کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسێکی پێوەندیدار بە شۆڕشی ژینا و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان

13:50 - 25 خەرمانان 2723

کۆنفڕانسێکی پێوەندیدار بە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە و هەروەها پرسی ژن و نەتەوەکان و ئایینەکان لە ژێنێڤ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، کۆنفڕانسێک لەسەر پرسی ژنان، بارودۆخی نەتەوەکان و ئایینەکان لە ئێران لە ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی "ژینا ئەمینی" و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، بەتایبەت لە کوردستان و بەلووچستان لە ژێنێڤ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان- ژێنێڤ ڕێک خرا.

لەو کۆنفڕانسەدا، جاوید ڕەحمان، تەیموور ئەلیاسی، سارا حوسێن، دوکتور کۆچەر وەلەدبەیگی، سیمین فەهەندژ و چەندین کەسایەتیی کورد، ئێرانی و بیانی لە پێوەندی لەگەڵ کوژرانی ژینا، بارودۆخی ژنان لە کوردستان، سەرکوتی بەرفراوانی ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و ئێران، پشتیوانیی نێونەتەوەیی لەو بزووتنەوەیە و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" وتاریان پێشکەشی بەشداربووان کرد.

شایانی باسە کە لەو کۆنفڕانسەدا، کورتەفیلمێکی "فریا یوونسی" لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان لە کوردستان لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا و سەرکوتی ئەو خۆپیشاندانانە لەلایەن ڕێژیمەوە و جیاوازیی هەڵسوکەوت لەگەڵ خۆپیشاندەران لە کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێران، نمایش درا.