کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕشی ژینا، چیمان نەکرد کە دەبوایە بمانکردایە؟

23:01 - 24 خەرمانان 2723

نەهیە خۆشکەلام

نزیک بە ساڵێک لە شۆڕشی ژینا تێپەڕ دەبێت، لەم یەکساڵەدا گەلێک ڕووداو هاتە ئاراوە کە تا ڕادەیەکی زۆر توانی بەرچاو ڕوونیمان بۆ هەڵسەنگاندنی توانایی ئۆپۆزیسیۆن و هێزە سیاسیەکان بە کورد و غەیری کورد، و ئاراستە و هه‌ڵوێسته‌كانیانمان بداتێ.

پێشەکی بە پێوستی دەزانم بڵێم ئەم خاڵانەی خوارەوە، هەمووی باس و خواستێکی زۆر لە خۆ دەگرێ، به‌ڵام من بێ لایەنگری و لە گۆشەنیگای ژنێکی کوردستانییه‌وه‌، ئەم شتانە دەنووسم.

سەرەڕای هەموو ڕەخنە و تێبینیەک کە لە سەر سیاسەتی حیزبەکانمان هەمە تاکوو ئێستاش پێموایە کە حیزبەکان سەرمایەی مەعنه‌وی خەڵکی کوردستانن و تا ئێستاش قورسایی و کاریگەری خۆیان هەیە. هەر دەسکەوت و سەرکەوتنێک، هەروەها هەر شکست و نسکۆ و نشێوێکی ئەوان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە سەر دەروونی تاکی کورد كاریگه‌ری دادەنێت. بەڵام با لە گەڵ خۆمان ڕوو ڕاست بین و ڕاشکاوانە باس لە کاریگەری سیاسەتی هەڵە و ئەو ڕووداوانەی کە ئەوان لێی بەرپرسن بکەین. باس لە کاریگەری ئەو وتووێژانەی کە نوێنەری حیزبەکان کردوویانە و دەیکەن و دەوری ڕاستەوخۆی لە سەر دەروونی تاکی کورد و دۆزی کوردی ڕۆژهەڵات هەیە بکەین کە ئەم ساڵەیان واتە یەکساڵی دوای شۆڕشی ژینایان دروست کرد.

لەم یەکساڵەدا ئێمە ڕوخسارێکی جیاوازترمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بینی، خەڵکی ناو ڕۆژهەڵات لە نەبوونی ڕاستەوخۆی هێزە سیاسییەکان ئاراستەی کۆمەڵگایەکی کارای مەدەنیان بەخۆ گرتووە کە لە هەر دەرفەتێک بۆ دەربڕین و خۆڕسکان کەڵک وەردەگرن، ویست و داخوازیەکانی خەڵک لە گەڵ ڕەوتی زەمەن گۆڕاون و گەلێک جیاوازتر لەو گوتارەیە کە بە گشتی حیزبە سیاسییەکان لە سەرەتای دامەزارندنیان تاکو ئێستاش نەگۆڕ و شێلگێرانە پەیڕه‌وی دەکەن. ئەو بزووتنەوەی کە ئێستا لە ڕۆژهەڵات دەبینرێ پەروەردە و گوتارێکی نەتەوەیی وێنا دەکات کە لە ناو تاکی کوردی ڕۆژهەڵات دەروونی بووە، خەڵکانێک کە هەر ڕووداوێکیتر لە پارچەکانیتری کوردستان  دەیانهەژێنیت و تەنانەت کارەساتە سروشتیەکانیش وەک بوومەلەرزە، وەک بە ئەنقەست سووتاندنی دارستانەکانی کوردستان دەکەن بە بیانوو و  دەرفەت بۆ وەگەر خستنی وەبەرهێنانەوەی هەستێکی قووڵی نەتەوه‌یی، کە پێوست بوو و پێوستە هێزە سیاسییە کوردەکان وەکو خۆی لێی تێگه‌یشتبان!

پێوستە حیزب و هێزە سیاسیەکان بۆ ئەوەی لەو خەڵکە دانەبڕێن پێداچوونەوە و گۆڕانکاری بنەڕەتی بە سەر سیاسەتەکانیاندا بکەن و خوێندنه‌وه‌ی تازه‌ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن.

