ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری بۆکان، لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینادا، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی بەئەمەگ و چاونەترسی حیزبی دێموکرات لە شاری قارەمانپەروەری بۆکان، بۆ نووسینی دروشمی تایبەت بەو شۆڕشە وەکوو "ژن، ژیان، ئازادی" و کوردستان گۆڕستانی فاشیستان و شۆڕشی ژینا بەردەوامە، چالاکیی تەبلیغییان دژی ڕێژیم بەڕێوە برد و ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لە شۆڕش و سەرهەڵدان دژی ڕێژیم ڕاگەیاند.
شایانی باسە کە ڕێژیم لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا لە کوردستان، ترسێکی گەورەی لێ نیشتووە و زۆربەی ڕێگاوبان و شەقام و کۆڵانەکانی شارەکانی بە دووربین و کەرەستەی تایبەت و هێزی سەربازی تەنیوە و پێی وایە بەو شێوەیە دەتوانێ پێش بە سەرهەڵدانی خەڵکی کوردستان و ئێران بگرێ، بەڵام بەو حاڵەش خەڵک لە کوردستان بەردەوامن لە خۆ ئامادەکردن بۆ بەشداریی لەو شۆڕشەدا.