کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زرێپۆش ‌و لەشکری ڕەشتان مژدەی مەرگتانی پێوە دیارە

13:34 - 25 خەرمانان 2723

حەسەن ساڵحزادە

ساڵی ڕابردوو گەلی ئێمە لە کوردستان هاتە سەر شەقام و لە توێی بەرەیەکی یەکگرتوودا بە هەڵبڕینی هاواری بێدادی، نفرەت ‌و بێزاریی خۆیان لە دەزگای خوێنمژی کۆماری سێدارەی ئاخوندی دەربڕی. خۆڕاگریی چەند مانگەی کیژان و کوڕانی شەیدای ئازادی لە کوردستان، هەستی گەلانی بندەستی دیکە و ئازادیخوازانی سەرانسەری ئێرانی هەژاند و بە جۆرێک بەگژ سیاسەتی ئاخوندە دنیاپەرەستە دەسەڵاتدارەکاندا چوونەوە کە هەمووانیان سەرسام کرد. ئەمجارە لاوانی کوردستان بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ دێوەزمەی جەهالەتی قوم و تاران، ستراتێژییەکی نوێیان هێنایە ئاراوە، ئەویش بەکارهێنانی چەکی ئەندێشە و بیرمەندانەی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو. هەر وەک دیمان لە سێبەری ئەم ڕێدۆزەدا تەرازووی سەرکەوتنەکان هەر بە لای لاوانی کوردستاندا دەشکایەوە. ئاخر لەنێو قامووسی بەهاکانی مرۆڤ و لەنێو هی ئاخوندە برسی ‌و قین لەدڵەکانی ئێران، پێناسەی کەرامەتی ژن، مانای ڕاستەقینەی ژیان و خوێندنەوەی وشەی ئازادی گەلێک تۆفیریان هەیە. هەربۆیە دامودەزگای ڕێژیمی جینایەتکاری خامنەیی بە تەواوی تووشی سەرلێشێواوی بووە و لە هەموو بوارەکانی دەسەڵاتداری، دیپڵۆماسی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئیداری و هتد مەشروعییەتی خۆی لەدەست داوە و لەگەڵ گرفتی جیددی ڕووبەڕوو بۆتەوە.

ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران لە ناوەڕۆک ‌و تەواوەتی خۆیدا تێکهاڵۆزاوە و هیچ ڕەواییەکی لە مانادا بۆ نەماوەتەوە. ئەو ڕێژیمەی کە چوار دەیە ئیدیعای دەکرد لە سەر بنەمای باوەڕمەندی بە ئیسلامی ڕاستەقینە بونیاد نراوە و تاکەکانی ژێر تەمەنی ٥٠ ساڵەی کۆمەڵگەی لە توێی سیستەمی پەروەردەی تایبەت بە نیزامی ئایدۆلۆژیای خۆی واتە ویلایەتی فەقیهـ بار هێناوە، لە هەموو وەخت زیاتر تەریک کەوتۆتەوە و هیچ بەهرە و داراییەکی لەبەر دەستدا نییە هەتا بتوانێ وڵاتە وێرانکراوەکەی پێ وەسەریەک بخاتەوە. ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ئێران‌ بە هیچ جۆر وەک جاران فریوی دەزگای دەسەڵاتخوازی ئێران ناخوات. ئیتر وەک جاران نە کلیلە ژەنگاوییەکەی دەرگاکانی بەهەشت بایەخێکیان هەیە، نە ئەرتەشی پووشاڵیی ٢٠ ملیۆنی ئاواتی ئەوانە و نە بە بیانووی ئەوەی کە وڵاتی کفرە، پێملی فەرمانی جیهاد بۆ کوردستان دەبن. ڕێژیم بۆ ئەوەی کوردستان داگیر بکات، لە ماوەی تەمەنی شوومیدا، هەزاران سێناریۆی لە بواری فیلم‌ و سینەما، دەسیسەی ئاشکرا و نهێنی، بابەتی فێرکاری و پەروەردەیی، پیلانی نیزامی و تێرۆر، ئاڵۆزیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەروەها چەندین پرۆژە و پلانی دیار و نەدیاری بەمەبەستی بەلاڕێدابردنی ڕوانگەی کۆمەڵگەی ئێران‌ و جیهان سەبارەت بە گەلی کورد ڕێک خست. ئەوان بەردەوام مێتۆدەکانیان بەڕۆژ دەکردەوە هەتا لە سێبەریاندا بە ئارامی بتوانێ درێژە بە پیلانی داگیرکاریی خۆیان لە نیشتمانی کوردان بدەن و هاوکێشەکان وەک خۆی ڕابگرن. دیارە پرۆسەی ئازادیخوازی گەلی کورد لەمبارە گەلێک قۆناخی بڕیوە و تووشی هەوراز و نشێوی جۆراوجۆر هاتووە، بەڵام لە ڕاستیدا شۆڕشی ژینا سەرەتایەکی گرینگە بۆ دەرچوون لەم دۆخە و هەروەها دەسپێکی شۆڕشێکی جەماوەرییە بۆ ئەوەی لە مەیدانی کردەوەیەکی گشتیدا پیلان‌ و بەرنامەکانی چەند ساڵەی داگیرکەران بکاتەوە بە خوری و لەبەریەک هەڵیان‌تەکێنێ.

