کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەدان چالاکی سیاسی داوای گشتپرسی و گۆڕانی بنەڕەتی لە ئێراندا دەکەن

11:29 - 12 خەرمانان 2723

زیاتر لە ٣٠٠ چالاکی سیاسی و فەرهەنگیی ئێرانی لە سەروبەندی ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینادا، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و بەنیسبەت مەترسییەکانی درێژەدان بە ستەمکاریی ئایینی هۆشدارییان دا و جەختیان لە سەر پێویستیی گۆڕانکاریی پێکهاتەیی و گشتپرسی کردەوە.

ئەم بەیاننامەیە کە لەلایەن کەسایەتییەکانی وەک ئەبولفەزل قەدیانی، مێهدی نەسیری، پەروانە سەلەحشووری، کەیوان سەمیمی و سدیقە وەسمەقی واژۆ کراوە، دەڵێ: "پێکهاتەی ستەمکاریی ئایینی هەم بناغە نەتەوەییەکانمان و هەم ڕێبازی گۆڕانکارییەکانی داهاتوو لە ڕاپەڕین و بزووتنەوە دەهەژێنێت و دەیکاتە شۆڕش و سەرهەڵدان.

واژۆکارانی ئەو بەیاننامەیە کە زۆرینەی ڕەهایان دانیشتووی ئێرانن، ئاماژەیان بە خراپ بەڕێوەبردن لە ئیدارەی وڵاتدا کردووە و ڕایانگەیاندووە کە "کەڵەکەبوونی قەیرانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری لە خراپ بەڕێوەبردنی حکوومەت لە دەیەکانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی  ئێران بۆتەوە.

واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران درزیان لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا دروست کردووە.

بە ئاماژەدان بە سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندەران، ئەم بەیاننامەیە دەڵێت، حکوومەت هێشتا لە بەرەی ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکدا چەقی گرتووە و بچووکترین ڕەخنە دەباتە سنووری دوژمنایەتی، بۆیە جەختیان لەسەر پێویستیی یەکگرتوویی نێوان هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخستنی سەرچاوە و تواناکانی خەڵک کردەوە. 

شایانی باسە کە ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی ساڵی ڕابردوو بە سەرکوتکردنی خوێناوی لەلایەن حکومەتەوە بەرەوڕوو بووەوە و ئێستاش لە سەروبەندی یەکەمین ساڵیادی شۆڕشەکەدا، فشارەکان لەسەر چالاکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، هونەرمەندان، ڕۆژنامەنووسان و ئەکادێمییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.