کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی کۆچی کۆمەڵگەی پزیشکیی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات

11:58 - 12 خەرمانان 2723

ڕێکخراوی نیزام پزیشکیی ئێران  ڕایگەیاندووە کە کۆچی پزیشکانی ئێرانی بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان دوو هێندە زیادی کردووە.

وتەبێژی ڕێکخراوی نیزام پزیشکیی ئێران ڕایگەیاند، کۆچی کۆمەڵگەی پزیشکی بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێش کۆرۆنا دوو هێندە زیادی کردووە و ئێران ئێستا پزیشک هەناردەی پێنج وڵات دەکات.

ڕەزا لاریپوور وتەبێژی ڕێکخراوی نیزام پزیشکیی ئێران، ڕۆژی شەممە ١١ی خەرمانان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕێکی ڕێژیم وتی: "جیهان پێویستی بە زانستی پزیشکی هەیە و لەبەر ئەوەی پیشەیەکی گرانە و ڕاهێنانەکانی هەم کاتبەرە هەمیش تێچووی زۆری هەیە، هەر بۆیە وڵاتانی پێشکەوتوو بەشێک لە هێزە تەندروستییەکانیان لە وڵاتانی دیکەوە دابین دەکەن، بەو پێیەی هێزە تەندروستییەکانی ئێران هێزی زانستی و بەرچاو و دیارن، لە جیهاندا هەر زۆر زوو پەسەند دەکرێن."

ناوبراو دۆخی سیاسی و ئابووری و کێشەی بژێوی ژیانی بە گەورەترین هۆکاری کۆچی پزیشکان بۆ دەرەوەی وڵات زانی و دەشڵێت: کەمتر لە سەدا یەک لە کۆمەڵگەی پزیشکی، داهاتی میلیاردیان هەیە. تێکڕای داهاتی کۆمەڵگەی پزیشکی لە خوار ٢٠ میلیۆن تمەنەوەیە و ١٠٠ هەزار کەس لە کۆی ١٥٠ هەزار کەس لە کۆمەڵگەی پزیشکیدا داهاتیان لە نێوان ١١ بۆ ١٥ ملیۆن تمەنە و لەژێر هێڵی هەژاریدان.

هەر لەو پێوەندییەدا و بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "چاودێری ئێران"، ساڵی ڕابردوو ١٦٠ پزیشکی دڵ لە ئێرانەوە کۆچیان کردووە، هەروەها ٣٠ هەزار کارمەندی پزیشکییش داوای پێدانی بڕوانامەی تایبەتیان کردووە و مەبەستیشیان کۆچکردن بۆ وڵاتی عەمان بووە.

هەروەها لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ١٦ هەزار پزیشکی گشتی، ئێرانیان بەجێهێشتووە.