بێگومان لە وتەی یەک بە یەکی کەسوکار، دایک و باوکی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا ئێمە بە ڕوونی مانه‌فێست و گوتارێکیترمان دەبینی کە عەرز تا ئاسمان لە گەڵ ئەو سیاسەتەی کە لە دەرەوەی ڕۆژهەڵات هێزە سیاسییەکان لەماوەی ئەم یەکساڵەدا کردیان فەرقی بوو!

لە ماوەی ئەم ٤٤ ساڵەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی، کوردی ناو ڕۆژهەڵات دەرفەتێکیان بێ یارمەتی هیچ هێزێکی  دەرەکی خوڵقاند کە لە نەوعی خوێدا بێ وێنە بوو و كاریگه‌ریه‌كانی بۆ هەمیشە دەبێتە بەشێک لە مێژووی خەباتی میللەتی کورد. گەلێک جار دەبیستین کە دەگوترێ کورد دەبێ چاوه‌ڕوانی ئەوە بێت تا ناهاوسەنگی لە ئاراستەی هێزە دەرەکییەکان و زلهێزەکان بە نیسبەت سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دروست ببێت و لەوانەیە لەو ناهاوسەنگیانەدا دەرفەتێک بۆ باسکردن لە دۆزی کورد دروست بێت، بۆ ئەوەی کە کورد بتوانێ دەسکەوتێکی هەبێت دەبێ ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوەو لەو بۆشاییە کەڵک وەر بگرێت چما کە سیاسەتی کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان پیشانمان ئەدات کە تاکو ئێستا لە هیچ دەرفەتێک کە لە دەرئەنجامی ناهاوسەنگی هێزەکان دروست بووبێت بە شێوەی پێوست کەڵک وەرنەگیراوە و هێزە سیاسییەکان ئەوەندە خەریکی مل شکاندنی یەکتر بوون، بۆیه‌ هه‌موو دەرفەتێکیان لە بار بردووە.

پۆل بریمه‌رلە کتێبی  ساڵەکەم لە عێراق ده‌ڵێت: من دەترسام سەرکردەکانی کورد بێن شەری قەومیەت و خاكم لە گەڵ بكەن، یان داوای سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردی و گەڕانەوەی کەرکوک بکەن، كەچی لەیەكەمین كۆبونەوە باسی پارەو پۆستیان لە گەڵم دەكرد. ئەوان زۆر جیاواز بوون لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆن بوونیان، كاتێك لە لەنده‌ن لە ٢٠٠٢ نەخشە رێگای رووخانی ڕژێمی به‌عس دانرا ئەوان شەریان لەسەر مافی تەواوی گەلانی عێراقیش دەكرد نەك هەر مافی خۆیان، كەچی كە ڕژێمی به‌عس رووخا یەكەمین داواكاریان بریتی بوو لە پارە و پۆست، بۆیە من دواتر تێگەشتم ئەوان چیان دەوێت و ترسم لێیان شكا و لە هەموو كۆبونەوەكان لە گەڵیان من براوەی دانوستانەكان بووم !

کریس کۆچیرا لە کتێبی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و هیوای سەربەخۆیی لە چەند جێگەدا هۆکاری سەرنەکەوتنی کورد ڕاستەوخۆ دەگەڕێنێتەوە بۆ یەکنەگرتوویی و نەبوونی گوتارێکی هاوبەشی سیاسی. بە دەیان نووسەر و توێژەری بیانی و غەیری بیانی کە دۆست یان نەیاری کورد بوون کتێبیان لەسەر دۆخی کورد نووسیووە، هەمووان لە کۆتایی ئاماژەیان بەوە کردووە کە هۆکاری سەرەکی سەرنەکەوتنی کورد ئەو نایەکگرتوویەیه‌. هەموو جیهان تێمانگەشتووە کەچی تاکوو ئێستاش هێزە سیاسیە کاریگەرەکان خۆیان لەو ڕاستیە لائەدەن و دەیان پاساوی دەرەکی و ناوەکی  بۆ ناکارامەیی سیاسەتی خۆیان دەهێننەوە. تا ئەو کاتەی کە کورد بە هەموو حیزبەکانەوە لەوە تێ نەگەن کە هەمووان لە ناو یەک کەشتیدان و ئەگەر لایەکی ئەو کەشتیە کون ببێت هەمووان هەم کوردە« خوب» کان و هەم کوردە خراپەکان لە ناو دەچن.  بۆ نەتەوەی باڵادەست جا بە چەپ و بە ڕاستیانەوە کوردی باش کوردێکی مردووە. بۆیه‌ هەر بۆشایی و ناهاوسەنگیکیش ڕوو بدا مادامێکە بەرژەوەندی نەتەوەیی له‌ به‌رچاو نەگیردرێ و بەرژەوەندییەکان لە ناو بەرژەوەندی بچکۆلەی حیزبیدا قەتیس بێت هیچ دەرفەتێکی ناوچه‌یی و نێونەتەوەیش ناتوانێ ئێمە لەم دۆخە ڕزگار بکات.

ئەو شتەی کە خۆی بە تەنها و بێ یارمەتی هیچ زلهێزێک دەتوانێ دەرفەت بخوڵقێنێت بەس یەکگرتوویی و ڕێکەوتنی حیزب و هێزە سیاسیەکانی کورد لە سەر ئەو خاڵە نەتەوه‌یانەیه‌ کە پێوستە دەست تێوە بردن و مامه‌ڵە پێوەکردنی ببێتە هێڵی سوور و ڕێگە پێدراو نەبێت بۆ هیچ حیزب و گرووپێک کە بە تەنها لە سەر ئەو شتانە  بریاڕ بدات و هەروەها وتووێژ و ڕێکەوتن لە گەڵ هێزە دەرکییەکان بکات!

ئەم جارەیان دوای گیانبەختکردنی ژینا بێ هیچ یارمەتی و ناهاوسەنگی هێزە دەرەکی و زلهێزەکان ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ خۆی بوو بە هۆکاری دروستبوونی ئەو ناهاوسەنگیە و چەخماخی شۆڕشێکی لێدا کە بێگومان ئاسەوارەکەی تا درێژخایەن دەمێنێتەوە کە زۆر بە داخەوە هێزە سیاسیە کوردەکان نەیانتوانی لە قەدەر مەزنی ئاستی ئەو بزووتنەوه‌دا هەنگاو بنێن و پەیامی سەر شەقامی کوردی و ئەو گۆڕانکاری گوتاریە  لە مەڕ دۆزی کورد وەک خۆی وەخوێنن!

خەڵکی ڕۆژهەڵات لە سەر شەقام بۆ شتێکیتر دەجەنگان، بۆ هەوەڵین جار مەسەلەی ستەمی نەتەوەیی و باس لە زوڵم و ستەمێک کە لە ژنان دەکرێ بە دروشمێک کە ڕوخسارێکی ئینترسکشوالی «یەکتربڕی جێندری» هەبوو و باسی فرە ڕەهەندی ستەمەکانی دەکرد لە شارێکی بچکۆلەی کوردستان کە بە درێژایی مێژوو سیستماتێک هەوڵئەدرێت بە میللەتێکی ناشارستانی و نەفام بناسێندرێت، خاڵێکی وەرچەرخانی بە نیسبەت تێروانین لە مەسەلەی کورد دروست کرد، دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بوو. بە دروشمی سەرەکی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆحێکیتری پێ بەخشرا و مانایەکیتری بە ژنی ناو ئەو دروشمە بەخشی، ژنی کورد چیتر ئەو ژنە سەرکوتکراوە نەبوو کە تەنانەت لە ناو ئەدەبیاتی فمینیزمی باڵادەست ساڵانێکە بە شێوازی جۆراوجۆر کار بۆ چەسپاندنی دەستە چەمکی کوردی ژنکوژ و ژنی ناوشیار و سەرکوتکراو دەکرێت و هەروەها ژنی کورد لە ناو ئەم دروشمەدا بەس ژنێکی پێشمەرگە و شەرڤان نەبوو، بەڵکو ژنێک بوو کە هاوتەریب لە گەڵ داوای مافی نەتەوەیی خۆی بۆ بە دەستهێنانی سەروەری سیاسی نەتەوەکەی داوای مافی ڕەگەزی و ئینسانی خۆیشی دەکرد. کە دەبوایە ئەو باسە ببوایە بە کرۆک و ناوەڕۆکی هەموو بروسکە و پەیامێک ڕوو بە هێزەکانیتری ئێران و هێزە سیاسیە کوردیەکان دەبوایە خاوەنداری و پێداگیریان لە سەر بکردایە، بەڵام ویست و خواستی خەڵکی سەر شەقام نە تەنها بە هەند وەر نەگیردرا بەڵکوو هەر هەنگاوێک کە هەڵێنرا بەر پەرچدانەوەیەک بوو بەرانبەر ئەو  داواکاریانە!

