کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر ٧ کەس و ٤ دامەزراوە بەهۆی بەشداری لە بەرنامەی دڕۆنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران

12:18 - 29 خەرمانان 2723

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ٧ کەس و ٤ دامەزراوەی جێگیر لە ئێران، چین، ڕووسیە و تورکیەی بەهۆی پێوەندییان لەگەڵ بەرنامەی دڕۆنیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە خستە نیو لیستی گەمارۆکانەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ئەو کەس و دامەزراوانە لە ئاسانکاری بۆ ناردنی پارچە و ئەنجامدانی مامەڵەی دارایی بۆ پیشەسازیی فڕۆکەوانیی ئێران و هەوڵەکانی ئەم ڕێکخراوە بۆ دروستکردنی دڕۆن و فڕۆکەی سەربازی، ڕۆڵیان هەبووە.

لە گەمارۆی نوێی ئەمریکا، شیرکەتی هێسا، سەر بە وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران، کە دڕۆنی ''ئەبابیل و شاهد'' بە پاڵپشتی سپای پاسداران بەرهەم دەهێنێت، خرایە لیستی سزاکانەوە.

برایان نێسلۆن، جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی: ''بەردەوامیی چالاکییە بە ئەنقەستەکانی ئێران بۆ فراوانکردنی بەرنامەی دڕۆنی، وا دەکات ڕووسیە و بریکارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هۆکارە ناسەقامگیرکەرەکانی دیکە بتوانن سەقامگیریی جیهانی تێک بدەن.''

نێسلۆن لەسەر ئیرادەی ئەمریکا بۆ گرتنەبەری هەنگاو بەرامبەر تۆڕی دابینکردنی دڕۆن لە کۆماری ئیسلامی و هاندانی وڵاتانی جۆراوجۆر بۆ پێشگرتن لە هەناردەکردنی پارچەی دڕۆن بۆ ئێران بە شێوەیەکی یاسایی جەختی کردەوە.

جێگەی ئاماژەیە لە ماوەی ١٨ مانگی هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، چەندین وڵاتی ئورووپایی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریک چەندین جار سەبارەت بە پشتیوانیی سەربازی کۆماری ئیسلامی لە مۆسکۆ و ڕادەستکردنی دڕۆن بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراین، هۆشدارییان داوە.