کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەقڵی ڕێژیمی پاشایەتی لە هی کۆماری ئیسلامی سووک‌تر بوو

22:09 - 2 رەزبەر 2723

دارسمە

مانەوە و درێژبوونەوەی ژیان هەرچۆنێک بێت لە مردن باشترە. هەموو کەس ژیانی پێخۆشە. تەنانەت ئەوانەی زۆر بڕوایان بە ڕۆژی پەسڵان و جەهەندەم بۆ کافرانی لەعین و سووک و چرووک و بەهەشتی بەرین بۆ بڕوادارانی بەئیمانیشیە، ژنیان لە مردن پێ خۆشترە.

ئەوانەی ژیانیشیان پێخۆش بێت دەکرێت بە سەر دوو تاقم و گروپ و دەستە و مەستەی عەقڵ‌سووک و عەقل‌قورسدا دابەش بکرێن. عەقلیش وەک خەو وایە و سووک و قورسی هەیە. ئەوانەی خەویان قورسە بەزەحمەت لە خەو هەڵدەستن و ئەوانی خەویان سووکە، بە سووکە دەنگێک یان بە پشووی شنەیەکی نەرم خەو لە چاوانیان دەتۆرێت.

پێشینیانی ئێمە بەهەڵە کەسانی شێتیان بە عەقڵ‌سووک ناو بردووە. پێچەوانەی ئەمە دروستە و ئەوانەی عەقڵیان قورسە شێتترن. هەبوونی عەقلیش لەم دەوروزەمانەیەدا سووکەکەی باشترە. ئاسانتر هەڵدەگیرێت و مرۆڤ قورس ناکات و دایناتەپێنیت.

پێوەندیی کورتی و درێــــــــــــــــژیی ژیان و قورسی و ســــــــــــــــــووکیی عەقڵیش خۆی شتێکی سەرنجڕاکێشە و تێکەڵی و کاردانەوەی ئەم دووانە لەسەر یەکتری پێویستیی بە ئەزموونێکی دوورودرێژە. کەسانی کەم‌ئەزموون بە خوێندنەوەی کتێب و متێبان نەبێت بەزەحمەت لە پێوەندیی خەوی قورس و عەقڵی قورس تێ‌دەگەن. لە سایەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینترنێت و بازبازدێن و غارغارێن و هەڵات‌هەڵات بەسەر زانیارییاندا، کەم کەس ڕوو دەکەنە خوێندنەوەی کتێبان. لە سەردەمی پێشکەوتن و تەکنۆلۆژی و لافاوی زانیاریاندا کتێب‌خوێندنەوە بایەخی هەر نەماوە. بڕوام پێ بکەن ئێوەی خوێنەریش بۆ منی نووسەر ئەگەر وەک خوشک براش نەبن لە خوشک و برا فەرزترن و هەر حیسابی خوشک و براتان بۆ دەکەم، بۆیە دەخۆم ڕادەبینم لای ئێوە بڵێم عەیب نەبێت و لای ئێوەم پەرژینی بەگوڵ بێت، جاروبار دەستێک بۆ کتێبان دەبەم.

بۆ ئەوەی لە سەردێڕی باسەکەمان فرە دورەو نەکەفین، دەگەڕێمەوە سەر کاكڵی ئەم بابەتە و بە نموونە و میناکی زیندووتر مەبەستەکەم دەقەڵێشم و وەک کورد دەڵێت "شەن و کەو"ی دەکەم. لەم سەردێڕەدا ڕوو بە هەموو ئەو کەسانەی بە سەر زانیاریی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینترنێتدا بازبازێن دەکەن و یان دوور لە ڕووتان و لای ئێوەم پەرژینێکی بەگوڵ بێت کتێبان دەخوێننەوە، دەچمەوە سەر باسی عەقل سووکیی حکوومەتی پاشایەتی و عەقڵ قورسیی کۆماری ئیسلامی.

