ئەلبورز ڕوویینتەن
چۆن دێموکراتەکان خاوەن تایبەتمەندیی هاوبەشن، دیکتاتۆرەکانیش لە زۆر ڕوانگەوە لێک دەچن، تەنانەت دوایین ڕۆژەکانی دیکتاتۆرەکان لە زۆر لایەنەوە دەخرێتە بەر لێکۆلینەوە بۆ ئەوەی شرۆڤەی هەڵسوکەوتی دیکتاتۆر بکرێت، تەنانەت لە دوایین ڕۆژەکانی شەڕی جیهانیی دووەم تیمێکی تایبەتی دەروونناس لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە دیاری کرا بۆ ئەوەی بتوانن پێشبینیی بڕیارەکانی هیتلێر بکەن. ئەوەی بە خوێندنەوەی دوایین ڕۆژەکانی ڕووخانی دیکتاتۆرەکانی ڕابردوو و هاوچەرخ دەیبینین جارێکی دیکە بەو ئاکامە دەگەین کە خوو و خدە و هەڵسوکەوتی هاوبەشیان هەیە.
یەکێک لەو خاڵە هاوبەشانە کە بە زۆری لەنێو دیکتاتۆرەکاندا دەبیندرێت کەڵکوەرگرتن لە چەکی هەڕەشە و پڕۆپاگەندەیە بۆ ئەوەی لاوازییەکانی خۆیانی پێ بشارنەوە و خۆیان بەهێز پێشان بدەن. هەر کەس هەڕەشەکانی سەدام حوسین، دیکتاتۆری ئەوکاتی عێراقی دەبیست کەمتر باوەڕی بەوە دەهێنا تەنیا چەند مانگێک دواتر لە کونێکدا دەیهێننە دەرێ کە مشک و ماریش بەئەستەمی تێیدا دەژیت. یان حەمەڕەزاشا کە هیندە خۆی پێ بەهێز بوو و لە بان هەورانەوە لە عەرزیی دەڕوانی. یان هەڕەشەکانی قەزافی و کوڕەکانی لە تەرابلوسی پایتەخت کە باسیان لە بەهێزیی خۆیان دەکرد، تەنیا چەند ڕۆژێکی خایاند کە بە بەردبارانکردنی قەزافی کۆتایی پێ هات. لەو نمونانە زۆرن کە لە ژیانی هەموو دیکتاتۆرەکان بینراون، هەرکات هەڕەشە و پڕۆپاگەندەی دیکتاتۆرەکان ڕوو لە زیادبوون بکا، مەزەندە دەکرێت کۆتایی تەمەنیان نزیکتر بووە.
ئەوەی لەو ڕۆژانەدا لە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەبینین پەنابردنە بۆ ئەو هەڕەشە و پڕۆپاگەندەیە. هەرچەند هەر لە کۆنەوە عەجەم (مەبەست دەوڵەتی ناوەندیی ئێرانە) لە مەکر و فێل و فریودا دەستی باڵایان هەبووە، بەڵام ئەو لایەنە لە کۆماری ئیسلامیدا بە لوتکە گەیشتووە و هەر لە ڕۆژی بەرێوە کە هاتووەتە سەر کار بە زۆری لە چەکی پڕۆپاگەندە و هەڕەشە کەڵکی وەرگرتووە.
ئێستاش کە ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا و دەستپێکی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەبینین هەڕەشە و پڕۆپاگەندەی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی بەدژی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بە ئەندازەیەک دونیای میدیای بە خۆیەوە سەرقال کردووە کە وێڕای نیگەرانی، ڕاستیی شوێندانەریی بزووتنەوەی کوردیشی سەلماند.
بەڵام لە سەرووی هەموو ئەوانە ئەو هەڕەشانە لە هەموو ئەو لاوازییانەوە سەرچاوە دەگرێت کە کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی وڵات و هەروەها داماوی لە سەرکوتی شۆڕشی ژینا بە تایبەتی لە کوردستان تووشی هاتووە. هەمووان دەزانین کۆماری ئیسلامی نەک نەیتوانیوە پێش بە ڕەوتی شۆڕش بگرێ، بەڵکوو بۆخۆی باشتر لە هەمووان دەزانێ بزووتنەوەی سیاسی و خەڵک ئەمجارەیان توندتر لە جاران بەرەو ڕێکخستن و هەماهەنگیی پتر بۆ فازی نوێی چالاکییەکانی لە داهاتوو دەڕۆن. بۆیە تەنیا ڕێگەیەک کە بۆ دیکتاتۆر دەمێنتەوە، ئەوەیە هەڕەشە بکات و لە ڕێگای میدیاوە خۆی بەهێز بنوێنێ. ئەگەر کۆماری ئیسلامی توانیبای بەو ویستەی واتە لە نێوبردنی بەتەواویی بزووتنەوەی سیاسی بگات، بێگومان بەبێ هەڕەشە دەیکرد، بەڵام ڕوونە کە نەک هەر لە وەدیهێنانی ئەو ئامانجەدا تێکشکاوە، بەڵکوو لە نێوخۆیشیدا لە هەموو بوارێکەوە هەرەسی هێناوە؛ بۆیە پەنا بۆ هەڕەشە دەبات تا بتوانێ لە شەڕی نەرمدا سەرکەوتوو بنوێنێ و قەرەبووی شکستەکانی بکاتەوە. ئەمن لەو بڕوایەدام تەنیا چەند ڕۆژ پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئەو قسەیەی لە دوایی هەموو دیکتاتۆرەکان گوتراوە، دوبارە دەگوترێتەوە کو بەڕاستی هەر ئەوەندە بوو هێزی ئەو دیکتاتۆرەی پرۆپاگەندەکەی گوێی هەموو لایەکی کەڕ کردبوو؟!
خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە دۆخی ئێستادا و هەتا ئەوکات پێویستە بە خۆڕاگریی زیاترەوە بەرەوڕووی شەڕی نەرمی کۆماری ئیسلامی ببین. لەبیر نەکەین چەکی ئێمە خەڵکی ئێمەیە و دەتوانێ هەر دیکتاتۆرێک بڕووخێنێ. لە کۆتاییشدا هەر خەڵک سەرکەوتووە و، چەکی دیکتاتۆریش ئەو پڕۆپاگەندە و هەڕەشانەن کە بە هیچ شوێنێک ناگات و هەر زوو دەردەکەوێ کە بێئاکام دەمێنتەوە.
چەکی هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی و هەموو دیکتاتۆرەکان چەکێکی ژەنگاویی بەبێ فیشەک و تەقەمەنیە و مەترسییەکەی تەنیا بۆ خاوەنەکەیەتی و هەر زوو بۆ خەڵک و هەموو لایەک دەردەکەوێ کە توانا و ئیرادەی شۆڕش گەلێک بەهێزتر لە هەیمەنەی داڕماوی دیکتاتۆرە.