کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ژینا"ی کوردان

21:05 - 3 رەزبەر 2723

عەلی بداغی

 

لە نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەی زایینیدا "توماس کارلایل" نەزەرییەی کەسایەتییە مێژووسازەکانی داهێنا. بەپێی بیردۆزییەکەی "کارلایل" مێژوو بە سەرنجدان بە شوێنەواری کەڵەپیاوان دەنووسرێتەوە و شی دەکرێتەوە. ئەو کەڵەپیاوانەش کەسانێکن بەهۆی هیندێک تایبەتمەندیی وەک دەسەڵات، بیروئاوەز، سەرنجڕاکێشی، دەستڕۆیشتوویی و ڕچەشکێنی کە هیندێک لە تاکەکان وەک ڕێبەران هەیانە، توانیویانە کاریگەری لەسەر ڕەوتی مێژوو دابنێن و تەنانەت بیگۆڕن. بیردۆزییەکەی توماس کارلایل دواتر لە ساڵی ١٨٦٠ی زایینیدا لەلایەن "هێربێرت ئێسپەنسێر"ەوە پوختە کرا. بە بۆچوونی "ئیسپەنسێر" ئەو کەڵەپیاوانە بەرهەمی کۆمەڵگەکەی خۆیانن و شوێندانەریشیان قەرزباری هەلومەرجێکە پێشوەختە بۆیان ڕەخساوە. ١٦٢ ساڵ دواتر لە وڵاتی ئێران نەک کەڵەپیاوێک، بەڵکوو ئەوە کچە کوردێکە بە مەرگی دڵتەزێنی خۆی دەبێتە خاڵوەرچەرخانێک لە مێژووی خەڵک و وڵاتەکەی.

***

لە کۆتاییەکانی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاویدا ژینا ئەمینیی خەڵکی سەقز کە هێشتا خەرمانی تەمەنی نەگەیشتبووە ٢٣ ساڵ، لە تاران کەوتە بەر ڕەشەبای بێدادی. گوڵی تەمەنی ژینا لە قاقڕستانێکدا هەڵوەری، کە چاوی بەرایی نادا کچانی شۆخ و شەنگ ببینێ. شەختە لە شوێنێک لە بەژنی ژینای دا، کە تێیدا فرچکیان بە ژاکاندنی بەهار و خەونە ئەرخەوانییەکانی ژن گرتووە.

ژینا، خۆی، ناوەکەی، بەسەرهاتی ژیان و مردنیشی هەموو تەعبیر لە چارەنووسی گەلەکەی دەکەن. ئەو لە کوردستان و لە شارە دڵڕفێنەکەی سەقز لەدایک بوو. هێشتا چاوی نەپشکوتبوو کەوتە بەر تیغی سڕینەوەی شوناس و هەبوونی خۆی. "ژینا"ی ژیان و بووژانەوە لە وڵاتی حاشا و چەواشەدا کرا بە "مەهسا"، بەڵام مەحوی گوتەنی:

"وەکوو ڕۆژ ئەو مەهە لەو دوورە دەرکەوت

لەمێوە ئەشک و ئاهی ئێمە سەر کەوت".

ژینای ئەمجەد و موژگان و خێزانە گەورەترەکەی ئەمینی و ئیفتیخاری پاش ئەوەی دیپلۆمی تەجروبیی وەرگرت، کەوتە قۆناغێکی دی لە کایەکانی ژیان. ئەو وەک هەموو تاکێکی ئەم دنیایە شایی‌بەخۆ بۆ داهاتووی دەڕوانی. حەز و ئارەزووەکانی ژینا، هێمن گوتەنی بچووک بەڵام تا بفەرمووی شیرین بوون کە خوێندن و پەروەردەی پتر یەک لەوان بوو. ژینا خوێندنی زانکۆ لە بەشی "میکرۆبیۆلۆژی"ی زانکۆی ورمێی لە پاییزی ئەمساڵدا کردبووە یەکێک لە ئامانجەکانی، بەڵام خەزانی مەرگ زووتر گەیشتە سەر خەرمانانی تەمەنی و پێنج ڕۆژ پێش ئەوەی مۆمی ٢٣ ساڵەی تەمەنی دابگیرسێنی، زریانی دەسەڵاتی ئەهریمەنیی کۆماری ئیسلامی چرۆی ژینی هەڵوەراند.

