کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵمەتێکی خاوێنکردنەوەی ژینگە لە دەوروبەری بەنداوی بۆکان بەڕێوە چوو

11:49 - 1 رەزبەر 2723

کۆمەڵێک لە کەسانی ژینگەدۆست و نیشتمانخۆشەویست، لە هەڵمەتێکی ژینگەپارێزیدا دەوروبەری بەنداوی بۆکانیان لە زبڵ و پاشماوەکان خاوێن کردەوە.

ڕۆژی هەینی ٣١ی خەرمانان، کۆمەڵێک لە کەسانی ژینگەدۆست و خەمخۆری نیشتمان پێکهاتوو لە کوڕان، کچان، ژنان، منداڵ و مێرمنداڵ لە هەڵمەتێکی ژینگەپارێزیدا ڕووبەرێکی زۆر بە مەودای ٨ هێکتار لە دەوروبەری بەنداوی بۆکانیان لە زبڵ و پاشماوەکان کە سیمای جوان و دڵڕفێنی بەنداوەکەی تێک دابوو، خاوێن کردەوە.

ژینگەدۆستان، وەک ئەرکێکی ئەخلاقی، بە شێوەی خۆڕسک دەوروبەری بەنداوی بۆکانیان لە زبڵ و پاشماوەکان خاوێن کردەوە و سیمایەکی جوانیان بە ژینگەی ئەو شوێنە بەخشی، هەروەها خۆشحاڵی و دڵخۆشیی خەڵکی لێکەوتەوە.

ساڵانە ژینگەپارێزان، لایەنگرانی ژینگە و کەسانی نیشتمانپەروەر، لە ڕاستای پاراستنی ژینگەی کوردستان کە مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە و لەلایەن کاربەدەستانی پێوەندیدارەوە هیچ گرینگییەکی پێ نادرێت، چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبەن.