کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە سوید ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:12 - 3 رەزبەر 2723

شەوی شەممە ١ی ڕەزبەر، کاک سەید خدر محەممەدی ناسراو بە هەژیر موکریانی، بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەیەکی شاری ستۆکهۆڵم ماڵاوایی لە بنەماڵە و هاوسەنگەرانی کرد.

کاک هەژیر، لە دەیەی ٣٠ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لەدایک بوو. ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، لە کاتی بەخاکسپاردنی کاک عەزیز یووسفی، سێ ڕۆژ لەسەر قەبران چالاکانە بەشدار بوو و لە کاتی ڕێپێوانەکەدا، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر دەسبەسەر کران.

ناوبراو لە شەڕی سێ مانگەدا، پێشمەرگە و هاوکاری پەلی شاهۆ لە ناوچەی سەقز بوو و دواتر لە وڵاتی سوید گیرسایەوە.

کاک هەژیر لە ٢٠٠٦ی زایینییەوە ئەندامی حیزبی دێموکرات بووە، لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی و دوای مووشەکبارانی بنكە و بارەگاكانی حیزبی دێموكرات، بە فەرمی هاتە نێو تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات و لە کۆمیتەی ستۆکهۆڵم سازمان درا.

کاک هەژیر لە بواری سیاسییەوە کەسێکی تێگەیشتوو و زۆر بەهەست و دەروەست بوو و زۆر تامەزرۆی ئازادی بوو.  

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک سەید خدر محەممەدی، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.