کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن بەڕێوە دەچێت

12:18 - 25 خەرمانان 2723

مانگرتنی گشتی بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا، لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی خەرمانان، لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە "سەقز، بۆکان، بانە، مەریوان، شنۆ، دیواندەرە، کامێران، سنە، مەهاباد، پیرانشار و کرماشان"، بەڕێوە دەچێت و دووکان و بازاڕەکان داخراون.
لەلایەکی دیکەوە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵک و بەشداریی خەڵک لە ڕێوەڕەسمی ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی، ماڵی باوکی ژینا ئەمینی لە سەقز لە شەقامی مامۆستا هەژاریان گەمارۆ داوە و نایەڵن هیچ کەس و ماشینێک هاتوچۆی پێدا بکات و ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی لەگەڵ هاتنەدەرەوە لە ماڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵک و بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک، کەشێکی میلیتاریستیی لە شارەکانی کوردستان پێک هێناوە و هێڵی ئینتەرنێتی زۆر لاواز کردووە و لە هەندێک شوێن ئینتەرنێتی پچڕاندووە.