کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابینکردنی تێچووی سەرسووڕهێنەری هەزاران میلیاردی بۆ ڕێپێوانی ئەربەعین لەلایەن ڕێژیمەوە

15:38 - 13 خەرمانان 2723

بەڕێوەچوونی ڕێپێوانی ئەربەعینی حوسێنی لە عێراق لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە، بە خەرجکردنی بوودجە و پڕوپاگەندەیەکی یەکجار زۆر، ئەمساڵ شێوازێکی سەیر و سەمەرەی لەخۆ گرتووە.

ماڵپەڕی" دیدەبانی ئیران ڕایگەیاند کە وەزارەتی ڕێگاوبان و شارسازی، ٣ هەزار میلیارد تمەنی بۆ ئەم ڕێوڕەسمە دیاری کردووە و نووسیویەتی: "ئەم ڕێژەیە هاوتایە لەگەڵ ئەو بوودجەیەی کە پێویستە بۆ دابینکردنی گاز بۆ پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، هۆرمۆزگان و هەندێک لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوا کە گازیان بۆ نەچووە."

هەروەها ئەم ماڵپەڕە لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە کە وەزارەتی ڕێفاهـ بۆ ئەو کارمەندانەی کە دەچنە ئەربەعینی حوسێنی، سێ ڕۆژ مەرەخەسی، ٥ ملیۆن تمەن وەک یارمەتی بۆ کارمەندەکان و یەک میلیۆن تمەن بۆ هەر ئەندامێکی خێزانەکانیان دابین دەکات. ئەم وەزارەتە بڕیارە ٨٥٠ میلیارد بۆ سەفەری ئەربەعینی کارمەندەکانی تەرخان بکات کە هەر بەم بڕە پارەیە دەکرێ ١٥٠٠ یەکەی نیشتەجێبوونی ٧٠ میتری دروست بکرێ.

پێشتریش گومڕگی ئێران ناردنی زیاتر لە ٣٠ هەزار و ٥٠٠ تۆن خۆراک و ٨٠٠ هەزار لیتر بەنزینی بۆ عێراق بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئامادەبووانی ئەم بۆنە حکومەتییە ڕاگەیاندبوو.

هەروەها ڕۆژی ٢٩ی پووشپەڕ، سەرۆکی شۆرای شاری تاران، تەرخانکردنی ٣٠٠ ملیار تمەن پارەی شارەوانیی پایتەختی بۆ خەرجکردنی ڕێوڕەسمی "ئەربەعین" پەسەند کرد.

ڕۆژی ٢٠ی پووشپەڕ، لە دۆخێکدا کە "نەبوونی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی" جارێکی دیکە لە ئێراندا بۆتە قەیراێکی گەورە، بەرپرسی مانگی سووری ڕێژیم ڕایگەیاند کە نزیکەی "٤٠٠ تۆن دەرمان" و زیاتر لە " ٨٠ ئامبولانس" بۆ "زیارەتکارانی ئەربەعین تەرخان کراوە.

بەهرام عەینوڵڵاهی، وەزیری تەندروستیی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، نزیکەی ١٥ بۆ ٢٠هەزار خوێندکار و ئەندامی زانکۆ بە ئامانجی "بەرەوپێشبردنی کەلتوورە عاشووراییەکان" ڕەوانەی ئەم رێوڕەسمە حکومەتییە دەکرێن، بۆ هەر کەسێکیش سێ ملیۆن تمەن" لەبەرچاو گیراوە.