کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاسایی‌کردنەوەی مێتۆدەکانی ک.گ.ب. لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

22:03 - 2 رەزبەر 2723

کەماڵ حەسەن‌پوور

پێشەکی

ئەوانەی شارەزای مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن دەزانن کە یەکیەتیی سۆڤیەت، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لە ئاشکراکردنی کودەتای نۆژەدا یارمەتیدەری دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی کۆمارە تازەدامەزراوەکەی مەلایان بوون. بێجگە لەوە دەنگۆی ئەوەش هەیە یەکیەتیی سۆڤیەت دەستی لە خستنەخوارەوەی باڵەفڕەکانی ئەمریکایی لە بیابانی تەبەس هەبوو ، کە بۆ ئازادکردنی بەبارمتەگیراوانی باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە تاران نێردابوون. هەمدیس ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە ئەندامانی دەزگای هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی (ساواما)، یەکەم ڕاهێنانەکانیان لەلایەن کاربەدەستانی "ک.گ.ب"ەوە پێ کرا.

تا ئێستا زۆر بەڵگە لەبەر دەستدان کە دەیسەلمێنن کۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتیی ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆی لە یەکیەتیی سۆڤیەت و دامودەزگا هەواڵگرییەکەی واتە ک.گ.ب. وەرگرتووە. لەو وتارەدا هەوڵ دەدەم بیسەلمێنم کۆماری ئیسلامی لاسایی مێتۆدەکانی ک.گ.ب. دەکاتەوە.

سیخوڕێکی ڕاکردوو و بۆچوونەکانی لەسەر دەسەڵاتدارانی یەکیەتیی سۆڤیەت

ساڵی ١٩٧٠، یوری ئالێکساندرۆڤیچ بەزمەنیەڤ ئەندامێکی ک.گ.ب. و کارداری چاپەمەنیی باڵوێزخانەی یەکیەتیی سۆڤیەت لە هیندوستان بوو کە ڕای کرد و خۆی ڕادەستی ئەمریکا کرد. ناوبراو کوڕی ئەفسەرێکی پلەبەرزی یەکیەتیی سۆڤیەت بوو کە ئەرکی باوکی سەردانی هێزە سەربازییەکانی یەکیەتیی سۆڤیەت لە وڵاتانی دەرەوە بووە. ئاماژە بەو پاشخانە بۆیە گرینگە تا بزانین ناوبراو لە منداڵییەوە سەر بە چینێکی خاوەن پێگە و دەستڕۆیشتووی سیستەمی یەکیەتیی سۆڤیەت بووە و وەک تاک پارێزراو بووە لە چەوساندنەوە لەلایەن سیستەمی توتالیتەری یەکیەتیی سۆڤیەتەوە.

بەزمەنیەف لە وتووێژێکی دوورودرێژ لە ١٩٨٤(١) باسی بەسەرهاتی خۆی و هۆی جیابوونەوە لە سیستەمی یەکیەتیی سۆڤیەت دەکات. ناوبراو دەڵێ سیستەمی یەکیەتیی سۆڤیەت خراپترین سیستەمی کۆلۆنیالیستی دنیایە و ئەو نەیدەتوانی ئەو هەموو تاوانکاریی و چەوساندەوەی خەڵک پاشگوێ بخات.  

ناوبراو دوای گەڕانەوە لە یەکەم دەورەی مەئمورییەت لە هیندوستان، لە ئاژانسی چاپەمەنیی نۆڤێستی کە سەر بە ک.گ. ب بوو دادەمەزرێ و لەوێ ئەرکی پەیوەندیی لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆی دۆستایەتی لۆمومبا(٢) لە مۆسکۆ، کە بەگوتەی بەزمەنیەف شوێنی حاملاندنی ڕێبەرانی داهاتووی بەناو جووڵانەوە ڕزگاریخوازەکانی وڵاتانی جیهانی سێهەم یان سیخوڕی شاراوە لە وڵاتانی دەرەوە و هەروەها پێشوازیی لە سەردانکەرانی بەناو ڕۆشنبیری پێشکەوتنخواز و ڕۆژنامەوانانی بیانی، بە تایبەت وڵاتانی ڕۆژئاوایی، لە ئەستۆ بووە.    

بەزمەنیەڤ دەڵێ، "ئێمە لە ک.گ.ب. ئەو جۆرە کەسانەمان بە گەمژەی بەکەڵک دەزانی و هیچ ڕێزێکیان لەلای ئێمە نەبوو. تەنانەت بهاتبا و یەکیەتیی سۆڤیەت لە هەر کام لەو وڵاتانەدا دەسەڵاتی گرتبایە دەست، ئەمجۆرە کەسانە لە پەنا دیواران ڕیز دەکران و تیرباران دەکران."