ناکرێ حیزبە کوردییەکان ئیدعای نوێنەری میللەتی کورد بکەن و لە گەڵ ئەو شتەی کە لە سەر شەقامی ڕۆژهەڵات دەوترێ ئەوەندە نامۆ و بێگانە بن، ناکرێ چاو ببەستن و لە کاتێکدا کە ئیعتبار لە بەرخۆدان و قوربانیدانی ئەو خەڵکە وەردەگرن ئەوەندە خەمسارد لە گەڵ ویستەکانی ئەو میللەتە هەلسوکەوت بکەن و مامه‌ڵەی بە سەرەوە بکەن.

لە هەستیارترین کاتەکاندا کە دروشمی« ژن، ژیان، ئازادی» گشت جیهانی تەنیبوەوە و ڕۆحی نوێ مافخوازانەی میللی و یەکسانی و جێندەری بە بەردا کرابوو کە هەموو ژنێک تەنانەت لە دوورترین گۆشەی جیهانیشدا و هەروەها هەموو کەمایەتیە پەراوێز خراوەکان و…خۆیان تیا ئەدیەوە، بزوتنەوەیەکی فرەڕەنگ کە زۆرترینی ستەملێکراوانی لە خۆ دەگرت، هێزە کوردییەکان شەڕی ئەوەیان دەکرد کە ئەو دروشمە هی کێیە و هی کێ نییە! لە هەستیارترین کاتەکاندا ڕاپەرین و بزووتنەوەیه‌ک کە دینامیسمەکەی ژنی کورد و دروشمەکەی ژن، ژیان، ئازادی بوو تەنانەت بۆ دیکۆریش(کە من موخالیفی بە دیکۆر کردنی ژنم) لیژنەی حیزب و هێزە سیاسیەکان کە سەردانی ئەم لا و لایان دەکرد ژنیان تێدا نەبوو. ڕوخسار و سیمایەکی عەجایەب پیاوانە و عەشیرەتیان روو بە جیهان نمایشت دەکرد کە هەر خودی ئەو شتە بەیانگەری ئەوە بوو کە چ بەره‌و دواچوون و دابڕانێکیان لەم ماوەدا نیسبەت بە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات بە خۆوە بینیووە، لە کاتێکدا کە باوکی شەهید موحەمەدی بۆکان لە ناو ڕۆژهەڵات بە قەناعەتەوە دەڵێت: ئەوڕۆ گەر پیاوێک بیهەوێ زۆر پیاو بێ، دەبێ زۆر ژن بێ.

لە هەستیارترین کات بۆ دژایەتی لە گەڵ ئەو ئاڵایەی کە بە ئاڵای کوردستان ئەمڕۆکە ناسراوە، پێوست بوو لەو ناسین و ئيعتبارە بۆ ناساندنی دۆزی کورد کەڵک وەربگیردرێ، هاتن و باسی ئاڵای کۆماریان هێنایە گۆڕێ و خەڵکیان بۆ ماوەیەک بەوەوە سەر قاڵکرد و به‌مه‌ش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەرتەوازەیان دروست دەکرد.

لەو كاته‌ی دەبوایە هێز سەرفی ڕێکخستنی ماڵی کورد بکرایە و هەوڵی نزیکبوونەوە لەیەک بدرایە، هەوڵی ڕێککەوتن لە گەڵ بەرەی ڕاستی ئێرانی و پاشاخوازەکان دراو وەک سەرمایەی میللی ناویان لێ بردرا و قورسایەکی زۆر زیاتر لەکێشی خۆیانیان ئەویش لەسەر ئیعتباری خوێنی ئەو هەموو گەنجە پێ بەخشرا.

