ڕەزا دانشجوو
سەرنجی یەکەم: بایکۆت
خاکەلێوەی ١٣٥٨، شێتییەکی بێسنوور ئەم خاکەی داگرتووە، وادیارە سێبەری ترسناکی ستەمکاری و دیکتاتۆریەت نایهەوێت ئەم خاکە بەجێ بێڵێت، هەموو سەرسوڕماو و سەرلێشێواو بەدوای تاریکیدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی مێژوو دووبارە بکەنەوە. لە جەماعەتی "میللی مەزهەبی" هەتا کۆمۆنیستەکانی "تودە" و "چریکی فیدایی زۆرینە" تا تەکنۆکراتەکان هەمیشە لە سێبەردا. هەموو وەشوێن درۆیەکی گەورە کەوتوون، "کۆماری ئیسلامی"، نەک یەک وشە کەمتر، نە یەک وشە پتر. لەبری ئەستێرەکان، خەڵک سەرقاڵی دیتنی وێنەی خومەینین لە مانگدا!
بەڵام لە شوێنێک لەم خاکەدا چیرۆکێکی دیکە لەئاڕادایە، لێرەدا لە جیاتی وێنەی خومەینی لە مانگدا، هەموو شەقامەکانی ئەو شارە بە دروشمی "مەرگ بۆ خومەینی" نەخشێنراون. ئەمە درێژەپێدەری شەڕێکە، خەڵکێک کە لە دیکتاتۆریی پەهلەوی بێزار بوون و نایەوێت لەگەڵ دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهـ بن. خەڵکی ئەم وڵاتە جگەلە ئازادی و دێموکراسی بە هیچ شتێکی تر ڕازی نابن. کاتێک زۆرینەی خەڵک بۆ پێشوازیکردن لە کۆماری ئیسلامی چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنی کرد، ئەمە یەکەم نەخێر بوو لە گەلی کوردەوە بۆ کۆماری ئیسلامی.
سەرنجی دووەم: وازنەهێنان
گەلاوێژی ساڵی 58، خومەینی لە بەرانبەر بایکۆتی یەکلاکەرەوەی ڕۆژهەڵات، بە مەبەستی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی کوردستان فەرمانی هێرشکردنە سەر کوردستانی دەرکرد. شەڕێکی نایەکسان لەگەڵ کەسانێک کە جگە لە باوەڕیان بە دێموکراسی و ئازادی هیچیان بۆ بەرگری لە خۆیان نەبوو. تەنانەت دوای ساڵانێک ئاسەواری تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر دیواری شارەکانی کوردستان دەبینرێت. لەم لەشکرکێشییە دڕندانەدا هەزاران کەس گیانیان لەدەست دا یان ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێ بهێڵن. حیزبە کوردییەکان بە مەبەستی پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی تاوان و ناسینی سروشتی دڕندەیی کۆماری ئیسلامی دژی ڕۆژهەڵات کوردستانیان بەجێ هێشت و بەرەو شاخەکان ڕۆیشتن و کەوتنە غوربەتێکی زۆرەملیی خۆسەپاو. بەڵام کۆماری ئیسلامی نەک هەر لەم هەڵمەتە هیچی دەست نەکەوت، بەڵکو لە چاوی خەڵکی کوردستان مەنفوورتر لە پێشووتر بوو. هەرچەندە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی کۆمەڵێک بەکرێگیراوی خۆفرۆشەوە هەوڵێکی زۆری دا بۆ ئەوەی واقیعەکانی کوردستان جیاواز دەربکەوێت، بەڵام وەڵامی خەڵکی کوردستان بۆ دەسەڵاتی تاوانکاری ئاخوندی هەف یەک وشە بوو: نەخێر.