ئەو لەو بڕوایەدا بوو یەکیەتیی سۆڤیەت بەتەمای بنکۆڵ‌کردنی وڵاتە یەکگرتووەکان لە بواری ئایدیۆلۆژییەوەیە و بە یارمەتی ک.گ.ب. پلانێکی درێژمەودای چوار بڕگەیی دژی ئەمریکا بەرێوە دەبا.(٣) ئەو چوار بڕگانە بریتین لە:

دابەزاندنی ورە و بێ‌دەربەست‌کردنی بەتایبەتی لاوان بەرانبەر بە کاروباری وڵات (کاتی پێویست بۆ ئەو بەشە ٢٠-١٥ ساڵ)

ناسەقامگیرکردن

دروستکردنی قەیران

بەئاسایی ناساندنی دۆخی سەپاو

بە گوتەی بەزمەنیەڤ لە بڕگەی یەکەمدا هەموو هەوڵەکە لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە ورەی خەڵکی وڵات و بەتایبەتی لاوان دابەزێنن. ناوبراو بەو بڕگەیە دەڵێ "شەپۆلی بەربڵاوی مێشک شۆردنەوە." ئەو دەڵێ کاتێک مێشکی خەڵک شۆردرایەوە تەنانەت ڕاستییەکان نابینن و بەو شێوەیە کە ک.گ.ب. دەیهەوێ هەڵسوکەوت دەکەن. ناوبراو بۆ بێدەربەست کردنی لاوان بەرانبەر بە کاروباری وڵات ئاماژە بە شەپۆلی هیپیگەری و تەشەنەکردنی دیاردەی مێدیتەیشن بە شێوەی موڕتازەکانی هیندوستان و کەڵکوەرگرتنی بەربڵاو لە مادە هۆشبەرەکان لەنێو چینی لاوی وڵاتدا دەکات کە ئامانجی هەموویان گوێ‌نەدانە بە دۆخی وڵات و چڕبوونەوە لەسەر خۆت و دۆخی تاکەکەسیی خۆتە.

بەزمەنیەڤ لە وتووێژەکەیدا دەڵێ، ک.گ.ب. بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی پەنا بۆ مارکسیست و کۆمۆنیستەکانی ئەو وڵاتە نابا، بەڵکوو کەسانی خاوەن نفوز کە قسەیان لە کۆمەڵگەدا دەڕوا دەکەنە ئامانج تا لە ڕێگای ئەوانەوە پلانی خۆیان جێبەجێ بکەن. ئەو کەسانە دەتوانن ڕۆژنامەنووسان، مامۆستایانی زانکۆ و نووسەران بن. ئەو دەڵێ ک.گ.ب. ئەو جۆرە کەسانەی بانگهێشت دەکردە یەکیەتیی سۆڤیەت و بە پێهەڵداگوتن و مەزن‌کردنەوەی ئاستی تێگەیشتوویی ئەوان، ئەوانی وەک ئامراز بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی دڵخوازی یەکیەتیی سۆڤیەت لەنێو کۆمەڵگەی خۆیاندا بەکار دەهێنا.

بڕگەی دووهەمی پلانەکە ناسەقامگیرکردنی وڵاتە. لەو بڕگەیەدا وەک بەزمەنیەڤ باس دەکا، دامەزراوە گرینگەکانی نەتەوەیەک، واتە دامەزراوە ئابووری، پەیوەندیی دەرەوە و بەرگریی دەکرێنە ئامانج.

بڕگەی سێهەم دروستکردنی قەیرانی جۆراجۆر لە کۆمەڵگەیە تا بەو شێوەیە لە ڕوانگەی دەروونییەوە خەڵک بۆ ئاڵوگۆڕ لەسەرەوەڕا ئامادە بکەن. لێرەدایە گرینگیی بڕگەی یەکەم دەردەکەوێ چونکە ئاپۆڕای جەماوەر و بەتایبەتی لاوان بێ‌ورە و بێ‌واز بەرانبەر بە ڕووداوەکانی وڵات کراون، بۆیە هێزێک بۆ بەربەرەکانی نەماوە.

لە دۆخی چوارەمدا خەڵک هێندە جاڕز و بێ‌هیوا کراوە کە کاتێک دیکتاتۆڕێکی بەهێز دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ، خەڵک دۆخەکە بەئاسایی وەرگرن و تەنانەت سوپاسی بکەن، چونکە وڵات لە دۆخی قەیراناوی ڕزگار دەکات. لێرەدایە خەڵک دێموکڕاسی، ئازادیی و بایەخە لیبڕاڵییەکانی دیکەی بۆ گرینگ نییە، بەڵکو تەنیا دەخوازێ دۆخەکە بگەڕێتەوە ئەو کاتەی سەقامگیریی حاکم بوو و قەیرانی پەیتا پەیتا ڕوویان نەدەدا.