لە هەستیارترین کات مه‌نشورێك  بە ناوی «مه‌نشوری مەهسا» واژوو کرا کە سوپا و ئەرتەشی بۆ بەرقەرای ئەمنیەت تێکەڵ دەکرد. لە کاتێکدا هەمیشە دەسەڵاتی قووڵی باڵادەست لە ئێران نیگایەکی ئەمنیەتی نیسبەت بە کورد هەیە، کورد خۆێ هات و واژووی کرد کە سبەی سوپا و ئەرتەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندی « یەکپارچەگی سەرزەمینی » ئەو سووپایە بەرەو کوردستان وەڕێ بخات، کوردستانێک کە تاکو ئيستاش سێبەری حوکمێکی جیهادی باتڵ نەکراوی بە سەرەوەیە. ئەو نیگا ئەمنیەتیە بە نیسبەت کوردستان مێژوویەکی درێژخایەنی هەیە و بەس لە ماوەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی نابێ کورت بکرێتەوە و بە پاڕانەوەش ناگۆردرێ. جا ئیتر تیکەڵ کردنی سپا و ئەرتەش بەو عەقڵیەتی حاکمەی تاکی سیاسی و غەیرە سیاسی ئێرانی واتە بەرهەم هێنانەوەی هەمان دیکتاتۆریەتە بەڵام لە نەوعی په‌هلەویەکەی بۆ بەرقەراری ئەمنیەت!

چەن ساڵ لەومەوبەر لە گەڵ منداڵەکان سه‌یری فیلمێکی دیکۆمنتاریمان دەکرد، لە باخچەی ئاژەڵان. دوو فیل، دایکێک و بێچووە فیلێک ڕاوەستابوون ئەوە کە تۆزێ نائاسایی هاتە بەر چاوی ئێمەش وەک بینەری ئەو فیلمە و سەرنجمان چووە سەری ئەوە بوو کە دایکەکە نەبەسترابووەوە بەڵام بێچووە فیلەکە بە تەنافێک بەسترابوو و بە ئەندازەی یەک بازنە دەیتوانی بە دەوری خۆێدا وەسوڕێ، منداڵێک کە هاتبوو بۆ سەردانی ئاژەڵەکان لە ڕاهێنەری فیلەکانی پرسی بۆ ئەو فیلە منداڵە بەستراوەتەوە؟ ڕاهێنەرەکە وتی لە بەر ئەوەی کونتڕۆڵی بکەین.

منداڵەکە دوبارە پرسی ئەی بۆ دایکەکە نابەستنەوە خۆ ئەو زۆر بەهێزترە؟ راهێنەرەکە وتی: پێوست ناکات ئەو وەبەستین چوون ئەویش بە منداڵی بەستراوەتەوە و فێر بووە، ئەو بۆ خۆێ ئیتر لەو بازنە ناچێتە دەر بۆیە پێوستە بێچووەکەش فێر ببێت کە گەورە بوو وا گۆش دەکرێت کە پێوست بە بەستنەوە ناکات و ئەو ئیتر بۆ خۆێ سنووری ئەو بازنە ناپسێنێت. نازانم بۆ هەر کات چاو لە سیاسەتی خۆمان دەکەم ڕێک داستانی ئەو دوو فیلمەم دێتەوە بیر!

تەوای هەوڵی بە تایبەت بەرەی ڕاستی ئێرانی  ئەوە بوو کە زۆر ئاگاهانە باسەکان لە ناو ئازادی فەردی تاک و مافی شارومەندی لە ئێران بچکۆلە بکرێت و زۆر تەم و مژاوی بە ناوی ئتنێک یان قەوم یا کەمایەتی یا عەشیرە و قەبیلە باس لە میللەتەکانیتر بکرێت تا بە جۆرێک داوای ئازادی کۆلێکتیوی ئەو میللەتانە کە دەتوانی ڕوخسار بە داخوازیی نەتەوەیی گەلانی بندەست ببه‌خشێ کەمڕەنگ بکاتەوە.