ژینا ئاشقی ژیان و جوانییەکانی سروشت و کولتووری گەلەکەی بوو. ئەو ئەوینداری بزە و سەما و چۆپی‌کێشان و ڕەشبەڵەک بوو، بەڵام لە وڵاتێکدا، کە دەسەڵاتبەدەستانی شیر لە گەردەنی خۆشی و زەردەخەنە و جوانی دەسوون. ئەو ئاشقی گۆرانی و نۆتەکانی ناخ‌بزوێنی مۆسیقا بوو، بەڵام چیی کردبا لە هەرێمێکدا کە تاریک‌پەرەستان ژن و جوانی و حەزی پیرۆزی ئەوانیان لە بەندیخانەی عەقڵی تەسکی کۆنەپەرستی و بیرکردنەوەی پیاوسالاریدا بەند کردووە؛ لە وڵاتێکدا کە دەسەڵاتە ئەهریمەنییەکەی نەک هەر جگە لە ژن و جوانی، بەڵکوو دوژمنی قەستەسەری خۆشی و زەردەخەنەشە و؛ لای ئەوان هەر شتێک کە ببێتە هۆی خۆشی و گەشی حەرامە و سزای لەسەرە.

ژینا وەک هەموو کوڕوکاڵانی هاوتەمەنی لەگەڵ ئازار و ژان گەورە ببوو، بەڵام هەروەک باووباپیرانیشی جەنگاوەری خۆرەتاو بوو، کەوی و دەستەمۆ نەببوو. نەیدەویست ڕەش لەبەر کات و ماتەم بگێڕێت، نەیدەهێشت ئەهریمەن مەودا بخاتە نێوان خۆی و خەونەکانی، نەیدەتوانی ڕێگە بدات پێکەنین و زەردەخەنەکانی هەڵبوەرێن؛ بۆیە بۆ گەیشتن بە خولیاکانی ئامادە بوو گیان دابنێ. هەمووان لە بەرچاومانە: ژینا بە جلی كوردیی سوور، بێگەرد و ڕازاوە، گەش و ئاڵ بە گولبزەی شیرینەوە و، بە قژێكی پەرێشانەوە چۆپی‌ دەکێشێ و فەرمووی ئەوانیدی بۆ گەڕی ڕەشبەڵەک دەکات. ئەم تابڵۆیە دڕدانی هەموو بەهاکانی دەسەڵاتە کە خۆشی و پێکەنینی تێدا قاتە.

ژینا و ئەشکانی برای ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی سەردانی تارانیان کرد. هەمان ڕۆژ ژینا بە بەرچاوی براکەی بە بیانووی ئەوەی چەند تاڵ قژی بەدیارەوەیە و جلی نەشیاوی لەبەرە، دەسبەسەر کرا. لە بەردەم ئۆتۆمبیلی پۆلیسدا بێبەزییانە کەوتە بەر مست و پێلەقە و بە باتووم لە سەری درا. لە بنکەی پۆلیس لەسۆنگەی ئازار و ئەشکەنجەکانەوە و ئەو زەبرانەی بەر مێشکی کەوتبوو، لە هۆش چوو و پاش سێ ڕۆژ هەوڵی پزیشکەکان و کادری دەرمانیی نەخۆشخانەی کەسرای تاران، دوانیوەڕۆی ٢٥ی خەرمانان ئەستێرەی ژیانی ئاوابوو. تەرمی ژینای جوانەمەرگ لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز لەنێو ئاپۆرای خەڵکی کوردستاندا بەخاک سپێردرا. لەسەر بەردەکێلەکەی نووسرا: "ژینا گیان تۆ نامری، ناوت دەبێتە ڕەمز" و ئەو بوو بە سەرەتای وەرچەرخانی مێژوو لەم وڵاتەدا.

لە ساتەوەختی ناشتن و دواماڵئاوایی لە ژینای کوردستان دەنگێکی بەگوڕ و هاوارێکی چڕ لەنێو خەڵکدا بەرز بۆوە: "ژن، ژیان، ئازادی". ئاپۆرای خەڵک بە یەکدنگ و بەرز بەرز ئەو دروشمەیان گەیاندە شار، گەیاندیانە گوێی پێتەخت و لە سنووری وڵات ئاودیویان کرد. ئەو بەڵێنەی بە ژینا درا کە ناوی ببێتە ڕەمز، ئاوێتەی مانیسفێستی شۆڕشی نوێ کرا بۆ لەگۆڕنانی ڕێژیمی تاریکی، بۆ بنیاتنانی دواڕۆژی ڕوون، بۆ چێ‌کردنی هەرێمێکی دی لە خەڵک و دەسەڵات بە پێناسەی ماف و جوانییەکانی ژیان.

حەماسەی ڕزگاری لەسەر مەزاری "ژینا"وە دەستی کرد. کۆڵان بە کۆڵان، شەقام بە شەقام، شار بە شار، وڵات بە وڵات هەموو هاتنە شەڕی خێوی شەڕ و تاریکی. کوردستان مانی گرت و شەقام جمەی تێ کەوتەوە.

