کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی ڕێژیم لە دەستپێکرنەوەی شۆڕش لە سەقز

12:28 - 13 خەرمانان 2723

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەرەبەرەی ساڵڕۆژی شۆڕشی "ژینا" و لە ترسی دەستپێکردنەوەی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری لە سەقز، کامێرای ئەمنیی لەو شارەدا داناوە، هەروەها هێزی سەرکوتکەری ڕەوانەی ئەم شارە کردووە و هەڕەشەی لە دووکانداران و بازاڕییانیش کردووە.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەمەبەستی کۆنترۆڵکردن و ناسینەوەی شۆڕشگێڕان، کامێرای ئەمنییەتیی لەو شارەدا و لە شوێنەکانی: "گۆڕەپانی کەریم‌ئاوا، گۆڕەپانی ١١ی گوڵان، گۆڕەپانی زیندان، گۆڕەپانی دایک، گۆڕەپانی خۆرشیدی، گۆڕەپانی مامۆستا هێمن، گۆڕەپانی قودس، گۆڕەپانی موکریان، چراسووری قۆخ، جووت سایدی کوردستان و ڕێگاکانی دەرەوەی شار بەرەو سنە، بانە، مەریوان و بۆکان" داناوە و کەش و هەوایەکی ئەمنییەتی لەم شارەدا خوڵقاندووە.
هەروەها سێ کامێرای ئەمنیی بەرز لە گۆڕستانی "ئایچی" و لە تەنیشت گۆڕی شەهید "ژینا ئەمینی" و ڕێگاکانی چوونە ژوورەوە و دەرچوون لە گۆڕستان بۆ ناسینەوەی خۆپیشاندەران و شۆڕشگێڕان دانراون. 
لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی ئیدارەی ئەماکن و ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سەقز، هەڕەشەیان لە بازاڕییان و دووکاندارانی ئەم شارە کردووە کە ئەگەر لە مانگرتن و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا بەشدار بن مۆڵەتی کارکردنیان هەڵدەوەشێننەوە و ناسنامەکانیان دەسووتێنن.
هه‌روه‌ها له چه‌ند حه‌فته پێشەوە، ناردنی هێزه سه‌رکوتکەرەکان بۆ سەقز و جموجۆڵ لەناو ئەم شارەدا دەستی پێکردووه.
شایانی باسە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە ناردنی کورتەنامەی هەڕەشەئامێز بۆ پێشگرتن لە دەستپێکردنەوەی شۆڕش، هەوڵیان داوە ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکدا دروست بکەن.