ناسر باباخانی
ڕۆژانی ١٠ و ١١ی ئێیپڕیلی ١٩٩٧ مێدیا بەناوبانگەکانی جیهان مانشێتی سەرەکییان یەک شت بوو: دادگای بێرلین ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی وەک بکوژی دوکتور سادق شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی ناساند، قاتڵانی میکۆنووس مەلاکان بوون!
لە مێژوودا هەرگیز بڕیارێکی لەم چەشنە بۆ هیچ وڵاتێک دەرنەچووە کە ڕێبەرانی وەک قاتڵ پێناسە بکرێن. یەکەم جار بوو دەوڵەتێک وەک تێرۆریست بە دنیا بناسێندرێ. شپیگڵ گەورەترین هەفتەنامەی ئورووپا کە لە ئاڵمان دەردەچێ نووسی: ئەمە گەورەترین مەحکەمەی تێرۆری دەوڵەتی لە جیهاندا بوو.
ئورووپا ماوەیەک بوو بە نەرمی و نەوی کێشان -وەک دیپلۆماسیی هەمیشەیی- خەریکی وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. ئەم وتووێژانە بە "دیالۆگی ڕەخنەیی" ناودێر کرابوون. ئورووپا پێی وا بوو ئەمە جۆرە گوشارێکە بۆ ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا.
ڕێک دوو مانگ پاش ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، ئورووپای تووشی شۆک کرد. شەقامەکانی پێتەختی وڵاتانی ئورووپایی بە خوێنی جودابیران و دژبەرانی ڕێژیمی ئێران شەڵاڵی خوێن کرا. ئەمە سەرەتای قۆناغی ترس و تۆقاندن بوو لە ڕێی تێرۆریزمی دەوڵەتییەوە لە دەرەوەی وڵات. لە نێوخۆش، کۆماری ئیسلامی بە بەر چاوی دنیای ئازاد و دێموکراتیکدا دەستی کرد بە قەتڵوعامی خەڵک. لە درێژەی کردەوە تێرۆریستییەکانیدا کاتێ فتوای قەتڵی سەلمان ڕوشدی لە لایەن خومەینی دەرکرا و پاش مەرگیشی دەسەڵات پشتگیری لەم حوکمە دژەئینسانییە کرد و پێشوازی لە تێرۆری ئیسحاق ڕابین سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل، ئورووپا پێی وابوو "دیالۆگی ڕەخنەیی" دەبێتە هۆی گوشار بۆ گۆڕینی ڕەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی. دیارە ئورووپا وەک هەمیشە سیلەچاوی ئابوورییشی هەبووە، بەتایبەتی لەم نێوەدا ئاڵمان پشکی شێری بەردەکەوت. باسی گرێبستی چەند میلیارد ماڕکی لەگەڵ ئاڵمان لەگۆڕێدا بوو. خاڵی سەرنجڕاکێش بە وتەی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆی ئاڵمان ئەوە بوو کە، لە دانیشتنەکانی دادگادا نوێنەری کۆمپانیایەکی زەبەلاح وەک زیمێنسیش حازر بوو! دەوڵەتی ئاڵمانیش زۆر بە بێمەیلی دەجووڵاوە و مەبەستی دیزەبەدەرخونە کردنی پرسەکە بوو!
هەرچەند لێرولەوێ هەندێ دەنگهەڵبڕین هەبوو، بۆ وێنە وەزیرانی دەرەوەی دانماڕک و نۆڕوێژیش هۆشدارییان دا ئەم دیالۆگە هیچی لێ شین نابێ، بەڵام ئەم ڕەوتە درێژەی بە دانوستانەکان دا. تەنانەت وای لێ هات یاسای داماتۆ کە لەلایەن کلینتۆنەوە بەسەر ئێران داسەپابوو -وەک گەمارۆی نەوتی- لەلایەن ئورووپاوە ڕەچاو نەکرێ. ئیدارەی کلینتۆن داوای لە ئورووپا کرد بە حوکمی ئەوەی ئێران وڵاتێکی تێرۆریستییە ئەم وتووێژانە بوەستێنن.
