کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکیی تەبلیغی بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان

11:49 - 29 خەرمانان 2723

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی کار و چالاکییەکانیان بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان، ساڵیادی تێرۆرکرانی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی هەروا بەردەوامن.

لە ڕۆژانی ٢٧ و ٢٨ی خەرمانان، ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات، لە شاری نەغەدە بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی دوکتور سادق شەرەفکەندی، ڕێبەری بەتوانا و هەڵکەوتەی کورد، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد و وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.

ئەو شوێنانەی کە لە نەغەدە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: ''قەڵاتان، زەلیلان، ڕێگای شنۆ بۆ نەغەدە، خنخنە، میراوێ، ڕێگای میراوێ بۆ دەزبەند، کامووس، وەزنێ و کۆیکان."

هەر بەو بۆنەوە لە شاری جوانڕۆ، ئەندامانی دڵسۆزی حیزب بە نووسینی دروشم لە سەر دیوار، یادی دوکتور سادق شەرەفکەندی و ڕێبازی پیرۆزی شەهیدانیان بەرز ڕاگرت و بە نووسینی ''ژن، ژیان، ئازادی'' ڕایانگەیاندەوە کە شۆڕشی ژینا هەتا سەرکەوتن بەردەوامە.

ڕۆڵە بەجەرگەکانی دێموکرات لە شاردەێی ''نێ'' سەر بە مەریوان، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێر، یادی دوکتور سادق شەرەفکەندییان بەرز ڕاگرت و ئەوەیان خستەوە بیر کە تێرۆر هیمای ڕێژیمی ئێرانە.

لە چالاکییەکی دیکە بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان، ئەندامانی دڵسۆزی حیزب لە ناوچەکانی مەحاڵ و شاروێرانی مەهاباد، لەسەر گڵکۆی شەهید حەسەن سۆهرابی، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهیدان و حیزب نوێ کردەوە.

هەروەها تێکۆشەرانی دێموکرات لە پیرانشار لە ڕێگەی ''خاڵدار بۆ سێلوێ'' بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بۆ جارێکی دیکە لەسەر تێکۆشان بۆ وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکان پێداگرییان کردەوە.