ئەگەر دروست ساڵێک لەمەوبەر بهێنینەوە بەرچاومان، بۆمان دەردەکەوێ کە تراژێدیای چەند ڕۆژەی ژینا لە مێترۆی تارانەوە بۆ گۆڕستانی ئایچیی سەقز و لێکەوتەکانی، بوون بە هۆی ئەوەی کە تاران و سەقز لێک گرێ بدرێن و خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی بەرخۆدانی گەلانی تینووی ئازادی بە دژی دەسەڵاتی ئاخوندە فێڵباز و جینایەتکارەکان، دروست ببێت. لە ئاکامدا ئاڵای شکۆی بەرخۆدانی کوردستان نێزیک بە تەواوی ناوچەکانی ئێرانی گرتەوە، ئازادیخوازانی ئێران بە حەماسەتەوە پەیامی هاوسۆزی و پشتیوانییان دەنارد و لە ڕێگەی دروشمەکانیانەوە بە کوردستانیاندا هەڵدەگوت. ڕێژیم لە هەموو بەرەکانی خۆپیشاندانی بەرهەقی خەڵکدا تووشی شۆک‌ و شکست هات. ڕێژیم  کە خۆی لەم قەیرانە فرە ڕەهەندییەدا بە زەبوونی بینییەوە، وەکوو دڕەندەیەکی هار هێرشی چەشناوچەشنی هەوایی و تێرۆریستی بۆ سەر بارەگا و کەمپی پەنابەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور کرد. بەڵام وەک دیمان ئەوەش ئاکامی پێچەوانەی بۆ ئەوان لێکەوتەوە. لاوانی چاونەترسی کورد لە سەر شەقامەکانی کوردستان بانگیان هەڵدا و هاواریان کرد "هەموو خاکی ڕۆژهەڵات بۆتە قەڵای دێموکرات"، هونەرمەندانی کوردستان سروود و گۆرانیان بۆ "وانیارەکان" هۆنییەوە، خەڵک پەیتا پەیتا و بە دڵگەرمی سیاسەتی حیزبەکانی کوردستانییان ڕەچاو دەکرد. لەوانەش زیاتر، باسکی پارێزەری دەسەڵاتی خامنەیی خوێنمژ، واتە سپای پاسداران، لەگەڵ مەحکوومییەتێکی بێ‌وێنەی جیهانی ڕووبەڕوو بوویەوە، لە پارلمانی ئورووپا و زۆربەی وڵاتان دۆسیەی بە تێرۆریست ناساندنی بۆ کرایەوە. لە هەمان کاتدا جینایەتەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە میدیای جیهانیدا بوونە ڕۆژەڤ و بەمجۆرە دەسەڵاتی ئاخوندی لە پانتایی نێونەتەوەییدا تووشی شکستێکی گەورە هاتن.

