کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیرادەی هاوبەش!

18:21 - 1 رەزبەر 2723

ئاسۆ مینبەری

٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵ ساڵێک بەسەر شەهیدکرانی ژینا ئەمینی تێپەڕی. لە یەک‌ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک ڕووداوی جۆراوجۆر لە کوردستاندا ڕوویان دا، ڕووداوگەلێک کە بێگومان بەشێک لە پاشخان و مێژووی ئەم وەرزە لە خەبات بۆ نەسڵەکانی داهاتوون.

٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵی ڕابردوو بوو، ڕەنگە ساڵی ڕابردوو و لەم ڕۆژەدا کەم کەس هەبووبێ بیری لەوە کردبێتەوە گیانلەدەستدانی ژینا لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران، ئەتوانێ چەخماخەی شۆڕشێک لێ بدا، بەڵام ئەمساڵ هەمووان دەیانزانی دەبێ یادی ژینا لە یەک‌ساڵەی نەبوونیدا بکەنەوە.

وێنایەک لە ڕۆژەکانی پێش ٢٥ی خەرمانان

ڕێژیم لە هەر لە سەرەتای مانگی خەرمانانەوە هێزێکی چەکداری زۆری ڕەوانەی شارەکانی کوردستان کرد و بەتایبەت شاری سەقزی بەتەواوی میلیتاریزە کرد. ڕەشبگیرێکی کەم‌وێنەی لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و ژینگەپارێزی کرد و سەدان کەسی لە زیندان پەستاوت. بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینای بانگ کرد، گوشاری خستە سەریان و هەڕەشەی لێ کردن کە نابێ بەشداری ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی ژینا ئەمینی بن. بە دانانی کامێرای چاودێری و خاڵی پشکنین لە چونەژوورەوەی شارەکان، کەشێکی ئەمنیەتیی بەسەر شارەکاندا زاڵ کرد. دووکاندار و بازاڕییەکان لەسەریان کرا بێتوو مان بگرن و دووکان و بازاڕ دابخەن زۆر خراپیان بەسەردا دەشکێتەوە. لە ماوەی یەک حەوتوودا، ٤ جار باوکی ژینا بانگ کرایە ناوەندە ئەمنیەتییەکان و هەموو ئەمانە لە ترسی تەقینەوەی تووڕەیی خەڵکی کوردستان و پاشان بەپیلەوە هاتنی بانگەوازێکی هاوبەشی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بوو!.

لە گێڕانەوەیەکی کورتدا:

حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بانگەوازێکیان بڵاو کردەوە و داوایان لە خەڵک کرد لە ڕۆژی شەهیدبوونی ژینادا، یەک‌دەنگ و یەک‌هەڵوێست بە مانگرتنێکی گشتی و سەرانسەری، وێڕای خاوەندارەتیکردن لە کچەکەیان، "نا"یەکی دیکە بە کۆماری ئیسلامی و تەواویەتی ڕێژیمە نگریسەکەی بڵێنەوە.

ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانان، بازاڕی و کاسبکاران لە هەموو شارەکانی کوردستان دووکان و بازاڕیان داخست و کوردستان ئیرادەیەکی گشتگیریان پێشان دایەوە و بۆ جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامییان تووشی شۆک کرد.

