لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینکراوانی ئێران و کوردستان، خانەنشینکراوان لەسەر داوکارییەکانی خۆیان پێداگرییان کردەوە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، لە شارەکانی "کرماشان، ئەهواز، شووش، ئێسفەهان و تاران" وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بارودۆخی نالەباری ژیان و ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانیان، وەک حەفتەکانی پێشوو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شاری "کرماشان" لە ناڕەزایەتی بە وڵامنەدانەوەی داواکارییەکانیان و بارودۆخی نالەباری بژێوی خۆیان جارێکی دیکە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و دژی ڕێژیم و گەندەڵی سیستماتیکی بەرپرسانی ڕێژیمەوە دروشمیان دا.
خانەنشینکراوانی کرماشان لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا درووشمگەلێک وەکوو: "خانەنشین هەستەوە دژی زوڵم و هەڵاواردن، وڵاتیان تاڵان کردووە ئێمەیان بەدبەخت کردووە، ئێمە ئەڵێین مووچە کەمە نان گران ئەکەن، گەندەڵی هەڵاوسان بەڵای گیانی خەڵک" و چەندین دروشمی تریان بەرز کردەوە و خوازیاری پێڕاگەیشتن بە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بوون.
هەر لەو پێوەندییەدا، لە شارەکانی ئەهواز، شوش، تاران و ئیسفەهان، خانەنشینانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە بەردەم سندووقی خانەنشینیی شارەکانیان کۆ بوونەوە و جگە لەوەی داوای چارەسەرکردنی داواکارییەکانیان دەکرد، دژی گەندەڵی و هەڵاواردنی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران درووشمیان وتەوە.
زیاتر لە دە حەفتە بەسەر دەسپێکی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان لە بەرامبەر بارودۆخی سەختی بژێوی و گرینگینەدان بە داواکارییەکانیان تێدەپەڕێت، بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەک هەر وڵامی داخوازییەکانیانی نەداوەتەوە، بەڵکوو لە چەند حاڵەتدا ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەی سەرکوت کردووە.