لە هەستیارترین کاتدا ژورناڵیستێکی دەستی دوو یان سێی ئێرانی لە باتی وتووێژ و گفتوگۆ وەک لێپێچینەوە بکات سەرۆک و وتەبێژی ئەم حیزب و ئەو حیزبی کە خاوەنی دەیان ساڵ خه‌بات، ئەزموونی مەیدانی و سیاسی بوون دەهێنا و دەیخستنە گۆشەیه‌ك و وای لێدەکردن کە بەردەوام بپاڕێنەوە کە بە پیرو پێغەمبەر « ئێمە تەجزیە تەڵه‌ب» نین.

ئەوەی  ڕوون و ئاشکرایە ئەزموونی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و ئەم ڕووداوە دڵتەزینانە کە لەم ئاخرەدا لە کەرکوک و دێرەزوور ڕوویدا زۆر ڕاشکاوانە پێمان دەڵێ کە تێۆری فیدراڵی، برایەتی گەلان و پێکەوە ژیان تاکو ئیستا بەس شکستیان بۆ کورد بە دیاری هێناوە و ئەگەر سەربەخۆیی بۆ کورد واتای  خەون بێت فیدراڵی و برایەتی گەلان لە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەس شیعر و ئەفسانەیە. ئەو خەسار و زیانە کە بەر ماڵی کورد کەوتووە و دەکەوێ لە ناو پرۆسەی چەسپاندنی ئەو تیئۆری گەلە نە تەنها کەمتر لەوە نیە گەر کورد خوازیاری سەروەری خۆی بێت، بەڵکو زیاتریش خەسارەتی گەیاندووە. ئەم هەمووە بەڵگە ڕوون و ئاشکرا و ڕووداوە ڕوو ئەدەن ئیتر نازانم ئەوە دەبێ چ حیکمەتێکی تێدا بێ کە ئێستاش پێیانوایە بە پاشه‌کشەکردن لە مافەکان دەتواندرێ سەرنج و بەزەیی میللەتی باڵادەست و هێزە بیانیەکان ڕابکێشن؟

ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرا بینیمان دوای ئەم هەمووە ساڵە سیاسەتی حیزبەکان بەرانبەر یەکتر نەگۆڕاوە و بۆ حیزبەکان بەرژەوەندی حیزب و تاک لە سەروی هەموو بەرژەوەندیە نیشتمانیەکانەو بە درێژایی مێژووی کورد ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە لە دەرخۆنەی بەرژەوەندی حیزبی سەیری دەرفەت و ڕووداوەکان کردن کارەساتی بە سەر میللەتی کوردا هێناوە و تا ئاوا بەردەوام بن ئەو شتەی کە خەڵکی سەر شەقام بە خوێن بە دەستی دێنن  لە سەر مێزی گفتوگۆ هەرزان فرۆش دەکرێت.

لە هەستیارترین کاتەکانیشدا هیچ شتێک نەیتوانی هێزە سیاسیە کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە، لە حاڵەتێکدا کە هەر ئەو هێزە سیاسیانە لە گەڵ یەکتر کێبڕکێیان دەکرد تا لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست و چەپی ئێرانی کە پەرتەوازەترین و سەرلێشێواوترین ئۆپۆزیسیۆنن دانیشتن بکەن و دواتریش وەک دەسکەوت بە خەڵکی کوردی بفرۆشن لە کاتێکدا گیری کاری میللەتی کورد پێش ئەوە پۆزیسێۆن و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتانە بێت کە ئەوان تیایدا دەژین خودی دژبەری و دوژمنی و ڕەقابەتی ناتەندروست لە گەڵ یەکتر وهەروەها یەکتر قەبووڵ نەکردنە. ته‌نانه‌ت له‌و کاتەکاندا چەک بەڕەوڕوی یەکتر کێشرا و دوو ڕۆڵەی کورد لە خوێنی خۆیان گەوزان، تەنانەت مافی شانازی کردنیش لە سەر شێوازی گیانبەختکردنیان لە دایک و باوک و بنەماڵەی ئەو کەسانە زەوت کردرا.  ئەوە بۆمان دەر دەخات کە حیزبە کوردیەکان نەگۆڕاون و لە ڕابردوی تاڵی شەڕی کوردکوژی هیچ دەرسێکیان وەر نەگرتووە و هەر وەک جاران ئەو پوتانسیلەیان هەیە کە لە سەر چکۆلەترین بەرژەوەندی حیزبی چەک لە یەکتر بکێشن!