بوومەلەرزەی میکۆنووس ئەگەرچی کۆتایی بە تێرۆریزمی دەوڵەتی لە ئورووپا هێنا (لانیکەم دوو دەیە)، بەڵام تێرۆری دەوڵەتی لەنێوخۆدا و هەروەها لە قالبی شەڕی پڕاکسی لە ناوچە تا ئێستاش هەر درێژەی هەیە.
لە تێرۆری د. شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی (فەتاح عەبدولی، هومایوون ئەردەڵان و نووری دێهکوردی) لە ١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢ (٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١)ەوە تا دەرکردنی بوێرانەی حوکمەکە واتە ١٥ی ئەپڕیلی ١٩٩٧ (٢١ی خاکەلێوە) واتە ٥ ساڵ و ٤٧ ڕۆژ، ١٧٠ کەسێک بەشدار بوون کە دەوری بەنی سەدر و شایەدی ئەبووئەلقاسم میسباحی دەوری یەکلاکەرەوەیان هەبوو. یەکەم جار لە مێژووی هاوچەرخی دنیادا قازییەک قامکی تاوانی بۆ لای بەرپرسانی باڵای وڵاتێک ڕاداشت، ئەم وڵاتە کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. ئەمە گەورەترین شەرمەزاری سیاسی مێژووی هاوچەرخ بوو!
دادگاە بکوژان و بکەرانی ئەم جینایەتە سامناکەی بە زیندانی هەتاهەتایی و چەند ساڵێک مەحکووم کرد، بەڵام بوومەلەرزەکە کاتێ ڕووی دا کە خامنەیی ڕێبەڕی کۆماری ئیسلامی، ڕەفسەنجانیی سەرۆک کۆمار، ویلایەتیی وەزیری دەرەوە و فەلاحیانی وەزیری بەدناوی ئیتلاعات وەک تاونبار ناسێندران. ئەمە ئابڕووچوون نەبوو، ئەمە حەیاتکان نەبوو، ئەمە هەڵگرتنی دەمامک لە ڕووی فاشیزمی مەزهەبی بوو کە بە خوێن سەودای لەگەڵ جیهان دەکرد. وێنەی خامەنەیی لەسەر ئەم پۆستێڕانە داندرا کە لەگەڵ تاوانباری مەترسیدار هەڵسوکەوت دەکرێ. ئەو قودسییەت و پیرۆزییەی لە پاش مەرگی خومەینی خەریک بوون لە خامەنەیی سازکەن، بە یەک شەوە بیکەن بە "ئایەتوڵڵا"، چیرۆک و ئەفسانەی لێ سازکەن و کە لە زگی دایکی بەربۆتەوە و قسەی کردووە و خوانی لە بەهشتەوە بۆ هاتووە دواتر وەک بڵقی سەر ئاوی لێ هات!
ئورووپا سەرجەم باڵوێزەکانی لە ئێران بەرەو وڵاتی خۆیان دەگەڕێنێتەوە، ئەوە هەر سیمای ئەم فاشیزمە مەزهەبییە زیاتر خۆ وەدەردەخا. لە ڕاستیدا بەپێچەوانەی بۆچوونی کەسێکی وەک سەعید حەججاریان دووی جۆزەردان وەرچەرخانی گوتار نەبوو لە نێوەرۆک و پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا، بەڵکوو ئاماڵپڕۆژەیەک بوو بۆ ئەوەی دۆخی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوە بە شێوازێکی تر سەقامگیرتر بکەن.
