کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەرەج: لاوێکی کورد بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم کوژرا

10:51 - 23 خەرمانان 2723

لاوێکی کورد بە ناوی حامید باقری، خەڵکی شاباد، دوای بانگهێشتکردنی خەڵک بۆ خۆپیشاندان لە دژی حکوومەت لە یەکێک لە شەقامەکانی گوڵشەهری کەرەج، لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم تووشی تێکهەڵچوون بوو و لە ئەنجامدا هێزەکانی ڕێژیم ڕاستەوخۆ ئەم لاوەیان داوەتە بەر گولـلە.

بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەرمانان، حامید باقری، خەڵکی گوندی "تەجەرئەکبەر کەلهوڕ" سەر بە شاباد لە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە کرایە ئامانجی چوار گوللـە و گیانی لەدەست دا. ئەم لاوە لە یەکێک لە شەقامەکانی گوڵشەهری کەرەج پێش کوژرانی، خەڵکی بۆ خۆپیشاندان بانگهێشت کردبوو.

هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی حامید باقری ڕایگەیاند، پێش هێرشی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر حامید باقری، ناوبراو خەڵکی بانگهێشت کردبوو بۆ خۆپیشاندان و بەتەنیا لە دژی حکوومەت دروشمی وتووەتەوە. هەروەها بنەماڵەی حامید باقری، دوای بیستنی هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان خۆیان گەیاندووەتە کەرەج، بەڵام هەتا ئێستا نەیانتوانیوە تەرمی کوڕەکەیان ببینن. ناوەندە حکوومەتییەکان لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئەم لاوە بە بنەماڵەکەی خۆ دەبوێرن.

شایانی باسە کە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرەبەری نزیکبوونەوەی ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، سەبارەت بە کوژرانی ئەم لاوە، بە شێویەکی سیستەماتیک دەستیان بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی دوور لە ڕاستی بە نێوەڕۆکی هەڵە و درۆ کردووە.