کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بۆ دەسپێکی وەرزی نوێی فێرکاریی ١٤٠٢-١٤٠٣

13:01 - 30 خەرمانان 2723

قوتابییان و مامۆستایانی خۆشەویست!

ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، دەست بە بڕینی قۆناخێکی دیکە لە جیهانی زانست و پەروەردە دەکەین. ئەمساڵ دەرفەتێکی نوێیە بۆ درێژەدان بە توێژینەوە و وردبوونەوە لە ڕاستییەکانی جیهان و بەکارهێنانی تواناکانمان. هەروەها دەرفەتێک بۆ ئەوەی کە بتوانین لەودا شتگەلێکی گەورەتر تاقی بکەینەوە. ئەگەر نەخشەڕێگایەکی دروست بە سیستەمی پەروەردە بدرێت دەتوانێ فێری بیری نوێمان بکات، لە ئەنجامدا مێشکمان فراوانتر دەبێتەوە و ڕێگەمان پێ دەدا باشتر داهاتووی خۆمان بۆ ژیانێکی سالمتر فرمووڵە بکەین. دیارە بۆ ئەوەی کە قوتابی و فێرکار بتوانن لە واقیعییەتە جیهانییەکان سوودمەند ببن و شتی نوێ بدۆزنەوە، بە بێ یارمەتیی مامۆستا ناتوانن سەرکەوتن وەدەست بێنن. واتە، وانەبێژان و مامۆستایان لەم ئەرکەدا فاکتەری گرنگی ئەم ڕێگایەن و بەرپرسایەتیی قورسیان وەسەرشان دەکەوێ.

هاونیشتمانییانی خۆشەویست !

ئەمڕۆ لە سایەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دنیای ڕاستەکی هاتۆتە بەرچاومان و ئەگەر بمانەوەێ دەکرێ دەستمان بە هەموو قوژبن و کەلەبەرێک لە جیهان ڕابگات. ئێستا گشتمان دەزانین دۆخی قوتابخانە و پەروەردەی وڵاتان چۆنە و لەگەڵ ئەوانەی وڵاتی خۆمان بەراوەردیان دەکەین. هەر بۆیە بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە پێچەوانەی  دۆخی وڵاتانی دیکە، ڕوانگەیەکی بەرتەسکی ئایدۆلۆژیکی شووم، باڵی ڕەشی بە سەر پرسی پەروەردەدا کێشاوە و هەموو دەرگاکانی گەشە و نەشەی بەسەر منداڵانی ئێمەدا داخستووە.

 نیزامی سیاسیی ئێران کە دەیان و سەدان دەزگا و بونیادی جۆراوجۆر و هەمەڕەنگی بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران لێرە و لەوێ قوت ‌کردۆتەوە، هەر یەکەو بە بیانوویەک خۆیان خزاندۆتە ناو دڵی پرسی فێرکارییەوە و لەوێوە هەوڵی داگیرکردنی مێشک و هزری قوتابییان، واتە نەوەی دواڕۆژی کۆمەڵگەی ئێمە دەدەن. دەزگای حاكم لە ئێران بە ڕەچاوکردنی سیاسەتی دژەمرۆیی سەبارەت بە ماف و ئازادییەکانی ژنان، هەر لە پۆلەکانی یەکەمی سەرەتایی و بگرە ئامادەییەوە هەوڵی سەرکوتی سیستماتیکی کچان دەدا و ڕێگەی گەشە و پەروەردەی لە بوارەکانی فکری و وەرزشی لێ ‌زەوت کردوون. قوتابخانەکان بوونەتە ناوەندی باجگیری بۆ خڕکردنەوەی پارەی زۆرەکی و مانای ڕاستەقینەی خۆیان لەدەست داوە. ئەمڕۆ لە سێبەری حاکمیەتی شوومی ئاخوندە فێڵباز و دنیاپەرەستەکاندا خەڵکی ئێران بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی، لەوپەڕی هەژاریدا دەژین و تەنانەت بەشێکی زۆر لە بنەماڵەکان توانای دەستڕاگەیشتن بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی منداڵەکانیان بۆ چوونەوە بۆ قوتابخانە نەماوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ڕێژەی دەستهەڵگرتن لە خوێندن هەتا دێ زیاتر خۆی نیشان دەدا و لە ناو لاواندا ئاستی هیوا بە ژیان بەرەو کزی دەڕوا. هەروەها هیچ بایەخێک بە پیشەی شوێندانەر و گرینگی مامۆستایەتی نادرێ و دەسەڵات نە تەنیا گوێ لە داخوازە ڕەواکانی مامۆستایان ناگرێ، بەڵکوو لە جاران چڕتر، بە چۆماقی ڕق و تۆڵە وەڵامیان دەداتەوە.

