کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە پیرانشار کۆچی دوایی کرد

11:51 - 4 رەزبەر 2723

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی مامۆستا مەلا ڕەحمان عەلیزادە، ناسراو بە ''مەلا ڕەحمان خاڵدار'' لە پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد.

 مەلا ڕەحمان ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی لە ئاوایی کێلەسیپانی ناوچەی لاجانی پیرانشار لەدایک بووە.

ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، مامۆستا مەلا ڕەحمان وەک  کەسێکی نیشتمانپەروەر هاتە نێو ڕیزی خەباتکارانی حیزبی دێموکرات و لە هێزی ''مەلا ئاوارە''ی ئەوکات لە بەشی کۆمەڵایەتیی ناوچەی بەربنەی پیرانشار سازمان‌ درا.

مامۆستا کەسێکی خۆشەویست و خەمخۆری ناوچەی پیرانشار بوو، دواتر بەهۆی ژیان و گوزەرانی خێزانی و بارودۆخی ناوچە و داگیرکارییەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە ناچار بۆ ماوەی دوو ساڵ لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بووە و تا ساڵی ١٣٦١ لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا تێکۆشاوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی مەلا ڕەحمان، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.