ئەوان باش دەیانزانی خەڵک لەوپەڕی ناڕەزایەتیدان، لەلایەکی تریشەوە دوای ئابڕووتکانی گەڕانەوەی بالوێزانی ئورووپایی بۆ وڵاتی خۆیان، کۆماری ئیسلامیی بە تەواوی ئایزۆلە کرابوو و تەریک کەوتبۆوە. بۆیە پێویست بوو فەزای ڕواڵەتی کۆمەڵگە بگۆڕدرێ، پێویست بوو چەلەحانەی سیاسی لە ئاستی دیالۆگی نێوان دوو باڵی ڕێژیم بەرقەرار بکرێ بۆ ئەوەی نیشان بدرێ کە پشوویەکی سیاسی زیاتر بوونی هەیە. بەڵام بە تێپەڕ بوونی کات تا هەنووکە دەرکەوت دووی جۆزەردان ئەو پوتانسییەلەی نەبوو تا ببێ بە سەرەتای خاڵگۆڕانێک لە ناو ئێراندا، تەنانەت تا ئێستاش هیچ دەسکەوتێکی بەرهەستی نەبووە و بۆیە لە ڕاستیدا ئەمە گۆڕینی تامی زاری خەڵک بوو و لە هەمان کاتیشدا دانی ڕواڵەتێکی تازە بە سیمای فاشیزمی مەزهەبی کۆماری ئیسلامی. خودی خاتەمی ڕێبەری ئیسلاحات گوتی دووی جۆزەردان بەرهەمی ڕووبەڕووبوونەوەی دوو شێوە ڕوانینە بە نیسبەت شۆڕش و کۆماری ئیسلامییەوە، ئەگینا ئەسڵ و بنەما بۆ ئەوان هەر نیزامە، نیزامی کۆماری ئیسلامییە.
***
درکاندنی ئەم ڕاستییە تاڵە هەرچەند زۆر ناخۆشە، بەڵام ئەم برینانەی خراونەتە سەر لەشی حیزبی دێموکرات ئەو پتانسییەلەیان هەیە کە کۆماری ئیسلامی پەلکێشی دادگا نێونەتەوەییەکان بکا. هەر لە تێرۆری شەهید دوکتور قاسملووە بگرە تا بەتایبەتی کەیسی شەهیدانی قەڵا و دادگای بەناوبانگی میکۆنووس. دوور نەڕۆین یەکی وەک جۆزێف بۆڕێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا بۆ بەتیرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، دەڵێ گرفتی یاسایی هەیە و مادام دادگایەکی وڵاتێکی ئورووپایی داوایەکی لەم چەشنەی نەبێ، ناکرێ سپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆریستی یەکیەتیی ئورووپاوە. بۆیە کەیسی میکۆنووس تەواو ئەم پتانسییەلەی هەیە سەرلەنوێ بخرێتەوە گەڕ بە حوکمی ئەوەی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و لقی دەرەوەی سپای پاسداران وەک بکەری جینایەتی میکۆنووس لە لایەن سیستمی دادوەری فەرمی ئاڵمان وەک تاوانبار ناسێندراون.
ئەگەر کەسانێک وەک برۆنۆ یوست و ئەلێکساندر فۆن شتاڵ وەک دادستان بەبێ ڕەچاو کردنی ساتوسەودا و پەیوەندییەکانی دەوڵەتی ئاڵمان لەگەڵ حکوومەتی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنانەت بە لە دەستدانی ئیش و کاریان و لەمانەش مەترسیدارتر مەترسی گیانی، بوێرانە تا بە ئەنجام گەیاندنی دۆسیەی میکۆنووس بۆ ساتێ نەوەستان، ئەوە سازدانی تیمێکی حقووقی بێسێودوو پێویستە بۆ سەرلەنوێ وەگەڕ خستنەوەی دۆسیەکە لە یەکێتی ئورووپا بۆ ئەوەی ئەم کەیسە ببێتە بنەمایەک بۆ داوای ناڕەوای بۆڕێل بۆ ئەوەی سپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە. دیارە لە ڕووی یاساییەوە ئەم کەیسە داخراوە بەڵام بە حوکمی ئەوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی وەها کردەوەیەکی تیرۆریستیان ئەنجام داوە، دەتوانێ هاندەری سیستمی داد بێ بۆ دەسپێکی پڕۆسەیەکی مێژوویی.
ڕەنگە لێدوانەکانی نیکی هایلی باڵوێزی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاش هێرشی مووشەکی بۆ سەر قەڵای دێموکرات وەک بەڵگەیەکی نێونەتەوەیی بۆ پاڵپشتیی وەها داوایەک زۆر کاریگەر بێ. ئەوەی دەمێنێتەوە دیپلۆماسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە لە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی میکۆنووس بکاتە مۆتەکەیەکی ئەبەدی بۆ خەوزڕاندن لە چاوی کۆماری ئیسلامی. هازا گۆ و هازا مەیدان!