کرێکارانی کارخانەی سیمانی ورمێ بەیانیی ڕۆژی شەممە ١ی ڕەزبەر، لە ناڕەزایەتی بە هەڵاواردن و کەمیی مووچەی ١٢ میلیۆن تمەنیی خۆیان کە بژێویی ژیانی پێ دابین ناکرێت، دەستیان لەکار کێشایەوە و مانیان گرت.
ئەمەش لە دۆخێکدایە کە مووچەی کرێکارانی گرێبەست لە ١٢ میلیۆن تمەن کەمترە و بە وتەی چالاکانی کرێکاری، کرێکارانی گرێبەست تا ٢٥ ساڵ پێشینەی کارکردن تەنیا ٧ میلیۆن تمەن مووچە وەردەگرن.
بەو حاڵەوە مووچەی بەڕێوەبەرانی کارخانەی سیمانی ورمێ لە مانگێکدا ٦٠ میلیۆن تمەن مووچە وەردەگرن کە پێنج بەرابەری مووچەی کرێکارانە.
ڕێژەییکردنی مووچە بەپێی ڕێژەی هەڵاوسان، جێبەجێکردنی پلانی یەکسانکردنی مووچە، دامەزراندنی فەرمیی کرێکارانی گرێبەست و ناجێگیر و تەرخانکردنی بیمەی تەواوکەر بۆ کرێکاران لە داواکارییە سەرەکییەکانی کرێکارانی ناڕازی بووە.
ناڕەزایەتیی کرێکاران دژی بارودۆخی خراپی بژێویی ژیان، هەمیشە لەلایەن ڕێژیمەوە سەرکوت کراوە و تەنانەت چالاکانی کرێکاری بانگ، دەسبەسەر و زیندانی کراون.