کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەختکردنەوەی جاوید ڕەحمان لەسەر دروستکردنی مێکانیزمێکی توێژینەوەی نێودەوڵەتی لەسەر ڕێژیمی ئێران

12:42 - 12 خەرمانان 2723

جاوید ڕەحمان ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، لە کۆنفرانسێکدا لە نۆروێژ دەڵێ: ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی وایە بە ڕێگریکردن لە چوونی من بۆ ئێران لە بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی ئەو ڕێژیمە دڵسارد دەبمەوە، زۆر بەهەڵەدا چووە.

لە یەکەمین ڕۆژی کۆنفرانسی "دادپەروەری لە قۆناغی گواستنەوەدا" کە ڕۆژی ١١ی خەرمانان لە ئۆسلۆی پێتەختی نۆروێژ بەڕێوە چوو، جاوید ڕەحمان وەکوو میوانی تایبەتی ئەو کۆنفرانسە بەشدار بوو، شەهیدکردنی ژینا ئەمینی بە نموونەی هەرە بەرچاوی دۆخی ژنان لە ئێراندا ناو برد و لەوەش گرینگتر ئەو کردەوەی کۆماری ئیسلامیی وەکوو نموونەیەک بۆ سەرکوتی ئایینی و نەتەوەیی نەتەوەکانی ئێران ناو برد.

ناوبراو بە ئاماژە بە کوشتنی لانیکەم ٦٠ منداڵ و سەدان کەسی دیکە، نابیناکردنی دەیان کەس و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و دەستدرێژی بۆ سەر بەندکراوان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە وتی هیچ ڕێکارێک بۆ ناچارکردنی ئەو ڕێژیمە بۆ ڕاگرتنی ستەمی نەتەوایەتی، ئایینی، ڕەگەزی و تاکەکەسی نەگیراوەتە بەر.

ڕەحمان هەروەها بە ئاماژە بە هەڵاواردنی ئایینی و نەتەوەیی لە ئێراندا باسی لەوە کرد کە تەنیا لە ماوەی ئەم چەند مانگەی ساڵی ٢٠٢٣دا، ٤١٩ کەس لە سێدارە دراون.