سەرنجی سێیەم: گۆڕینی تاکتیک
دوای چل و چەند ساڵ لە هێرشی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان، لە کاتێکدا حکومەتی ویلایەتی فەقیهـ لای وابوو کوردستان ئارام بووەتەوە، گڕکانی تووڕەیی خەڵکی کوردستانی سەری هەڵداوە و لافاوەکەی نەک هەر جوغرافیای ئێران بەڵکوو جیهانیشی سەرسام کرد. ژینای کوردستان بوو بە ناوی ڕەمزی خەباتی نوێی خەڵکی کوردستان لەدژی دیکتاتۆری ئاخوندیی. "نا"ی ئەمجارەی خەڵکی کوردستان دژبە کۆماری ئیسلامی، دەرئەنجامی ساڵانێک پێداچوونەوە و بیرکردنەوە لە ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی دژی ڕێژیم بوو. ئەمجارە جۆری خەبات دژبە نیزام لە بنەڕەتدا جیاواز بوو، بە پێچەوانەی ساڵی 58 کە چەند هەزار پێشمەرگەیە بە نوێنەرایەتی لە چەند میلیۆن کورد چوونە مەیدانی بەرخۆدان. دژی دەستدرێژکارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، ئێستا چەند میلیۆن پێشمەرگەی شار لە ناوچە جیاجیاکانی خاکی نیشتیمان بە نوێنەرایەتیی چەند هەزار پێشمەرگەی شاخ چوونە شەڕی یەکلاکەرەوە دژی ڕەشایی. کۆماری ئیسلامی سەرسام لەم گۆڕانکارییە تاکتیکییە، بە هێنانەگۆڕێی ناوی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان وەک هۆکاری سەرەکیی ئاڵۆزییەکان بۆ بەلاڕێدابردنی ئاراستەی ڕووداوەکانی شۆڕشی ژینا، هەوڵێکی زۆری دا تا لەم تاڵاوە قووڵە ڕزگاری بێت. به ڵام وڵامی وشیارانەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ئاماده بوونی خەڵکی ڕۆژهەڵات له سەر شەقامەکان ئەم پیلانەی کۆماری ئیسلامی پووچەڵ کردووە. "نا"ی کوردستان ئەمجارە بۆ کۆماری ئیسلامی زۆر ڕوونتر و بەرزتر لە ڕابردوو بوو، بەجۆرێک کە دیوارەکانی هێزی خەیاڵی دیکتاتۆری پیری لەرزاند.
سەرنجی چوارەم: بەرخۆدان و بەرخۆدان
لە ساڵیادی شۆڕشی ژینادا، لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی بە دەستبەسەرکردنی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕش و میلیتاریزەکردنی کوردستان هەوڵی دا پێش دووپاتبوونەوەی ئابڕووچوونەکە ساڵی پێشوو بگرێ، بەڵام هەوڵەکانی لە کوردستان سەرکەوتوو نەبوون. ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر ڕێژیم جارێکی دیکە پرسی بوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی لە هەرێمی کوردستان هێنایە ئاراوە و بەو بیانوویە هەوڵی دا لەم حیزبانە وەک کارتێکی گوشار لەدژی خەڵکی کوردستان کەڵک وەربگرێت و لە هەمان کاتدا زەمینەی سەرکوتکردن هەرچی زۆرتر لە کوردستان دابڕێژێت. کۆماری ئیسلامی بە زانینی ئەو ڕاستییەی کە خەڵکی کوردستان ئامادە نابن چاوپۆشی لە تاوانەکانی ڕێژیم بکەن و لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ژینادا، بە هەموو توانایانەوە بەرگری لەو شۆڕشە دەکەن کە دەستیان پێ کردووە، هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی بۆ سەرکوتکردنی گرتەبەر. بەڵام مانگرتنی سەرتاسەری لە زۆربەی شارەکانی کوردستان جارێکی دیکە وەڵامێکی توند بوو بۆ نیزامی دژەئینسانی کۆماری ئیسلامی و دووپاتکردنەوەی وڵامی مێژوویی و نەگۆڕی گەلی کورد بوو بۆ سەرکردەکانی نیزام: "نا".
بەڵێ! هیچ شتێک لە کوردستان نەگۆڕاوە و ناگۆڕێت، خەبات لە کوردستان تا لەنێوچوونی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبێت. "نا" تاکە وەڵامی خەڵکی کوردستانە بۆ نیزامی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی. ئەم جوغرافیا نائارامە تا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و سەقامگیربوونی دێموکراسییەکی هەمەلایەنە پشوو نادات و تا ئەو کاتە ئەم لەرزینە ناوبەناوانە خەونی کۆماری ئیسلامی و هەموو فاشیستێکی تۆتالیتاری دیکە تێک دەدات. ئەم جوغرافیایە شوێنێکی ئارام نییە بۆ دیکتاتۆرەکان و بەکرێگیراوەکانیان. نە زیندان و نە مەرگ و ئێعدام ناتوانێ ئیرادەی ئەم میللەتە بەچۆک دابێنێ. چیرۆکی چل و چوار ساڵ بەرخۆدان تا گەیشتن بە ئازادی بەردەوامە.