کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەختکردنەوەی چالاکانی خوێندکاریی ١٢ زانکۆی ئێران لەسەر "ڕاوەستان دژی سەرکوتی ڕێژیم" لە ساڵی نوێی خوێندندا

12:05 - 1 رەزبەر 2723

ڕێکخراوە سێنفییەکانی ١٢ زانکۆی ئێران لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە بزووتنەوەی خوێندکاری دوای یەک ساڵ لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵک پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی چالاکی و بەرخۆدان و ئەمەش ڕێوشوێنە سەرکوتگەرییەکانی ڕێژیم بێ کاریگەر دەکات.

ڕێکخراوە سێنفییەکانی ١٢ زانکۆی ئێران لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بەبۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن بە ناونیشانی "ئێمە دەگەڕێینەوە" نووسیویانە کە ئەزموونی یەک لە دوای یەک لە "ویستن و سەرکوتکردن و وەستانەوە" لە ماوەی ساڵی ڕابردوو و لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، "ئێمە چووینەتە قۆناغێکی نوێی چالاکی و بەرخۆدان بۆ گەیشتن بە ئارمانەکانمان، کە ڕێوشوێنەکانی سەرکوتکەرانی ڕێژیم پووچەڵ دەکاتەوە."

لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بە ڕەهەندە بەرفراوانەکانی سەرکوتی ئەکادیمییەکان کراوە و باس لەوە کراوە کە ئێستا ستەمکاری، ڕەنگە زیاتر لە جاران لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، لە ڕاستای کوشتنی زانکۆ هەنگاوی هەڵگرتووە و ئەگەرچی ئاسەواری قامچییەکان ماوە، بەڵام برینەکەی لەسەر جەستەی زانکۆ کاریگەری نییە.

چالاکانی خوێندکاری لە بەیاننامەکەیاندا جەختیان لەوە کردەوە کە لەنێو بزووتنەوەی خوێندکاریدا نەریت و ئەدەبیاتێک دروست دەبێت کە دڕکێکە لە چاوی ستەمکاریدا و ئاگرێکی ڕۆشنکەرەوەیە بۆ ئەو ڕێگایەی کە بەرەو سبەینێ دەیگرنە بەر.

جێگەی ئاماژەیە شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەرکردنی خوێندکاران لە سەروبەندی ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێ کردووە و هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران لانیکەم ٥ خوێندکاریان لە شارە جیاجیاکانی ئێران دەسبەسەر کردووە.