بەراوردکردنی دۆخی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە ڕوانگەی پلانی ک.گ.ب. بۆ ئەمریکا

تا ئێستا گەلێک وتار لەبارەی هەوڵی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ دابەزاندنی ورەی خەڵک، بە تایبەتی لاوان لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان نووسراون. بۆ ئەو مەبەستەش کەڵک لە تاکتیکی جۆراجۆر وەرگیراوە کە دەکرێ ئاماژە بە بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر، بڵاوکردنەوەی دیاردەی دژایەتیی تیکەڵبوون لەگەڵ سیاسەت و تەنانەت نەفرەت لە هەر کردەوەیەکی سیاسی، پەرەپێدانی هێندێک لایەنی ئایینی توندئاژۆ کە دژایەتی هەرجۆرە لیبڕالیزە کردنی کۆمەڵگە و دیاردەکانی سێکولاریزم دەکەن تا پەلکێش‌کردنی بەشێک بۆ سۆفیگەریی و دەروێشایەتی یان پەرەپێدانی ڕێفۆمخوازیی لە چوارچێوەی سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا.

لێرەدا زۆر بەئاشکرا دەردەکەوێ کە کۆماری ئیسلامی بەرنامەیەکی درێژخایەنی بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوە بردووە. لە ڕۆژهەڵات بەتایبەتی لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ئێران-عێراق و لە باشووری کوردستان دوای شەڕی یەکەمی کەنداو و دروستبوونی بۆشایی دەسەڵات لەو ناوچەیە ئەو هەوڵانە چڕ کرانەوە. لێرەش کەڵک لە 'گەمژەی بەکەڵک' وەرگیراوە تا کۆمەڵگە لە باوەڕبەخۆبوون و ورە داماڵێ و کەشی بێ‌هیوایی و بێدەربەستیی بەرانبەر بە چارەنووسی وڵات باڵ بەسەر کۆمەڵگەدا بکێشێ. لێرەدا کەڵک لە نووسەر، ئاکادێمیسیەن و ڕۆژنامەنووس وەردەگیرێت تا ببنە ئامرازی گواستنەوە و جێبەجێ‌کردنی پیلانی کۆماری سێدارە.

لە کاتێکدا کە فیدراسیۆنی جیهانیی ڕۆژنامەنووسان باس لە سەرکوتی ئازادیی ڕادربڕین لە ئێران و دەستبەسەر کرانی لانی‌کەم ١٠٠ ڕۆژنامەوان لە ساڵی ڕابردوودا دەکات،(٤) ڤۆرک‌شۆپی ڕۆژنامەنووسی بۆ ڕۆژنامەنووسانی باشووری کوردستان لە ئیسفەهان دادەندرێ.(٥) خەڵکی بەناو ڕۆشنبیر قەڵەکەمانیان دەکەوێتە خزمەتی بەرەوپێشبردنی ئەجێندای کۆماری ئیسلامی و ئەوەی ئەوان وەک بۆچوونی سەربەخۆ بڵاوی دەکەنەوە، لە ڕاستیدا داڕێژراوی ژوورە داخراوەکانی شەڕی نەرمی کۆماری ئیسلامییە.

لە هەموو شوێنێکی دنیا کاتێک دەسەڵاتداران گەندەڵ و ناکارامەن، خەمخۆرانی نیشتمان هەوڵ دەدەن بەربەرەکانی لەگەڵ دەسەڵاتداریی چەوت و خراپ بکەن، بەڵام زۆر دەمێکە هەوڵێک لە ئارادایە تا خەڵک لە نیشتمان و هێما پیرۆزەکانی بێزار بکەن. ئەو دیاردەیە دەکرێ بڵێین لە دنیادا بێ‌وێنەیە. ئەوانە هەموو دەقاودەق جێبەجێ کردنی بڕگەی یەکەمی پیلانی ک.گ.ب. یەم بەڵام لە لایەن کۆماری ئیسلامی و بۆ بەرژەوەندیی ئەو ڕێژیمە لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بەڕێوە دەچێ.