ئێستا ساڵوەگەڕی شۆڕشی بەشکۆی ژینای کوردستان دەستی پێکردووە، یان باشتر وایە بڵێین چەخماخەی بووژانەوەی شۆڕش بە دژی داگیرکاری لێ درا و هەموو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی گەلەکەمان خۆیان بۆ یادی ئەم ڕۆژە مێژووییە ئامادە کردووە. هەتا دوایین ساتەکانی ساڵیادی ژینا، ڕێژیم لە گرتن و ڕفاندن و تۆقاندنی تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاری لە کۆسپێک درێغی نەکرد و بە تێخزاندنی هێزی پارێزەری جەهالت هەموو کۆڵان ‌و شەقامەکانی کوردستانی مێلیتاریزە کرد هەتا بە خەیاڵی خۆی دەنگی ڕەوای ئەم گەلە کپ بکا. ڕێژیم بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو کە بە شێوەی دزێو هێزی سەرکوتکەری لە مۆڵگەکانیان حەشار دەدا و لە حاڵەتی پێویستدا لە خەڵکیان بەردەدان تا بەشکم هەناوی نگریسیان تۆزێک ئۆقرە بگرێ. دوژمنی تینووی ئازادی و یەکسانی، بەوپەڕی بێشەرمی و داماوی، لە ستوون و قەوارەی لەشکری زەبەلاحدا لەنێو جاددەی شارەکان و لەنێو شەقامەکانی کوردستان مانۆڕی سەربازی و نیزامییان ساز کردووە و هەر بۆ خۆشیان فیلم و ڕیپۆرتاژیان لێ‌ بڵاو دەکەنەوە. ئەگەرچی ڕێژیم پێی وایە لەمبارەوە دەتوانێ خەڵکی مافخواز چاوترسێن بکا، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم مانۆڕە نیشانەی ترس و بێدەسەڵاتیی ڕێژیم لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستانە کە بڕیاریان داوە نەسرەون هەتا سەر دەکەون.  دەزگای دەسەڵاتداری خامنەیی کە هەموو میدیاکانی قورخ کردووە و لەوێدا بەردەوام پێداگری لە خەڵکیبوونی نیزامەکەی و ئیدیعای دامەزراندنی سیستەمی عادڵانەی خوا لە سەر عەرز دەکا، دەبێ لە چی بترسێ؟ یان ئەگەر خاوەن مەشرووعییەت و ڕەوایین، ئەو هەموو چەکوچۆڵە ڕوویان لە کوێ‌ و لە کێیە؟ دیارە ئەم پرسیارانە بۆ ئەوان زۆر قورسن، چونکوو ئەو پرۆژەی کە دەسەڵاتی خامنەیی لە کوردستان پیادەی دەکا، سیاسەتی وڵاتێک بەرانبەر بە وڵاتێکی دەرەکییە کە ئێعلانی شەڕیان بۆ دابێت!

دەزگای پڕۆپاگاندای کۆماری ئیسلامی ماوەی چەند ڕۆژە مانۆڕێکی بەربڵاوی میدیایی و دیپلۆماسی دەست پێکردووە و لەودا بەوە دەنازێ کە ناوەندی بەڕێوەبەریی پارتەکانی ڕۆژهەڵتی کۆنترۆڵ کردووە و ئەوان چیتر ناتوانن چالاکی بکەن. ئەوەتا ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان دەبینین کە هەموو شار و گوندەکانی کوردستان بۆتە مەکۆی بەرەنگاری بە دژی نیزام و خەڵکی بەئەمەگی کوردستان لە بەرەیەکی یەکگرتوودا وڵامی حیزبە خۆشەویستەکانی خۆیانیان لەسەر داوای مانگرتنی گشتی لە کوردستان دایەوە. هەروەها گەلی چاونەترسی کورد، جارێکی دیکە بە دوژمنی دژەکوردی تارانی سەلماند کە مێشکی بزووتنەوەی کوردستان لە چەقی شەقامەکانی کوردستان هەڵکەوتووە و ئەوان ناتوانن لە هیچ مامەڵەیەکدا چەلەحانێ لەسەر مافەکانیان بکەن.

وەک لە کردەوەدا دەردەکەوێ، هەڵسوکەوتی حکوومەتی ئێران لە کوردستان، لە جۆری ڕوانین بۆ وڵاتێکی کۆلۆنیزەکراوە و  گەلی کوردیش ئەم مەترسییەی بە جیددی وەرگرتووە، هەر بۆیە ڕۆڵەکانی لە هەموو وەخت وشیارترن و هەتا نەمانی داگیرکەر لەسەر خاکەکەیان کۆڵ نادەن. داگیرکەر هارتر لە هەموو وەخت لە پیلانگێڕیدایە و وێڕای گرتن و ترساندن، هەموو جۆرە چەکێکی بۆ کپکردنی دەنگی مافخوازی هێناوەتە سەر شەقامەکانی کوردستان. بەڵام خەیاڵیان خاوە، ئەگەر چەکی دوژمن بریتی لە پیلان ‌و زیندان‌ و زرێپۆشە، چەکی ڕۆڵەکانی ئێمەش بانگی ئازادی لەسەر شەقامەکانی کوردستان بۆ دابینکردنی بەها بەرزەکانی مافی مرۆڤ لە ڕیزی یەکگرتووییدایە. ئاسۆ ڕوونە، گوڵی سەرکەوتن بۆ ئازادیخوازنی کوردستانە و مەرگ و ڕیسوایی بۆ داگیرکەر و دەستوپێوەندییە بێنرخەکانیان دەمێنێتەوە.