ڕێژیم سەرەڕای هەموو ئەو ڕێکارانەی بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک گرتبوویە بەر، بەڵام شکا. بۆیە ناچار دیسان پەنای بردە بەر ڕێکاری دی. سەرەتا دایک و باوکی ژینای لە ماڵەکەی خۆیاندا دەسبەسەر کرد و هەموو ڕێگاکانی پێوەندیی بنەماڵەی ئەمینیی لەگەڵ دەرەوە پچڕاند. هەموو شەقامەکان و ڕێگاکانی دەوروبەری ماڵی ژینا ئەمینی بە هێزی ئەمنیەتی گەمارۆ درا، دواتر هەواڵدەریی ئیرنای سەر بە ڕێژیم، بە ناردنی کورتەنامە بۆ خەڵک، دەسبەسەرکرانی ئەمجەد ئەمینیی ڕەت کردەوە و لە زاری جێگری ئەمنیەتیی پارێزگاری سنەوە ڕایگەیاند کە پێشگرتن لە ڕۆیشتنی باوکی ژینا ئەمینی بۆ سەر مەزاری کچەکەی بە مەبەستی "پووچەڵکردنەوە"ی پیلانی "تێرۆر"ی ناوبراو بووە! ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە ئەمجەد ئەمینی، چەند ڕۆژ پێش بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا ڕایگەیاند وەکوو هەر بنەماڵەیەکی دیکە بە مافی خۆیان دەزانن ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی بۆ کچەکەیان بگرن. هەروەها داوایان لە خەڵکیش کرد کە خۆیان لە هەر چەشنە توندوتیژییەک بە دوور بگرن، کەچی ڕێک لەو ڕۆژەدا سێناریۆیەک دەخوڵقێ کە گوایە ویستوویانە ناوبراو تێرۆر بکەن و هەر ئەو ڕێژیمە مرۆڤکوژە کە ژینای لە باوک و دایکی ستاند، ئێستا هاتووە و باوکەکە لە مەترسیی تێرۆرکران دەپارێزێ! جا تێرۆریست کێیە و بۆچی دەیەوێ ئەم باوکە دڵ‌بریندارە تێرۆر بکات، پرسیارێکە وڵامەکەی تەنیا لە لۆژیکی ڕێژیمی ئێراندا دەگونجێ.

سێناریۆی لەم چەشنە لە کوردستاندا زۆر بووە و شتێکی نوێ نییە، چەند ساڵ پیش بوو کە لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە شاعێری گەل، جەلالی مەلەکشادا لە سنە، پێش بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕيسمەکە گیرا، بەو بیانوویە کە لە هۆڵەکە بۆمب دانراوە! ئەویش هۆڵێک کە لەژێر چاوەدێریی خودی ڕێژیمدا بوو، هۆکارەکە ئەوە بوو کە حەفتەیەک پێش لەوە مەلەکشا لە ڕێوڕەسمێکی دیکەدا، بە شێعری "دارەپیرە" ڕێژیمی کردبووە ئامانج و ترسی دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوە، وای کرد سێناریۆی لەم چەشنە دابڕێژن و هیچ‌کات ڕێوڕەسمەکەش بۆ مەلەکشا بەڕێوە نەچوو!

لە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵدا، ڕێژیم سەرەڕای هەموو ئامادەکارییەکان و هەموو پلانداڕشتنەکانی، شکستێکی گەورەی خوارد، ڕێژیمێک کە هەمیشە بانگەشەی نەمانی حیزبەکانی دەکرد و بە میلیۆنان پارەی خەرج دەکرد تا بە دروستکردنی فیلم و بەرنامەی تەلەویزیۆنی، حیزبەکان بە مونحەلە و ناخۆشەویست و جینایەتکار ناو ببات، بۆی دەرکەوت هەموو کات و زەحمەتەکانی بەفێڕۆ چووە.

ئەگەر بانگەوازی هاوبەشی حیزبەکان، نیشاندەری ئیرادەیەکی گشتگیر و پتەو بوو، لەلایەکی دیکەشەوە خەڵکی کوردستان بە شێوازێکی زۆر وشیارانە و بە بیرێکی کوردستانییەوە، بەرەوپیری بانگەوازەکەوە هاتن و شەقام و بازاڕیان چۆڵ کرد. بەمجۆرە بێدەنگییەک باڵی بەسەر کوردستاندا کێشا کە فێرێکانسەکەی گەیشتە تارانی ناوەندی چەوسانەوە!

ئەم بڕیارە یەکدەستە، پڕ بایەخ بوو، چونکە وای کرد کە خەڵکی کوردستان بە هەر بیر و باوەڕێکی حیزبییەوە، لەژێر چەتری کوردستانیبووندا کۆ ببنەوە و پێکەوە پەیامی گرینگی یەک‌بوون و یەک‌هەڵوێستبوون بە ڕێژیم بگەیەنن. ئەم بانگەوازە ئەم پەیامە گرینگەی پێ بوو کە سەرەڕای جیاوازیی باوەڕەکان، سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکان، دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە، بۆیە لە بەرانبەر ئەم دوژمنە هاوبەشەدا، بە ئیرادەیەکی هاوبەشەوە لە مەیدانی کردەوەدا تێ‌دەکۆشین و براوەی ئەم مەیدانەش هەر ئێمە دەبین.