قوتابییانی ئازیز و مامۆستایانی مافخوازی کوردستان!

هەروەک هەموو لایەکمان ئاگادارین، ساڵی ڕابردووی خوێندن، وەکوو وەرزێکی هەرەگرینگی لەبیرنەکراو لە مێژووی گەلەکەماندا تۆمار کراوە. بۆ ئێوە لەو ساڵەدا وەکوو قوتابییانی کوردستان، دەرفەتێک بوو کە وانەکانی ژیانتان تاقی بکەنەوە، ئەوەش وەختێک مانا دەدا کە لەژێر تیشکی ڕووناکی بیری مامۆستا مافوخوازەکانتاندا ئەنجامیان بدەن. کاتێک کە پارێزەرانی دەسەڵاتی ئەهریمەنی ئاخوندی لە درێژەی جینایەتەکانیاندا دەستیان بە خوێنی لاوی دڵپاک، "ژینا ئەمینی" سوور بوو، وەکوو چاوەڕوان دەکرا، ئێوە قوتابییانی کوردستان بە پشتیوانی و دڵگەرمیی مامۆستا چاونەترسەکانتان ئاڵای دروشمی ماناداری "ژن، ژیان، ئازادی"تان کە لە ناخی ڕاپەڕینی گەلی خۆڕاگری کوردستانەوە شکۆفەی کردبوو، بەرز کردەوە و وەکوو سووژەی سەرەکیی خۆتان بۆ ناو دڵی قوتابخانە برد کە هەتا ئێستاش بە شەکاوەیی ماوەتەوە. هیچکەس نابێ حاشا لەوە بکا، داری ئازادی ئەو سەرهەڵدانە جەماوەری و فرە ڕەهەندە کە بە شۆڕشی ژینا ناوبانگی جیهانیی دەرکرد، قورسایی هەرە زۆری لەسەر شان و باسکی بەهێزی ئێوە مامۆستایان و قوتابییانی کوردستان بووە. لە ماوەی ساڵی یەکەمی خوێندنی شۆڕشی ژینادا، قوتابییان و مامۆستایانی کوردستان، شان بە شانی گەلانی بندەست و  خەڵکی ئازادیخوازی دیکەی ئێران، لە هیچ کەمتەرخەمییەک بە مەبەستی تێکەوەپێچانی دەسەڵاتی شوومی خامنەیی درێغیان نەکرد و لە درێژەی فیداکارییەکانیاندا، بێجگە لەو هەمووە فیداکارییەی کە زیندان و ئەشکەنجەیەکی زۆری لێکەوتەوە، بووە هۆی ئەوەی کە چەندین شەهید و برینداری هەرە بەنرخ پێشکەش بە ڕێگای ڕزگاری گەلەکەمان بکەن، شەهیدانێک کە هەموویان بە "قارەمان و شەهیدی کوردستان" ناوبانگیان دەرکرد.

 بە دڵنیاییەوە پێشوازی لە ١ی ڕەزبەری ئەمساڵ لەچاو ساڵانی ڕابردوو جیاوازییەکی تایبەتیتر بە خۆیەوە دەبینێ. دەستپێکی ئەمساڵی خوێندکاری لە ئێران هاوکات دەبێت لەگەڵ سەرەتای ساڵوەگەری ڕووداوی دڵتەزێنی شەهیدبوونی ژینا، هەر بۆیە بە ڕەنگ و بۆیەکی دیکەوە دەستی پێ دەکات و جەرگەی قوتابخانەکانی کوردستان دەبێتە بەشێکی گرینگ لە ڕەوتی بزووتنەوەی ئازادیخوازنە بە دژی بیری دژەمرۆیی سپای جەهل‌ و نەزانی لە کوردستان، ئەوەش واتە ساڵی دووهەمی خوێندنی شۆڕشی ژینا. ئەو کچ و کوڕە چاونەترسانەی کە ساڵی ڕابردوو بە ڕۆحی تەژی لە کوردایەتی‌ و ئازایەتی، قوتابخانەکانیان کردە مەتەرێزی بەرگری لە مافە ڕەواکانیان و بە کردەوە ئاڵای سروودی نەسرەوتن تا سەرکەوتنیان لە جەرگەی قوتابخانەکاندا دەشەکاندەوە، چاوەڕوان دەکرێ کە ئەمساڵیش چاوکراوەتر لە جاران، درێژەدەری هەمان ڕێباز و ئامانجی ڕەوای خۆیان بن.