"دەرگای شێران کرایەوە

دار و بەرد دەنگی دایەوە

گوێ لە زڕەی زنجیر بگرن

پاڵەوان ناترسن بمرن

بۆ مەرگ دێن بەئازایی

دەڵێی دەڕۆنە سەرشایی"

نەعرەتەی لاوانی دلێر نایەڵێ دەنگی فیشەک و پۆستاڵی داگیرکەر بە سەر شەقامدا زاڵ ببێت. هەموو شوێنێکی وڵاتی خۆر دەبێتە بڵێسەی ئاگر و کانگای خۆڕاگری و نەسرەوەتن. ڕۆژهەڵات دیسانەکەش سەری بەرزترە... دەنگی دلێرترە... ڕووسوورتر لە هەموو کاتێک، لە هەموو جارێک. دەستەخوشکەکانی ژینا پێشەنگ و ڕچەشکێنن. دەنگیان لەو ئۆرکێسترایەدا زاڵە و زراوی دوژمنی بردووە، قرمژنی چەکی دوژمن هەدادانی نییە:

"وا ڕۆژ هەڵات لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە

خوێنی شەهیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە

تا ئێستە ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا

قەڵخانی گوللە سنگی کچان بێ لە هەڵمەتا"

زەماوەندی سەربەستییە و چۆپی‌کێشەکەی ژینایە. دەسرۆکەی سەرچۆپی لە نێوان محەممەد و شەهریار لە بۆکان، فوئاد و موحسین لە دیواندەرە، برایم و ڕەزا لە دێولان، فەرجاد و دانش لە ورمێ، زەکەریا و کۆمار لە پیرانشار، فەرەیدوون و سمایل لە سەقز، ئەفشین و مینوو لە قەسری شیرین، ئەمین و میلان لە شنۆ، ئاڕمین و سینا لە کرماشان، عەزیز و پەیمان لە سنە، هێمن و شەهریار لە سەردەشت، بورهان و فوئاد لە کامیاران، عیرفان و بەهائەدین لە جوانڕۆ، زارا و ئیمان لە شائاباد، محەممەد و عەلیڕەزا لە سونقوڕ، شۆڕش و ئازاد لە مەهاباد، موختار و نەسرین لە مەریوان، نیما و ئارین لە سەلاس، موحسین لە ئیلام و ئەڕدەڵان لە گەیلان، ئاسۆ لە بانە و سامان لە تیکاب و؛ کوبڕا و فریشتە و دەیانی تریش دەست بە دەست دەگەڕێ و گەڕی شایی ڕزگاری هەر بەردەوامە. چاوی ژینا لە بان بانی کوردستانەوە دەڕوانێتە بنەماڵەی شەهیدان کە چۆن ڕێوڕەسمی ناشتنی ڕۆڵەکانیان کردووە بە مەیدانێکی دیکەی خەبات و بەرەنگاربوونەوە لەدژی کۆماری ئیسلامی و ئەو کاروانە هەر وا بەڕێوەیە.

لە نووسینەوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بۆ ڕاماڵینی کۆماری ئیسلامیدا "ژینا ئەمینی" پاڵەوانی چیرۆکەکە و هۆی سەرکەوتنی شۆڕشەکەیە. وردەکارییەکانی ژیانی کەسیی ژینا، ئەوەی لە کوێ خوێندوویەتی و لە بنەماڵەدا چۆن پێ گەیشتووە و پێوەندییەکانی خۆی و دەوروبەری چۆن بووە ڕەنگبێ لە پلەی دووهەم و چەندەمدا بن، بەڵام ئەوەی لەو مێژووەدا لە لوتکەدا دەمێنێتەوە ناوی ژینایە و کوردستان. ژینا وەک قافڵەسالار و کوردستان وەک داینەمۆی ئەو شۆڕشە. کوردستان وەک ڕێکخەری شۆڕشی ژینا و وەک ناوەندی هەناردەکردنی بەها و بایەخە مرۆیی و شۆڕشگێڕییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش.

حەماسەکە بە ژینا دەستی پێ کرد و بوو بە ئەفسانە، بەڵام کۆتاییەکەی بۆ کاروانێک جێ هێشتووە کە بەڕێوەیە. ئەو لەپێناو سەربەستی و ئازادیی خەڵکەکەیدا کوژرا و ئەرکی گەیشتن بەو ئازادی و سەربەستییەشی بە ئێمە سپاردووە. ئێمەش هەمووان بەپێوەین و پێکەوە بەرەو لوتکە بەڕێوەین.

گیانە ژینا تۆ نامری، ناوت بووە بە ڕەمز....