کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراوەی نۆبێل بڕیاری بانگهێشتکردنی باڵوێزی ئێران، ڕووسیە و بێلاڕووسی بۆ ڕێوڕەسمی خەڵاتکردنەکە هەڵوەشاندەوە

12:39 - 12 خەرمانان 2723

دامەزراوەی نۆبێل ڕۆژی شەممە ١١ی خەرمانان، ڕایگەیاند کە بڕیارەکەی پێشووی بۆ بانگهێشتکردنی ئێران، ڕووسیە و بێلاڕووس بۆ ڕێوڕەسمی ساڵانەی پێدانی خەڵاتەکان هەڵوەشاندووەتەوە.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە درا کە هەواڵی بانگهێشتکردنی باڵیۆزی ئەو وڵاتانە بۆ مەراسیمی نۆبێل، شەپۆلێکی ڕەخنەی لای سیاسەتمەداران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی لێکەوتەوە.

دامەزراوەی نۆبێل ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی خەرمانان ڕایگەیاند، بە پێچەوانەی ساڵی ڕابردوو، بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ساڵانەی خەڵاتی نۆبێل کە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید لە ٢ تا ٩ی ئۆکتۆبەر بەڕێوە دەچێت بەنیازە ئەم سێ وڵاتە بانگهێشت بکات.

دامەزراوەکە لە بەیاننامەی ڕۆژی شەممەدا ڕایگەیاندووە کە ئامانجی بانگهێشتکردنی ئێران، ڕووسیە و بێلاڕووس بۆ ئەم ڕێوڕەسمە، زۆرترین "پەیام و بەهاکان" بووە کە "خەڵاتی نۆبێل نوێنەرایەتیی دەکات"؛ بەڵام دوای کاردانەوە توندەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوو ئەم دامەزراوەیە وەک ساڵی ڕابردوو دەستبەرداری ئەم بڕیارە بووە.

پێشتر ئولف کریستێرسۆن سەرۆکوەزیرانی سوید ڕایگەیاند کە دژی بڕیارەکەی دامەزراوەی نۆبێلە کە باڵیۆزی ئەم سێ وڵاتە بەشداریی لە ڕێوڕەسمی خەڵاتی نۆبێلدا بکەن.

سەرکردەی زۆرێک لە پارتە سیاسییەکانی سویدیش ڕایانگەیاندووە، ئەگەر دامەزراوەی نۆبێل بڕیارەکەی نەگۆڕێت، بایکۆتی ڕێوڕەسمەکە دەکەن.

ساڵانە خەڵاتی نۆبێل بەو کەسانە دەبەخشرێت کە دەستکەوتی بەرچاویان لە بوارەکانی کیمیا، فیزیک، پزیشکی، ئابووری، ئەدەب، و ئاشتیدا بەدەست هێناوە.