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

هەروەک دەزانین، ماف و ئازادییەکانی قوتابییانی ئێمە بە هێچ جۆر لەلایەن دەسەڵاتی سەرەڕۆەی ئاخوندییەوە لەبەرچاو ناگیرێ. فەزای قوتابخانە و ناوەڕۆکی کتێبە دەرسییەکان جیا لەوەی کە سەردەمیانە و دڵگیر نین، بەڵکوو لە ڕووی شوناسی نەتەوەیی، باری کەسێتی، کولتوور، مێژوو، ژینگە و دەیان تایبەتمەندیی دیکەوە لەگەڵ ڕۆح‌ و خواستی قوتابییانی ئێمە تۆفیریان هەیە. قوتابی، بنەماڵە، مامۆستا و کارناسانی بواری پەروەردە، لە ناوەڕۆکی کتێبە دەرسییەکان و پرسی پەروەردەدا هیچ نەخش و ڕۆڵێکیان نییە. ئەم کۆمەڵە گرفتە و دەیان کێشەی نابەرابەر و جۆراوجۆری دیکە بوونەتە هۆی ئەوەی کە قوتابییانی ئێمە دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی خەڵکی ناڕازی و قوتابخانەکان بکەنە سەنگەری داکۆکی لە ماف و داخوازییەکانی خۆیان.

 ئێمە وەک دایک‌ و باب یان سەرپەرستی قوتابییەکانمان دەبێ باوەڕمان بەوە هەبێ کە هەتا ئەو ڕۆژەی وەها حکوومەتێکی دژەئینسانی لەسەر کار بێت و بەرپرسگەلێکی وەها دنیاپەرەست و نەزان بڕیار لەسەر چارەنووسی منداڵانی وڵاتی ئێمە بدەن، دۆخی قوتابییانی ئێمە لەوە باشتر نابێت و بگرە دەبێ داهاتوویەکی ڕەشتر لەوەی کە هەیە چاوەڕوانیان بێت. هەربۆیە سەرەڕای هەموو ڕووداوە تاڵ ‌و دڵتەزێنەکانی ساڵی ڕابردووە، جێگەی خۆیەتی کە شانازی بە ڕۆڵە چاونەترسەکانی خۆمان لە پانتایی قوتابخانە و پرسی پەرەوەدەدا بکەین. هەروەها پێویستە لەم بوارەدا دوو خاڵ لەبەر چاو بگرین: خاڵی یەکەم، لە جیاتی ترساندن و پاشەکشە پێکردن، باشتر وایە پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی منداڵەکانمان بکەین هەتا دەرفەتی داهاتوویەکی باشتر لە ئێمەیان بۆ بڕەخسێ. لە هەمان کاتدا دەبێ بە چڕی پارێزگارییان لێ بکەین، هەتا نە وەکوو تووشی کارەساتی دڵتەزێنیان بکەن. خاڵی دووهەم، گەلی ئێمە لە باری پرسی فێرکارییەوە دەبێ خۆی بە قەرزداری ئەو مامۆستایانە بزانێ کە شانبەشانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان، منداڵانی کۆمەڵگەی ئێمەیان بۆ ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ ڕاهێناوە هەتا لە بەرانبەر بە بێڕەوشتترین دەسەڵاتەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا وەدەنگ بێن و پاشەکشە بە سیاسەت و پڕۆژە دژەمرۆییانەکانی بکەن.

ئێمە وەکوو یەکێتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، وێڕای دەڕبڕینی پشتیوانی هەمەلایەنەی خۆمان لە بزووتنەوەی ڕەوای شۆڕشی قوتابی و مامۆستایانی کوردستان کە ئاوێتەی بزووتنەوەی جەماوەری گەلی کورد بووە، هیوادارین کە بە درایەتی ژیرانە و پتەوکردنی ڕیزەکانی یەکگرتووییمان، هەرچی زووتر بە ئاواتەکانمان بگەین و لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر بۆ خۆمان و نەوەکانی دواڕۆژمان مسۆگەر بکەین.

 

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران