کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب: بە هاوخەباتی نەتەوەکانی ئێران و یەکخستنی وزەی خەباتگیڕیمان بە سەر کۆماری ئیسلامیدا سەردەکەوین

19:33 - 5 رەزبەر 2723

(پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب بەبۆنەی ساڵوەگەڕی هەینیی خوێناویی زاهیدان)

 

خەڵکی خەباتکار و چەوساوەی بەلووچستان!

گەلانی ئازادیخوازی ئێران!

یەکێک لە دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دەرخستنی هەرچی زیاتری هاوچارەنووسیی نەتەوە بندەستەکانی ئێران و لە ئەنجامدا پێویستیی هاوپەیوەندی و هاوخەباتیی زیاتری ئەو نەتەوانە لەگەڵ یەکتری بووە؛ کە بەرچاوترینیشیان پشتیوانیی نەتەوەی بەلووچ لە سەرهەڵدانەکانی کوردستان بوو کە هەر لە یەکەم دەرکەوتنەکانیشیدا هەینیی خوێناویی لێ کەوتەوەوە.

ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١ خەڵکی زاهیدان لە ڕەوتی بەشدارییان لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی"دا و و هەروەها لە کاردانەوە بە دەستدرێژیی فەرماندەیەکی هیزی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کچۆڵەیەکی تەمەن ١٥ ساڵی بەلووچ، بە شێوەیەکی تەواو مەدەنی و بەدوور لە توندوتیژی، خۆپێشاندانیان کرد. بەڵام خۆپێشاندانی مەدەنییانەی ئەوان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە فیشەک وەڵامی درایەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 100 خۆپێشاندەری بەلووچ کە منداڵیشیان لەنێودا بوو، شەهید بوون و دەیان کەسیش بریندار بوون و ئەم ڕۆژە بە هەینیی خوێناویی زاهیدان ناوبانگی دەرکرد.

بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان لە بەلووچستان لە یەک‌ساڵی ڕابردوودا سەلماندوویەتی کە ئەم سەرکوتە خوێناوییەش نەیتوانیوە دەنگی مافخوازانەی نەتەوەی بەلووچ کپ بکات و ئەم ناڕەزایەتی‌دەربڕینانە بەدرێژایی ساڵی ڕابروو زیاتر لە 50 هەینیی دیکەش بەردەوام بوون و لەو ماوەیەدا زۆرترین شەهید و قوربانییان لە ئاستی وڵاتدا هەبووە.

ڕووداوەکانی کوردستان، زاهیدان و هەروەها کوشتاری خەڵکی کاسپیەن (گیلان و مازەندەران) و خووزستان و ناوچەکانی دیکەی ئیران جارێکی دیکەش سەلماندیەوە کە پڕۆژەی دروستکردنی دەولەت نەتەوەی ئیرانی کە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە لە هەردوو دەسەڵاتی پاشەیەتیی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، لەسەر بنەمای سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی و تواندنەوەی زمانی و کولتووریی نەتەوە و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتە بۆ دروستکردنی یەک نەتەوە بە یەک ئاڵا و یەک زمانەوە، پڕۆژەیەکی شکست‌خواردووە. چونکی سەرەڕای تێچوویەکی زۆری ماددی و گیانی و پلانێکی سەد ساڵە بۆ یەکدەست‌کردنی نەتەوەکانی ئێران لە ڕێگای پەروەردە و پەرەپێدانی یەک زمان لە قوتابخانەکان و ڕاگەیاندنە گشتییەکان و دروستکردنی مێژوی ساختە و سڕینەوەی مێژووی نەتەوە ژێردەستەکان و نکۆڵیکردن لە جیاوازییەکان و سەرکوتی زمان و کولتووریان، ئەم نەتەوانە هەر زیندوون و شەپۆلی شوناسخوازی و خەبات بۆ مافە نەتەوەییەکانیان ئێستا لە هەموو کاتێک بەگوڕتر و بەهێزترە.

دەسەڵاتی ناوەندگەرا لە سەد ساڵی ڕابردوودا جیا لە سیاسەتی تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوەکانی ئێران، سیاسەتی دووبەرەکی‌نانەوەشی لەنێو ئەو نەتەوانەدا پەیڕەو کردووە و هاوکات هەموو هەوڵیان ئەوە بووە ڕوخسارێکی ناشیرین و دواکەوتووانە و خێڵەکی و بەدوور لە هەر جۆرە شارستانییەت و پێشکەوتن و پێشکەوتنخوازی و مەدەنییەتێک لە نەتەوەکانی نێو جوغرفیای ئێراندا، بە تایبەت لە دوو نەتەوەی کورد و بەلووچ پێشانی ئەوانیدی بدەن. بەڵام شۆڕشی ژینا (ژن، ژیان ئازادی) شۆڕشی پەراوێزی ژێردەستەکراو لەدژی پاوانخوازیی سیستمی ناوەندگەرای داگیرکەر بوو. شۆڕشێک بوو جارێکی دیکە شانازی بە شوناسی نەتەوەیی لەنێو نەتەوەکانی ئێراندا پەرە پێدا و ئەو ڕوخسارە دزێو و ناشیرینەشی کە حکوومەتەکانی ئیران لە نەتەوەکانیان دروست کردبوو بەیەکجاری لە مێشکی زۆرینەی خەڵکی ئیراندا سڕییەوە و ڕوخسارێکی ئازادیخوازانەی تێکەڵ بە خۆنەویستی و فیداکاریی لەم نەتەوانە پێشانی خەڵکی ئێران دا. هەر بۆیە نەتەوەکانی ئیران و بە تایبەتیش کورد و بەلووچ و کاسپیەن، جیا لەوەی ڕۆڵی سەرەکییان لەم شۆڕشەدا گێڕا و زۆرترین قوربانیشیان بۆ دا، دیمەنێکی جوان و شیاوی لێ‌فێربوونیان لە پشتیوانی و هاودەنگی و هاوخەباتیی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران پێشان دایەوە. لەم نێوەدا پشتیوانیی بەردەوامی نەتەوەی بەلووچ لە نەتەوەی کورد، لاپەڕەیەکی درەوشاوەی ئەو هاوپشتی و هاوخەباتییەیە کە بەدڵنیاییەوە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە بە ئەمەگدارییەوە سەیری دەکرێ و بەرز دەنرخێندرێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەموو کاتێک باوەڕی وا بووە، بەبێ هاودەنگی و هاوخەباتیی هەموو نەتەوەکانی ئێران، لەنێوبردنی دیکتاتۆری و دابینکردنی مافی نەتەوەیی نەتەوە ژێردەستەکان مسۆگەر نابێت، هەربۆیە هەموو کات هەوڵی بۆ هاوپەیمانی و هاوخەباتیی حیزب و لایەنە ئازادیخواز و دێموکراتەکانی هەموو نەتەوەکانی ئێران داوە و پشتیوانی یەكڕیزی و هاودەنگیی خەباتی نەتەوەکان لە نێوخۆی ئێرانیشدا بووە.

لە یەکەم ساڵوەگەڕی هەینیی خوێناویی زاهیداندا، جارێکی دیکە پێ لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و هاوخەباتی لە نێوان نەتەوەکانی ئێراندا دادەگرینەوە و یادی شەهیدانی هەینیی خوێناویی زاهیدان و هەموو شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی بەرز ڕادەگرین. جەختیش دەکەینەوە تەنیا هاوخەباتی و پشتیوانیی نەتەوەکانی ئێران و یەکخستنی وزەی خەباتگیڕییان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و هێنانەسەرکاری حکوومەتێکی دێموکراتیکی پلۆرال دەتوانێ کۆتایی بە سیاسەتی هەڵاواردن و سڕینەوە لەدژی ئەم نەتەوانە بهێنێ و ئاسەوارەکانی سەدەیەک سیاسەتی سەرکوت بسڕێتەوە.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری

٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