کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا عێڕاق بکاتە سووریە و لوبنانێکی دی

14:23 - 24 خەرمانان 2723

ئاماژە: بەشی فارسیی دەنگی ئەمریکا لە تازەترین وتووێژی خۆیدا لەگەڵ کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی لە دواگۆڕانکارییەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنیەتیی نێوان عێڕاق و ئێران کردووە. کاک خالید عەزیزی لە وەڵامی پرسیارەکانی دەنگی ئەمریکادا بەڕوونی سیاسەت و هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی لە پێوەندی لەگەڵ جێگۆڕگێی نیزامیی هێزی پێشمەرگە و پڕکێشییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ چەککردنی حیزبی دێموکرات شی کردۆتەوە.

کوردستان‌میدیا دەقی کوردیی ئەم وتووێژە بۆ خوێنەرانی بڵاو دەکاتەوە:

کۆماری ئیسلامی بۆچی لە بەرەبەری ساڵڕۆژی مەرگی ژینادا ئۆڵتیماتوم بە بەغدا دەدا بۆ چەکداماڵینی حیزبە کوردییەکان؟

هەموو قەیرانەکان لە ناوچەدا کۆماری ئیسلامی دروستیان دەکا، ئەوەش کە حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبەکانی دیکەی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستانی وەک بیانوو بە ئامانج گرتووە، گرێدراوی دۆخی نێوخۆیی ئێرانە. کۆماری ئیسلامی بەجیددی نیگەرانە لە ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینیدا بزووتنەوەیەکی بەربەرینی ناڕەزایەتی لە کوردستان بە بەشداری و هاوکاریی نەتەوەکانی دیکە و حیزبە سیاسییەکانی هەموو ئێران لەدژی ڕێژیم وەڕێ بکەوێتەوە. بۆیە دەیەوێ بیروڕای گشتیی ئێران بەلاڕێد ببا و وا دەنوێنێ کە لە کوردستان بۆشاییەکی ئەمنییەتی و لە دەرەوەی سنوورەکانیش هەڕەشەیەک لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە. بەڵام هەمووان دەزانن کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانەوە هیچ هەڕەشەیەک لەدژی ئێران لەئارادا نییە و ئەوانە هەموو بیانوو و پاساون.

ئەدی پڕۆسەی چەککردن و ڕاگواستنی هێزە کوردییەکان بۆ کەمپەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چ قۆناغێک‌دایە؟

ئێمە بە بەردەوامی لەگەڵ حکوومەتی بەغدا و بەتایبەت حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێوەندیمان هەیە و لە دانوستانەکانمان بەردەوامین. سیاسەتی ئێمە ڕوونە و لەو کۆبوونەوانەشدا پێمان لەسەر داگرتۆتەوە کە لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە هیچ هێرشێک ناکەینە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئێمە نامانەوێ خاکی عێڕاق بکەینە پشتی جەبهە بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی، بۆیە ئەوە کە کۆماری ئیسلامی ئیدعا دەکا پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و حیزبە کوردییەکانی دیکە خاکی هەرێمی کوردستان بەدژی ڕێژیم بەکار دێنن بەتەواوی ناڕاستە. ئێمە ئەو بەڵێنەشمان بەجێ هێناوە کە پێشمەرگەکانمان کار و چالاکیی پێشمەرگانەیان لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە نەبێت.

ئایا هیچ لایەنێکی کوردی هەیە نەیهەوێ چەک دابنێ؟ کاردانەوەی حیزبە کوردییەکان بەو بڕیارە چییە؟

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حیزبێکە پێبەندی دەروەستی و بەرپرسایەتییەکانیەتی. ئێمە گوتوومانە هیچ دەستوەردانێک لە کاروباری نێوخۆیی عێڕاقدا ناکەین، سیاسیی ئەو وڵاتەمان لەلا گرینگە و ڕێز بۆ یاسا و ڕێوشوێنەکانی هەرێمی کوردستان دادەنێین. لە ئێستاشدا کەس باسی چەکداماڵینی لەگەڵ ئێمە نەکردووە و لە بنەڕەت‌ڕا ئەوە بەشێک لەو باسە نییە. ئێران هەمیشە گوتویەتی کە حیزبە کوردییەکان نابێ لە خاکی عێڕاق و هەرێمی کوردستانەوە هێرشمان بکەنە سەر و ئێمەش گوتومانە ئەوە ناکەین و ڕێز سەروەریی عێڕاق و هەرێمی کوردستان دەگرین.

ئەدی تا ئێستا ڕوونە کە چەند گرووپ و لایەنی کوردی پەنایان بۆ کەمپەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە؟

ئەوەندەی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەگەڕێتەوە، لە هەموو کەمپەکانیدا کەسانی مەدەنی و ناچەکدار نیشتەجێن. کەمپەکانی ئێمە مەدەنین و ئەوانەی لەو کەمپانەدا دەژین پێوەندییان بە لقە سەربازییەکانی حیزبی دێموکراتەوە نییە. ئەو کۆمەڵە خەڵکەی نێو کەمپەکان لە دامەزراوە و ڕێکخراوە مەدنییەکاندا کار دەکەن و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەوە دەزانێ و بەشێکی زۆری خەڵکانی نیشتەجێی ئەو کەمپانە پێشتر لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ناونووسییان کردووە. بۆیە ئەمە شتێکی نوێ نییە و un هەم بە کەمپەکان و هەم دۆخی خەڵکانی نیشتەجێ لەو کەمپانە شارەزایە و لە بنەڕەت‌ڕا ئیدیعاکانی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا ناڕاستن و ئەسڵ و ئەساسیان نییە. ئەو کەمپانە نیزامی نین، مەدەنین و هیچ پێویست ناکات شوێنیان بگۆڕدرێ و خەڵکەکەیان ڕاگواسترێ؛ لەبەر ئەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆخۆی شارەزای دۆخی ئەو کەمپانەیە.

کاک خالید چەکداماڵینی گرووپە کوردییەکان چارەنووسی کۆنترین حیزبی دژبەری کۆماری ئیسلامی تووشی چ گۆڕانکارییەک دەکا؟

ئێمە لە بەرنامە و ستراتیژیی سیاسیی خۆماندا وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێداگریمان لەسەر چارەسەری پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا کردووە. ئێمە بۆ چارەسەری پرسی کورد هەموو کاتێک باوەڕمان چارەسەری ئاشتییانە، مەدەنی و ڕێوشوێنە دێموکراتیکەکان بووە. هەر لەجێدا، لە کاتێکدا لە کوردستان لە ماوەی یەک‌ساڵی ڕابردوو و لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا سەدان هەزار کەس هاتنە سەر شەقامەکان و لە ئێستادا کە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان بە هاوپێوەندیی ناوچەکانی دیکەی ئێران درێژەیان هەیە؛ پێویست ناکا ئێمە بچینە نێو فازی نیزامی و پێشمەرگانەوە.

ئەمن پێم‌وایە پرسی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێران و پرسی دێموکراسی و ماف و ئازادییەکان لە ئێران زۆر دیارە و بەرچاوە و لە ساڵی ڕابردووشدا خەڵک بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان ئەوەیان سەلماند. هەر ئەو خۆڕاگرییە مەدەنییە کاریگەرییەکانی لەسەر خەباتە قانوونی و مەدەنییەکان و پرسی هاوکاریی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانیش داناوە. فەلسەفەی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەردی بناغەی دامەزرانی خۆیەوە ئەوە بووە بە خەباتی مەدەنی و لە ڕێگەی ئاشتییانەوە و لێک‌تێگەیشتنەوە ماف و داواکانی دەستەبەر بکات. حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی سیاسیی کورد ئامانجیئ ئەوەیە زۆرترین مافەکانی خۆی لە دڵی ڕەوتی خەباتی مەدەنیی سەرانسەرییدا وەدی بنێن. بۆیە سیاسەتی ئێمە هەروەک پێشوو ئەوەیە کە درێژە بە خەباتی سیاسی و مەدەنیی خۆمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدەین. هەڕەشە و گوشارەکانی کۆمافری ئیسلامییش هیچ کاریگەرییەکی لەسەر خەباتی ئێمە نابێت، چونکی فەلسەفەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات کە حیزبێکی خەڵکییە و لە هەناوی خەڵکی کوردستانەوە هەڵقوڵیوە، فەلسەفەی خەباتێکی مەدەنی بۆ ئامانجە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستانە. خەڵکی کوردستانیش لە هەموو هەوراز و نشێو و قۆناغەکانی خەباتی ئەم حیزبەدا لە پشتی بوون و پاڵپشتی حیزبەکەیان ماونەتەوە.

هێزە چەکدارەکانی کورد لە هەرێمی کوردستان کامانەن؟ بە سەرنجدان بەوەی پژاک لە شوێنێکی دی خەباتی خۆی دەکات؟

ئەمن بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران قسە دەکەم. لە عێڕاق و هەرێمی کوردستانیش زۆر گرووپ و لایەن چەکدارن، یانی سروشتی عێڕاق جۆرێکە کە هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بۆ بەرگری لە خۆشیان بێت چەکدارن. لە عێڕاق بۆشایی ئەمنیەتی هەیە و هۆکاری ئەو بۆشایی ئەمنیەتی و ناسەقامگیرییەش هەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. بۆیە ئێمەش مادام لەوێین، بۆ پاراستنی خۆمان و کەمپەکانمان چەکمان پێیە و چەکەکانمان بۆ ئەو مەبەستەن. کێشەی سەرەکی ئەوەیە کۆماری ئیسلامی نایهەوێ لە عێڕاقدا دێموکراسی و ئەمنییەت جێگیر ببێ و پڕۆسەی سەقامگیریی عێڕاق بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بچێت. کۆماری ئیسلامی دەیەوێ عێڕاق بۆ هێزە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە، بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمان و بۆ هەموو لایەنەکان نائەمن و ناسەقامگیر بکات. ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە عێڕاق بکاتە سووریە و لوبنانێکی دی لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا.

کاک خالید وەزیری دەرەوەی عێڕاق لە تاران ڕایگەیاند حیزبە کوردییەکان لە سنوورەکانی ئێران دوور دەخرێنەوە و لە قووڵایی هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێ دەکرێن. ئەو شوێنە بەڕوونی کوێیە و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەیەوە دروستکردنی ئەو کەمپانەی دەست پێ کردووە؟

بەشی سەربازی و پێشمەرگانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچە سنووری و کوێستانییەکان بوون. بەدوای وتووێژەکانی ئێمە و هەرێمی کوردستان و پێوەندییە ناڕاستەوخۆیەکانمان لەگەڵ حکوومەتی عێڕاق ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە کە هێزەکانی پێشمەرگەمان لە ناوچە سنوورییەکان بکشێنەوە. ئەوە پێچەوانەی سیاسەتی حکوومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستانیش نییە، بەڵام کۆماری ئیسلامی پڕکێشی دەکا و دەیەوێ بەوەلاوەتر بڕوا و حکوومەتی ناوەندیی عێڕاق و هەرێمی کورستانیش بەرەوڕووی کێشە و دژوارییەکی زیاتر بکا.

هەروەک پێشوو باسم کرد لە ئێستادا بەرنامەی هیچ عەمەلیات و چالاکییەکی نیزامی و پێشمەرگانە لە ڕۆژەڤی ئێمەدا نییە و هێزەکانی پێشمەرگەی ئێمە لە ناوچە سنوورییەکان نین.