کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکاران بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان

09:02 - 27 خەرمانان 2723

ڕێکخراوەکانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکیەتیی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ۲٦ی خەرمانان، ساڵیادی تێرۆرکردنی ڕێبەری بلیمەتی گەلەکەمان دوکتور سەعید شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بەدەستی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:
ژنان و لاوان و خوێندکارانی مافویست! ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ڕێبەری ناوداری گەلەکەمان یادی دوکتور سەعیدی ڕێبەر دەکەینەوە کە ساڵێک بەسەر شەهیدکردنی ژینا ئەمینی کچەکوردی خەڵکی شاری سەقز بەدەستی کوردکوژانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێدەپەڕێت کە ئەو کارە نامرۆڤانەیە بووە هۆی بێزاریی هەموو وڵاتانی جیهان بەگشتی و دانیشتووانی وڵاتی ئێران بەتایبەتی لەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەی کە بەسەر خەڵکدا زاڵ بووە.
خەڵکی کورد بەگشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر داواکانی دوکتور سەعیدی ڕێبەر کە ئازادی و سەربەستیی بۆ هەموو گەلانی ئێران بوو سوورتر و بەهێزتر لە جارانن و کۆماری ئیسلامی بە مووشەکباران و گرتن و لێدان و ئەشکەنجە نەک ناتوانێت لەسەر داوا ڕەواکانمان دوورمان بکاتەوە بگرە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر، سوورتر و پێداگرتر دەبین تا ڕووخانی ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری ئێران و وەدیهاتنی ئازادی و دێموکراسی دەست لە خەبات هەڵناگرین.
هیوادارین ڕێبوارانی ڕێبازی  دوکتور سەعیدی ڕێبەر لە شاخ و شار بە ئاواتەکانی دوکتور سەعید بگەن و کوردستان لەژێر چنگی داگیرکەر ڕزگار بێت.
ئێمەش وەک ژنان و لاوان و خوێندکارانی ئازادیخواز لە سەنگەری بەرگریدا پاڵپشتیی هەموو چین و توێژەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتین بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاریی یەکجاری و ۲٦ی خەرمانانی ئەمساڵ دەکەینە هەوێنی یەکبوون و بەرەنگاری دژ بە تاریکی و دیکتاتۆری. 


ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دیمۆکرات
۲٦ی خەرمانانی ۲۷۲۳ی کوردی‌