ماوەی ئەم یەکساڵە دەرفەتیکی باش بوو بۆ ناسینی دەروونناسی خۆمان و هەروەها دەروونناسی هه‌ژموونی قوڵی حاکمیەتی ئێرانی کە لێرەدا مەبەست بەس دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نییە بەڵکوو مەبەست لەو حاکمیەت و ئەو هه‌ژمونیخوازیەیە کە تاکی میللەتی دەسەڵاتداری پێ گۆش کراوە، کە لە کەمترین کاتدا شانە نووستوەکانی هێزە ڕاست و فاشیستیەکانی وەک کارگ هەڵتۆقاند.

 سەرەتای شۆڕشی ژینا، پاشاخوازەکان هەوەڵ بە شەرمه‌وه‌ دەهاتنە ناو ڕێپێوانەکان، دوای ماوەیەکی کورت دروشمی « مرد، میهن، آبادی» یان بۆ بەربەرەکانێ لە گەڵ دروشمی « ژن، ژیان، ئازادی» ، داهێنا و بە ئێعتماد بە نەفسێکی زۆرتر دەرکەوتن و لە ماوەیەکی کورتتر ئەمجا دەنگیان دلێرتر بوو. وێنەی شای باوە گەورە و شای باوک و کوڕی شا و بنەماڵە بەرز بویەوە جگە لەوە ئاڵای سەڵتەنەت خوازەکان کە دوای تێپەڕبوونی ئەم هەمووە ساڵە هەر وەک جاران دروشمەکەی نەگۆڕە، «یک پرچم، یک ملت، یک رهبر» بە ماشین دەهێنرانە ناو ڕێپێوانەکان و بە خۆڕایی بە سەر خەڵکدا دابەش دەکرا. بەوەشەوە نەوەستان دواتر تەنانەت لە ناو دڵی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی، ئەوان ئەو حەقەیان بە خۆیان ئەدا لێپرسینەوەت لێبکەن گەر ئاڵای کوردستان یان بەلوچستانت پێبوایە و تا ڕادەی توندوتیژی فیزیکیش دەڕۆیشتن و دواتریش وێنەی «پەرویزی سابتی» هێمای سازمانی ترسهێنەری ساواکیان بەرز کردەوە و هەر لەو کاتانەدا بوو کە بەشێک لە کوردەکانی خۆمان دژ بە هێنانی ئاڵای کوردستان هەڵوێستیان دەگرت و دەیانگوت کە دەبێتە مایەی تەفرەقە. هەر لەو کاتەدا بەشێکی زۆری کوردەکان دەیانوت ناوی ژینا لە گەڵ ناوی مهسا فەرقی نییە بڵین مەهسا با چەن بەرەکی دروست نەبێ و تاکو ئێستاش هەر دەڵێن مەهسا، هەر لەو کاتەدا ئێمە کوردەکان شەڕمان دەکرد لە سەر ئەوە کە دروشمی « ژن، ژیان، ئازادی» هی ئەم نییە و هی ئەوە و تەنانەت بڕێک لە کوردەکان دەستیان کرد بە دژایەتی ئەو دروشمە، هەر لەو کاتوساتەدا بوو کە گەلی باڵادەست لە ژێر ناو و بە بیانووی ئەو دروشمە شەپۆل شەپۆل سەرنجی خەڵکی بیانی بۆ لای ویستەکانی ناوەندخوازانی ئێرانی ڕادەکێشا و ئەو دروشمەی کرد بە « زن، زندگی، ازادی» و کردی بە دروشمی ساڵونە «مۆدەشاوەکانی» و تەواوی ئەو دروشمە چکۆلە بووەوە لە ناو قەبارەی ویستەکانی ژنی ناوەندگەرا!

