کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەدان بە ڕێوشوێنە توندە ئەمنییەتییەکان لە زاهیدان بە هەڵکەندنی کەناڵێک و دروستکردنی بەربەست لە دەوروبەری شار

11:32 - 4 رەزبەر 2723

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی هەینیی خوێناوی، ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم جگە لە بەهێزکردنی بازگەکان و زیادکردنی هێزەکانیان لە زاهیدان، خەریکی هەڵکەندنی کەناڵی قووڵن، هەروەها بە دروستکردنی خاکڕێژ لە دەوروبەری ئەم شارە کێشەیان بۆ هاتوچۆی خەڵک پێک هێناوە. 

ماڵپەڕی ''حال وەش'' لە زاری چەند سەرچاوەیەک بڵاوی کردووەتەوە کە جگە لە دروستکردنی چەندین خاڵی پشکنین و بەهێزکردنی هێزەکانیان لە دەروازەی زاهیدان، ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکان کەناڵی قووڵیان هەڵکەندووە و بەربەستیان لە دەوروبەری شارەکە دروست کردووە تا میحوەرە لاوەکییەکان کە جارجارە خەڵکی ئاسایی و سووتەمەنیبەران لەوێدا تێدەپەڕن، بە تەواوی دابخەن.

بە وتەی شارومەندانی زاهیدان، ئێستا شاری زاهیدان زیاتر لە پادگان دەچێت و ڕێژیم بە شێوەی ''حکوومەت نیزامی'' هەڵسوکەوت دەکات، هەرچەند بە فەرمی هاتوچۆی شارومەندان قەدەغە نەکراوە، بەڵام بە کردەوە دۆخێکی توند لەلایەن دەزگا ئەمنییەتی و نیزامییەکان لەم شارە زاڵ بووە و کاریگەریی لەسەر ژیانی ئاسایی خەڵک داناوە.

جێگەی ئاماژەیە ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو کە بە ''هەینیی خوێناویی زاهیدان'' ناسراوە، لە شاری زاهیدان دوای نوێژی هەینی خەڵک ڕژانە سەر شەقام کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە تەقەیان لێ کرا و زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژران کە ژمارەیەکیان منداڵ بوون.