کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی ڕۆژاوایی چەندین دامەزراوە و بەرپرسی ڕێژیمی ئێرانیان خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە

12:00 - 25 خەرمانان 2723

یەکیەتیی ئورووپا، کانادا، ئەمریکا و بریتانیا لە ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران، چەندین دامەزراوە و بەرپرسی ڕێژیمی ئێرانیان لە پێوەندی لەگەڵ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

یەکیەتیی ئورووپا بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانان، داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کۆتایی بە "هەڵاواردنی سیستماتیک دژی ژنان و کچان" بهێنێت و گەمارۆی نوێی دژی چەند بەرپرس و دامەزراوەی ڕێژیمی ئێران سەپاند.

یەکیەتیی ئەورووپا ڕایگەیاند کە چوار کەس و شەش دامەزراوەی "بەرپرس لە پێشێلکردنی توندی مافەکانی مرۆڤ" لە ئێران لە خولی نوێی سزاکان کراونەتە ئامانج.

فەرماندەیەکی باڵای سپای پاسداران و دوو فەرماندەی هێزەکانی ئینتزامی و بەرپرسی زیندانی کەچوئی و خودی ئەم زیندانە بە لیستی گەمارۆکانی ئەم یەکیەتییەوە زیاد کراون.

یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاندووە، سەروەت و سامانی ئەو کەس و لایەنانە لە هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا دەبەسترێن و ڕێگەیان پێ نادرێت بۆ وڵاتانی ئەندام سەفەر بکەن.

هەروەها ڕۆژی هەینی بریتانیا و ئەمریکا دەیان کەس و دامەزراوەی کۆماری ئیسلامییان خستە لیستی گەمارۆکانیانەوە، هەرچەندە بریتانیا ڕایگەیاند لە دانانی ڕێکخراوی سپای پاسداران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکان جارێ خۆی دەبوێرێت.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی کاناداش شەش بەرپرسی کۆماری ئیسلامیی تەحریم کردووە و لە بەیاننامەیەکدا ڕاگەیاندووە: ''بەم گەمارۆوە نوێیانە، کەسانی تێوەگلاو لە سەرکوتی سیاسی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی ئێران، کراونەتە ئامانج."