کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان لە پیرانشار کۆچی دوایی کرد

12:20 - 27 خەرمانان 2723

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، سەیدە زولێخا حاجەتمەند، دایکی شەهید ڕەحمان ئەلیاس‌زادە ناسراو بە ''ڕەحمان سەیدزادە''، خەڵکی گوندی خراپە و دانیشتووی شاری پیرانشار، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد. 

سەیدە زولێخا جگە لەوەیکە دایکی پێشمەرگە بوو، ژنێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز بوو، هەرکات زانیبای کە پێشمەرگە لە دەوروبەری گوندی ''خراپە''ن، خواردنی بۆ دەبردن و دەیوت: ڕەحمانی کوڕم شەهید بووە، بەڵام ئێوە بۆ من هەمووتان ڕەحمانن. نابێ بهێڵن خۆینی شەهیدەکان بە فیڕۆ بچێت، ئێمە بنەماڵەی شەهیدان چاومان لە فیداکاریی ئێوەیە، ئامانجی شەهیدان وەدی بێنن.

شەهید ڕەحمان ئەلیاس‌زادە، لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەدا بەوپەڕی فیداکاری و لەخۆبردووییەوە لە پێناو ئامانجەکانی حیزب و گەل تێکۆشاوە و پلەی جێگرلکیی هەبووە و دوای قارەمانییەتیی زۆر لە ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانانی ١٣٦٥ی هەتاوی، لە دەرگیری لەگەڵ هێزە دژە گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شێلم جاران لە ناوچەی پیراشار شەهید بوو و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی حیزب و گەل بوو و تەرمەکەی لە گوندی خراپە بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی دایە سەیدە زولێخا حاجەتمەند، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و خەڵکی گوندی خراپە دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.