کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ" سەبارەت بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران دژی حیزبە کوردییەکان

10:36 - 25 خەرمانان 2723

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ ئاگادارییەکی سەبارەت بە هەڕەشە بەردەوامەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردەوە.

لەم بەیاننامەیەدا باس لەوە کراوە کە هەروەک لە میدیا جۆراوجۆرەکاندا ڕەنگ دەداتەوە، بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار هەڕەشەیان لە کەمپی پەنابەرانی کوردانی ئێرانیی دانیشتووی هەرێمی کوردستان کردووە و ڕاپۆرتە مەیدانییەکانیش ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە ڕێژیمی ئێران لە هەرێمی کوردستان خولێکی نوێی هێرشی سەربازی دژی ئەو پەنابەرانە ئامادە دەکات.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ زیادی کرد: لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی، تێرۆریزمی دەوڵەتی، بارمتەگرتن، کوشتن، سەرکوت و ڕەفتاری نائاسایی نێودەوڵەتیی لەبەرچاو گرتووە و هەموو ئەم کردەوانە ئەنجام دەدرێن."

لەم ڕاگەیەندراوەدا داوا لە وڵاتان، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، حکوومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە کە بەرامبەر بە پیلانی ڕێژیمی ئێران کاردانەوەیان هەبێت و پێش بە هێرشە ئەگەرییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی کورد بگرن.

ئەم کۆنگرەیە هەروەها داوای لە ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکان لە عێراق کردووە کە بە لەبەرچاوگرتنی هەژموونیی ڕێژیمی ئێران لە عێراق و بە تایبەتی لە ئاسماندا، بەرپرسیارێتی لە بەردەم ڕێژیمی ئێران هەڵبگرن و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی تاوانەکان بکەن.

لە کۆتایی ئەم ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە کراوە کە ڕەفتارە جینایەتکارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چ لە ئاستی نێوخۆ و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، مانەوەی ئەم ڕێژیمە درێژ ناکاتەوە و خەباتی گەلانی ئێران بەرەو ڕزگاری و نەهێشتنی ئەم ڕێژیمە جینایەتکارە دەڕواتە پێشەوە.