کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستپێکردنی مانگرتنی گشتی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

10:54 - 25 خەرمانان 2723

مانگرتنی گشتی بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا، لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێ کرد.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی خەرمانان، لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە "سەقز، بانە، مەریوان، شنۆ، دیواندەرە، کامێران و بۆکان"، مانگرتنی گشتی دەستی پێ کردووە و دووکان و بازاڕەکان داخراون.

هەروەها کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵک و بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک، کەشێکی میلیتاریستیی لە شارەکانی کوردستان پێک هێناوە و هێڵی ئینتەرنێتی زۆر لاواز کردووە و لە هەندێک شوێن ئینتەرنێتی پچڕاندووە.

شایانی باسە کە ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان، ٦ حیزب و لایەنیی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ژینا، لە بانگەوازێکی هاوبەشدا داوایان لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان مانگرتنی گشتی بەڕێوە ببەن.