کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردانەوەی ئاوی بەنداوی سەقز، زیانێکی زۆری بە وەرزێڕان گەیاندووە

11:29 - 29 خەرمانان 2723

بەرداننەوەی ناوەختی ئاوی بەنداوی "چراوەیس"ی سەقز، زەرەر و زیانی زۆری ماددیی لە هاووڵاتییان و وەرزێڕانی ناوچەکانی گەورک و فەیزوڵڵابەگی ئەو شارە داوە.

لە ڕۆژانی ڕابردودا کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە سەقز بە مەبەستی ڕێگریکردن لە چوونی خەڵک بۆ سەر گڵکۆی شەهید ژینا ئەمینی لە هەموو توانا نیزامیییەکانی و کەرەستەکانی بەردەستی کەڵکی وەرگرتبوو و ئاوی بەنداوی چراوەیسیشی بەردابووەوە، خەڵکانێکی زۆر لە ناوچەکانی سەقز تووشی خەسارەتی ماڵی بوون.

بەرداننەوەی ناوەختی ئاوی بەنداوی چراوەیس لە وەرزی هاویندا یەکێکی دیکە لەو کارە نادروستانە بوو کە ڕێژیم بە دژی خەڵک بەکاری هێنا هەتا کەس نەتوانێت لە دێهاتەکانی خەییەر و هێجانانەوە لەو چۆمە بدات و خۆی بگەیەنێتە سەر گڵکۆی شەهید ژینا.

بەرداننەوەی ئاوی ئەو بەنداوە بێ هاوئاهەنگی لەگەڵ وەرزێڕان و باخدارانی ناوچەکانی گەورک و فەیزوڵڵابەگی، بووە هۆی ئەوە کە زەوی و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی زۆر کەس بکەوێتە ژێر ئاو و هەمووی لەنێو بچێت.

لە زۆربەی ئەو شوێنانەدا، موتۆری بەرق و ئاو، شیلەنگی ئاوداشتن، کەرەستەکانی جووتیاری و تەنانەت ماشین و تراکتۆری خەڵک، زیانی زۆر جیددییان بەرکەوتووە و ڕێژیمیش بە هیچ شێوەیەک وڵامدەری ئەو کردەوە قێزەونەی خۆی نییە.