کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیدار لەگەڵ "ئالێکساندر فۆن شتال"، دادستانی پێشووی فیدراڵی ئاڵمان

11:38 - 27 خەرمانان 2723

مستەفا قازیزادە هاوکاری بەشی پێوەندییەکانی دەرەوی وڵاتی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان، بەبۆنەی ٣١ ەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی تێرۆریستیی ڕێستورانی میکۆنووس لە شاری بێرلین، سەردانی "ئالێکساندر فۆن شتال"ی کرد.

ئالێکساندر فۆن شتال، دادستانی پێشووی فیدراڵی ئاڵمانە کە لە ساڵی ١٩٩٢دا دروستبوونی دادگای میکۆنووسی بە فەرمی ڕاگەیاند.

 گرینگیی بڕیارەکەی لەوەدایە کە ناوبراو سەرەڕای گوشار و هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ بەرگری لە دروستبوونی ئەو دادگایە، نەیهێشت کە تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بێدەنگیی بەسەردا بێت. دیارە خۆشی لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە ڕاستەوخۆ هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکرا و ساڵانێکی زۆر لەژێر چاوەدێریی پۆلیس بوو کە گیانی بپارێزرێت.

فۆن شتال وەک بیرەوەری باسی کرد کە هەواڵی ئەو تێرۆرەی لە ڕادیۆ بیست و هەر دەسبەجێ بڕیاری دا کە ئەو مەسەلەیە بۆ خۆی بە ئەستۆ بگرێت و نەهێڵێت بەلاڕێدا ببردرێت. هەروەها باسی کرد کە بە بیستنی هەواڵی تێرۆری کوردانی ئۆپۆزیسیۆن لە شاری بێرلین، مسۆگەر بوو کە ئەوە مەسەلەیەکی سیاسییە و ئەو خۆی بە بەرپرس زانی کە ئەو ڕووداوە لە ڕێگای عەداڵەتخوازی ڕوون بکاتەوە.

مستەفا قازیزادە ئاماژەی بە گرینگیی مێژوویی دادگای میکۆنووس کرد کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی عەداڵەتخوازی، کاربەدەستانی دەوڵەتێک واتە ئێران وەک تێرۆریست مەحکووم کران.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، قازیزادە سپاس و پێزانینی خۆی سەبارەت بەو کارە مێژووییەی فۆن شتال دربڕی.