بڕگەی دووهەمیش، واتە ناسەقامگیر کردن، ماوەیەکی دروودرێژە بەڕیوە دەچێ. بۆ ئەو مەبەستەش کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵات بە میلیتاریزە کردن، بە ئامانج گرتنی ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی بێکاری لە لایەک و دەستبەسەر کردن و ئێعدام لە لایەکی دیکەوە ناهێڵن کوردستان سەقامگیر بێ. لە باشووریش بە پیلانی جۆراجۆر ناهێڵن سەقامگیریی باڵ بەسەر عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتیدا بکێشێ. چونکو دەزانێ سەقامگیریی دەبێتە هۆی گەشەی وڵات و پێش بە ئامانجی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە عێراق و هەرێمێکی لاوازی دەوێ دەگرێ. هەر کەسێک لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ڕووداوەکانی باشووری کوردستانی دیتبێ بەئاشکرا دەزانێ کە لە زۆر لە هەوڵەکانی ناسەقامگیرکردنی عێراق و هەرێمدا، کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستی هەبووە.

ئەو ڕاستییە لە بوونی بڕگەی سێهەمی پیلانەکەی ک.گ.ب ڕوون و ئاشکرایە. لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا قەیرانی جۆراجۆر پەیتا پەیتا ڕوویان‌داوە. یەکێک لە هۆیەکانی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە قەیراندا دەتوانێ دەسەڵاتی خۆی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بپارێزی. ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بە دۆخی وڵاتانی وەک عێراق، سووریە، لوبنان و یەمەن، ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە. یەکێک لە هاندەرەکان بۆ ئەو مەبەستە هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی نێوخۆیە تا وا بیر بکەنەوە بێتوو کۆماری ئیسلامی نەمێنێ، پشێوی وڵاتانی وەک سووریە باڵ بەسەر وڵاتدا دەکێشێ. بڕوا ناکەم کەسێکی ڕۆژهەڵاتی کە سەردانی باشووری کوردستانی کردبێ ئەو گوتەیەی نەبیستبێ: "نەکەن وەکو ئێمە خۆتان بەدبەخت بکەن، ئێوە لانی‌کەم کارەباتان هەیە."  

ئەگەرچی نیشانەکانی بڕگەی چوارەم لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان کەم و زۆر دەبیندرێ، بەڵام دوای شۆرشی ژینا لە ساڵی ڕابردوو بەولاوە، جیاوازییەک بەدی دەکرێ. لە کاتێکدا ‌هێندێک جار لە باشووری کوردستان، خەڵک دەبینین بێ‌هیوا لە دۆخی ئیستایان دەبن و ئینتیما نیشتمانییەکانیان لەکزی دەدا؛ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ماوەی شۆڕشی ژینادا، خۆشەویستیی نیشتمان، گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی لە ئاستێکی بەربەریندا دەبینرا. لەو بەشەی نیشتمان خەڵک هێشتا بایەخە لیبڕاڵییەکان وەک سێکولاریزم، ئازادیی و مافەکانی مرۆڤ و لەهەموویان گرینگتر سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم لە ئاستێکی بەربەرین پشتگیریی لێ دەکرێ.

کاتێک لە بەزمەنیەڤ دەپرسن ئەمریکا چی بکات تا ئەو پیلانەی ک.گ.ب. پوچەڵ بکاتەوە، ناوبراو لە وەڵامدا دەڵێ "جیلێکی بروابەخۆ و دەروەست بار بێنن."

دیارە لە کوردستانیش، واتە لە هەر چوار پارچەکەی، ڕێگای پووچەڵ‌کردنەوەی پیلانەکانی نەیارانمان، بە کۆماری ئیسلامیشەوە، گەڕانەوە بۆ پەروەردەی نیشتیمانییە.

زاڵبوون بەسەر گەلێکی بێ هیوا و بێ دەربەست گەلێک ساکارە بەڵام بە پێچەوانە نەتەوەی بڕوا بەخۆ و خاوەن هەڵوێست، چۆک بۆ هیچ هێزێکی ملهوڕ دانادا.       

 

پەراوێزەکان:

١- https://www.youtube.com/watch?v=yErKTVdETpw

٢- ئەمیر عەبباس فەخراوەر لە کتێبی هەڤاڵ ئایەتووڵادا باسی دەوری ک.گ.ب. لە شۆڕشی گەلانی ئێران و هەروەها خوێندکار بوونی خامنەیی لە زانکۆی لۆمومبا دەکات، https://www.goodreads.com/book/show/32729606

٣- https://bigthink.com/the-present/yuri-bezmenov

٤- https://www.ifj.org/media-centre/news/detail/category/press-freedom/article/iran-ifj-launches-report-on-press-freedom-in-the-last-

٥- https://www.zayele.com/ku/news/8203.html