کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکیی تەبلیغی بەبۆنەی ٢٥ی خەرمانان لە کەشێکی ئەمنییەتیی تونددا

11:26 - 23 خەرمانان 2723

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە چەند شار و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ٢٥ی خەرمانان ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژینا، سەرەڕای چاوەدێریی چڕی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم بەسەر جموجۆڵی خەڵکدا، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی تێکۆشەر و بوێری حیزبی دێموکرات لە شارەکانی پیرانشار، شنۆ، مەهاباد، ورمێ، بۆکان، سەقز و سنە بەبۆنەی ٢٥ی خەرمانان ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای کەشێکی ئەمنییەتیی توند، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لە شۆڕش و مانگرتن و سەرهەڵدان دژی ڕێژیم ڕاگەیاند.

تێکۆشەرانی دێموکرات بە گڕوتینێکی زۆرەوە پێشوازیی خۆیان لە بانگەوازی ٦ حیزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتن و چوون بۆ سەر گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا ڕاگەیاند و بە بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهیدانی ڕاپەڕین بەردەوامیی خۆیان لەسەر درێژەدانی ڕێبازی شەهیدان دووپات کردەوە.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات هاوکات لەگەڵ ئەو چالاکییانە بەبۆنەی ٢٥ی خەرمانان، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی دوکتور شەرفکەندی ڕێبەری هەڵکەوتە و گەورەی گەلی کورد، یادی شەهیدانی میکۆنووسیان بەرز ڕاگرت و بۆ جاریکی دیکە تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کردەوە.

ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە:

پیرانشار، گوندی خراپە، سەرین چاوێ.

مەهاباد، نێوشار، ناوچەی شاروێران گوندەکانی قجی‌ئاوا، خورخورە و قزڵقۆپی.

شنۆ، ناوچەی دەشتەبێل.

ورمێ، ئاواییەکانی شەیتان‌ئاوا، دەڵۆ، دەربەند و ناوچەی دۆڵ.

سەقز، شارەکی دانیشگا، بلواری دانیشجوو و پردی کەوسەر. 

بۆکان، کانی سەیران و قورمیش.

سنە.