەوە کە لەو ڕۆژەدا دیسان دەنگی ئازادیخوازیی خۆیان هاوار بکەن و یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ئەم شۆڕشە بەرز ڕابگرن.