دەستەڵاتی پاشایەتیی خانەدانی پەهەلەوی یانی ڕەزا و حەمەی کوڕی، ئەو دوو پاشایەی بەدوای یەکتردا سەرتۆپی بنەماڵەی پەهلەوی بوون، سووکەعەقڵیان دەکار کرد و ڕوو بە میللەتی عەقڵ‌قورس گوتیان ئێمە میراتگری دەستەڵاتی دووهەزار و پێنسەد ساڵەی پاشایەتین. بەڵام دوای ئەوەی حەمە‌ڕەزاشا له نیوەی دووهەمی سالی ١٣٥٧ی هەتاویدا دوای پەنجاوسێ ساڵ دەستەڵاتی بنەماڵەکەی زانیی هەرچییەک بکات، ناچاری دەکەن دەستەڵات جێ بهێڵێت و لە عەقڵ ڕاپەڕی و پاش هەندێک گوشار و بەرەنگاربوونەوەی سەربازی لە بەرانبەر گۆڕانخوازاندا وەخۆ هاتەوە و پێش ئەوەی هەموو جیهان بکاتە دوژمنی خۆی، بە سواری فڕۆکە لە فڕۆکە‌خانەی مێهرابادیی تارانەوە بەرەو هەندەران فڕی و هەر ئاوڕیشی لە ئێران نەدایەوە.

لە دوای دەستەڵاتی پاشایەتی، دەستەڵاتی ئێران کەوتە دەست ئاخوندان. ئەو ئاخوندانەی هەتا ئەوکاتە لەسەر قەبران بە پارە قورئانیان بۆ مردووان دەخوێند و پارەیان لە زیندووان وەردەگرت و لە کۆڕی پرسەی مردوواندا ئەوەندەی هێزیان دەبەردابوو دەیانگوت "اجمعین الفاتیحه"، ئەوە ٤٤ ساڵە دەستەڵاتی پاشایەتییان بۆ خۆیان قۆستووەتەوە. ئەمانە پێچەوانەی بنەماڵەی پاشایەتی، عەقڵیان زۆر قورسە. ئەوانەی پاشایەتی بەردەوام خەریک بوون ڕووخساری خۆیان بۆ جیهانی دەرەوە جوان پێشان دەدا. لە نێوخۆش لە بواری ئابووریدا خەڵکیان تێر دەکرد و نەیاندەهێشت بایی دۆلارێکی ئەمریکا لە حەوت تومەن زیاتر بێت. لە بواری کۆمەڵایەتیشەوە کاریان بە سەرپۆش و بن‌پۆشی ژنانەوە نەبوو و ئەگەر باسی سیاسەتت نەکردبایە، هیچ شتێک بڤە نەبوو. بەڵام ئەوانەی کۆماری ئیسلامی خۆیان خستە نێو گەمارۆی وڵاتان و هەموو جیهانیان لە خۆیان کردە دوژمن. لە بواری ئابوورییەوە خەڵکیان ئەوەندە برسی کرد خەون بە نان و پێخۆرەوە ببینن. لە بواری کۆمەڵایەتییەوە لەلایەک خەڵک بە پەڕۆ و پاڵ دادەپۆشن و لەلایەکی دیکەوەش دوور لە ڕووی ئێوە دەهیچ نافکرن و لەگەڵ نێر و مێدا خەریکی زۆرانبازیی "تحریک‌پذیر"ن. تەنیا لە ڕوانیان بۆ سیاسەت لەگەڵ دەستەڵاتدارانی پاشایەتیدا هاوشێوەن.

پاشا ئەوندە عەقڵی سووک بوو، دوای ناردنی هێزی سەربازی بۆ سەر شەقامان و هەندێک کوشت و کوشتار و دیتنی ڕاپەڕینی خەڵک لە ئاخری تەمەنی دەستەڵاتیدا گوتی: "لەو کەشی کراوەی سیاسییەی لە دووساڵ لەمەوبەرەوە وردە وردە دروست دەبوو، ئێوە میللەتی ئێران دژی ستەم و زۆرداری هەستانەوە. ناکرێت من وەک پادشای ئێران هەست بە شۆڕشی میللەتی ئیران نەکەم".

بەڵام دەستەڵاتدارانی ئێستا لە یەکەم ساڵوەگەڕی کوشتنی ژینا و تێپەڕینی یەک ساڵی تەواو بەسەر سەرهەڵدانی شوڕشی "ژن، ژیان، ئازادی‌"دا عەقڵیان ئەوەندە قورسە، لەجیات بیستنی دەنگی شۆڕش، تەنیا لەم ڕۆژەدا هەر لە شاری تاران ئەوەندە‌ی هەموو لەشکری جارانی پاشایەتی چەکداریان بەگژ خەڵکی ڕاپەڕیودا کردووە.

ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی عەقڵ‌قورسێک بووە، وەک گوێدرێژەکە هەر چوارپەلی دەقوڕ چەقیبێت و دەستی کەسی پێ ڕانەگات کلکی بکێشێت و دەریبهێنێتەوە؛ هەتا ملان بە قوڕدا ڕۆ چووە و تانیا کلک و گوێی دیارن.