کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی دڕۆنیی ڕێژیمی ئێران، گەمارۆی خستە سەر چەند کەس و دامەزراوەوە

10:33 - 6 رەزبەر 2723

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ٥ دامەزراوە و دوو کەسی لە ئیران، چین، تورکیە، ئیمارات و هۆنگ کۆنگ بەهۆی یارمەتیدانی بەرنامەی دڕۆنیی کۆماری ئیسلامی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، کەس و دامەزراوە سزادراوەکان بەشێک لە تۆڕێک بوون کە لە گواستنەوەی پارچەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید-١٣٦ بۆ ئێران و مامەڵە داراییەکانی پێوەندیدار بەو بابەتە، ڕۆڵیان هەبووە.
بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی خەزێنەداری، ئەو مۆتورانەی کە لەلایەن ئەم تۆڕەوە بۆ ئێران دابین کرابوون، لەم دواییانەدا لەنێو دڕۆنەکانی ڕووسیە کە لە ئۆکراین خراونەتە خوارەوە، دۆزراونەتەوە.
شیرکەتی "پیشگام ئێلکترۆنیک سەفە" لە ئێران و حەمیدڕەزا جان قوربانی بەڕێوەبەری شیرکەتەکە، شیرکەتی "هایمارک" لە هۆنگ کۆنگ و شیرکەتی کۆفرۆشی فەرهاد قائیدی لە ئیمارات، لەو دامەزراوە و کەسانەن کە سزا دراون.
بەپێی ئەو سزایانە، دەبێ دەست بەسەر سەرجەم سەروەت و سامانی ئەو کەس و دامودەزگایانە لە ئەمریکادا بگیردرێت و ڕاپۆرتەکەی بە وەزارەتی خەزێنەداری بدرێتەوە.