کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکشکاندنی ٢٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئۆکراینەوە

11:34 - 13 خەرمانان 2723

ئۆکراین ٢٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیی هەناردەکراوی ڕووسیەی تێک شکاند.

هێزی ئاسمانیی ئۆکراین ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی ڕایگەیاند کە لە ٢٥ فڕۆکەی هێرشبەری شاهێدی ئێرانیی هەناردەکراوی ڕووسیە ، ٢٢ ی تێکشکاندووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی "ئورووپای ئازاد" بەرپرسانی ئۆکراینی ڕایانگەیاند کە هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ڕووسیە بۆ بەندەری "ئوودسا" بەردەوامە و ئەو سێ فڕۆکەیەی کە هێزی ئاسمانیی ئۆکراین نەیتوانی تێکیان بشکێنێ، بەشێکی بچووک لە ژێرخانی بەندەرەکەی وێران کردووە و دوو کەسیش بریندار بوون.

جێگای ئاماژەیە کە بەندەری ئوودسا یەکێک لەو بەندەرانەی ئۆکراینە کە دانەوێڵەی ئەو وڵاتە کە ٣٠ لەسەدی دانەوێڵەی جیهان بۆ وڵاتانی دیکە پێکدێنێ هەناردە دەکا و پێشتریش ڕووسیە ڕایگەیاندبوو کە ڕێگر نابێ لە هەناردەی دانەوێڵە لەو بەندەرەوە.

لەلایەکی دیکەوە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکراین بەشێکی بەرچاو لە فڕۆکەخانەکانی ڕووسیەیان بوردومان کرد بە شێوەیەک کە هەموو فڕۆکەخانەکانی ڕووسیە داخران.