کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

14:42 - 25 خەرمانان 2723

خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی مانگرتنی گشتی، جارێکی دیکە دژایەتیی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕییەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی خەرمانان، هاوکات لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا، لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە "سەقز، بۆکان، بانە، مەریوان، ورمێ، شنۆ، ڕوانسەر، دیواندەرە، کامێران، سنە، پاوە، مەهاباد، پیرانشار و کرماشان و..."، مانگرتنی گشتی بەڕێوە چوو و دووکان و بازاڕەکان داخران و خەڵکی کوردستان بۆ جارێکی تریش بە دەم بانگەوازی حیزبەکانی خۆیانەوە هاتن و دژایەتیی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕییەوە.
لەلایەکی دیکەوە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵک و بەشداریی خەڵک لە ڕێوەڕەسمی ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی، ماڵی باوکی ژینا ئەمینی لە سەقز لە شەقامی مامۆستا هەژاریان گەمارۆ دا و نەیاندەهێشت هیچ کەس و ماشینێک هاتوچۆی پێدا بکات.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵک و بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک، کەشێکی میلیتاریستیی لە شارەکانی کوردستان پێک هێنابوو و هێڵی ئینتەرنێتی زۆر لاواز کردبوو و لە هەندێک شوێن ئینتەرنێتی پچڕاندبوو، بەڵام دیسان نەیتوانی ئیرادەی خۆی بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنێت و خەڵک بە شێوەی هاودەنگ و یەکگرتوو، مانیان گرت.
شایانی باسە کە ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان، ٦ حیزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ژینا، لە بانگەوازێکی هاوبەشدا داوایان لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان مانگرتنی گشتی بەڕێوە ببەن و خەڵکی کوردستان وەک هەمیشە بە دەم بانگەوازی حیزبەکانی خۆیانەوە هاتن.