تەنانەت کۆماری ئیسلامی و بەرەی ڕاستی ئێرانی لە سەر یەک شت ڕێک کەوتبوون کە کارەکانیان تەواوکەری یەکتر بوو ئەویش ئەوە بوو کە نەهێڵن شۆڕشی ژینا، شۆڕشیک کە مۆرکی کوردبوونی پێوە دیار بوو بگاتە ئەنجام، ئەوان سەرەڕای هەموو دژایەتییەکی یەکتر کە دەیکەن هێزەکانیان لە بەر بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان ڕێکخست، تا کورد لەو بازنە بیهاوێژنە دەر، بەڵام ئێمە هیچ شتێک نەیتوانی لە سەر چەن خاڵی سەرەکی کە سەروەری نەتەوەیی کوردی تیا بەرجەستە کرابێت ڕێکمان بخات!

هیچ کاتێك بە قەد ئەمسال هەستم بە بۆشایی و نەبوونی سیاسەتێکی حەکمیانە و بوێرانە کە پێی لە سەر ئینتما و بەرژەوەندی نیشتمانی گیر بێت نەکردووە، سیاسەتێک کە متمانەی بە هێزی میللەتەکەی خۆێ بێت. قەیرانی نەبوونی گوتارێکی نەتەوەیی و سیاسی هاوبەش و نەبوونی ڕێبەرییەک کە خۆی لەو داگیرکراویە زیهنیە قوتار کردبێت زیاتر لەهەر کاتێک هەستی پێکرا!

باش وایە کە سەرنجێکش بدەمە سەر چینی ئەکادیمی، ڕۆشنبیر و ئه‌و چالاکە سیاسی و مەده‌نیانەی کە حیزبی نین و بە ژمارەش زۆرن و پسپۆر و شارەزان و پوتانسیلێکی زۆر باشیشیان  هەیە کە بە داخەوە تاکو ئێستا ئەوانیش نەیانتوانیووە بە شێوازیکی کاریگەر بە لانی کەم لەسەر ئاستی گوتاری پێکەوە کاری تیمی  بکەن. واتە ئەو فەرهەنگی پەرتەوازه‌ییە لە ناو ئەوانیشدا دەبینرێت کە نەده‌بووایە وا بوایە و پێوستە کە ئێمە پێداچوونەوەیەک بە سەر هەموو شتێکدا بکەین.  ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەندەرانیش  پێوستی بە بزاڤێکی نەتەوەیی لە خەڵکی ئاکادیمێک و ڕۆشنبیر و چالاکی مەدەنی کارایە کە بتوانن پێکەوە خۆیان ڕێک بخەن و ببنە رەوتێکی کاریگەر لە سەر ڕووداو و بڕیارە سیاسیەکان.

لە کۆتاییدا با بگەڕێنەوە بۆ مەڵبەندی وڵاتی خۆر و سەرێک لە ئارامستانی ئایچی بدەین و خۆمان بسپێرینە دەس زایەڵەی میلۆدی نووسینی سەر کێلی ژینا کە تیادا نوسراوە: ژینا گیان تۆ نامری، ناوت ئەبێته‌ ڕەمز!

با بچینە ناو دەقی قسەکانی دایکی شەهید محەمەدی بۆکان کە دەڵێت، ئێرە خاک و وەتەنی ئێمەیە، ئێرە هی دەوڵەت نییە!

میلۆدی دەنگی باوکی کۆماریش کە باڵای بە قەد باڵای زاگرۆس هەڵکشاوە و زایەڵەی دەنگی بە دەم شنەبای نەسیمی شۆڕشێک لە جنسی شۆڕشی ژینا شەوی چنگ بە خۆری مەڵبەندی تاسە ئاوسی هیوا و هومێد کردووە و گەلێک دڵساغی ئاسمانی لە ئامێز گرتووە و ئۆقرە ئەدات بە جەستەی ماندوو و شەکەتی نیشتمان، نیشتمانێک پڕ لە تاڤگەی هیوا و ئامانجە مرۆییەکان کە لە پێدەشتی ئاسۆکانیدا بەرەو بوومەڵێڵی دەمەو بەیان تۆوی ھەزاران تیشکی خۆری دره‌وشاوەی تیا دەپشکوێ.

ئەو کات کە دەڵێ ئەو کوڕەم ٢٥ ی گەلاوێژ لە دایک بوو، بۆیە ناوم لێنا کۆمار!